ژن بوون و چەمچەماڵ

لە رووداوی کوشتنی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ کە بەدەستی باوکیان کوژان جارێکیکە راستی ژنبوونیان هێنایەوە بەرچاو زیهنی هەمووان ژن هەرچەندە باوک و برای خۆی هەبێت دەوڵەت و پەرلەمانی هەبێت، لە راستیدا ئەو ژنە لە راستی ژن بوونیدا خاوەنی هیچ ناسنامەیەک نیە و تەنهایە.

لە مێژوودا ژن هەمیشە لە ناو سنوردا ژیاوە، ئەو سنورەش لەلایەن پیاوانی دەسەڵاتدار لەسەر ناو و سنامەی ژن دروستکراوە ژن هیچکات نەیتوانیوە ئەو سنورە بشکێنێت، کاتێک ژن ئەو سنورە بشکێنێت هەموو رێگاکان بە روویدا گیراون . ئەگەر ژن بیەوێت بە ئیرادەی خۆی بە ناسنامەی ژن بوون ژیان بکات لە ژێر ناوی یاسایی ماڵ، یاسای دەڵەت، یاسایی کۆمـەڵگا بە بیانووی ناموس و ئەخلاق روو بەرووی دەسەڵاتی پیاو سالاری دەبێتەوە.

لە راستیدا کێشەی ناسنامەی ژن زۆر پارچە پارچە بووە هەروەها ئەم کێشەیە لە ناو کۆمەڵگەدا باش وێنا ناکرێت کاتێک ژنێک رووبە رووی هێرش دەبێتەوە یان دەکوژرێت نابێتە بابەتێکی ناسنامەی ژن، بەڵکو دەبێتە ناسنامەی نامووس، ناسنامەی دابونەرت یان دەبێت بە بابەتی خۆکوژی، یاخود هەرگیز نابێت بە بابەت چونکە ژن نییە ئایا بابەت چۆن دبێت؟ لەسەر کەسێک کە نەبوو بێت بابەت چۆن دروست دەبێت؟

وشەی (ناموس) لە ئیتمۆلۆژیدا واتا و رەگوریشەی خۆی لە نۆمۆس (NOMOS) وەردەگرێت نۆموسیش بە واتای یاسایی کۆمەڵایەتی هاتووە ئەو یاسایە ئیرادەی ژن و سروشتی ژن قبوڵ ناکات، وەک موڵک و کەرەستەیەک وەک یاسا و پەیمانێک لە پیاو سالاری لەسەر ژن چێندراوە.

راستی ئەم یاسایە لە ژێر ناوی خۆشویستن، دڵسۆزی، خاوەنداری، شەرەف و ئەڤینداریدا دەشاردرێتەوە. کاتێک پیاو دەڵێت ئەمە کچی منە، ژنی منە، خوشکی منە دەبێت لە بەرامبەر ئەو ژنە رێزدار بێت، ئیرادەی ئەو ژنە قبوڵبکات ئەو مافەی بۆ خۆی رەوایە پێویستە ئەو مافە بۆ ژنیش هەمان رەوایەتی هەبێت گەر خۆشیدەوێت دەبێت ئەو مافە بۆ ژنیش قبوڵ بکات، ژن بە هێندەی پیاو ئەقڵی هەیە وەک پیاو دەزانێت چی هەڵە و چی راستە بۆیە مافی پیاو نیە کە لە ژێر ناوی ناموسدا ژن، خوشک، هاوسەر یان خۆشەویشتی خۆی بکوژێت یان بیخاتە ناو قەفەس چونکە ئەمە لە زیندانی کردنی ژن زیاتر شتێکی دیکە نیە. بۆیە پێویستە پیاو خۆی نەخەڵەتێنێت گەر دەرفەت بۆ ژن وەکو پیاوان هەبێت ئەویش بە هێندەی پیاوان ئاقڵ و بەهێزە.

لە جیهاندا وەک لە زۆر دەوڵەتاندا و لە وڵاتی ئێمەشدا لە کارگەیەکی بچوک هەتا پەرلەمان ژن کاردەکەن، هەندێک لە پیاوان دەڵێن ژن هەموو شتێکی هەیە سەیارە، ماڵ، کار ئایا ژن چیتریان دەوێت؟ بەداخەوە لێرەدا پیاو خۆی دەخەڵەتێنێت.

ئایا بەراستی هەرشتێک بۆ ژن هەیە؟ مرۆڤ دەوانێت خۆی بخەڵەتێنێت، بەڵام دەبێت بزانێت هەمووکەسێک ناخەڵەتێت. بۆ ئەوەی بتوانین بڵێیین ژن هەموو شتێکی هەیە دەبێت قبوڵی بێت ژن هێندی پیاوان بە ناسنامەی ژن بوون بژی.

ژن دەبێت بە هەرشت بەڵام نابێت بە ژن
لە رۆژی ئەمرۆدا چۆن لە زۆر وڵاتان و هەتا دوێێش لە بەرامبەر رژێمی بەعس کورد دەبوون بە هەمووشتێک بەڵام نەیان دەتوانی ببن بە کورد ئەمرۆش هەموو ژن کوردە. هەموو شتێک ناسنامەی خۆی هەیە بە ناسنامە قبوڵ دەکرێت، بەڵام ئایا ژن وەک مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە ناسنامەی هەیە؟ ئەگەر ناسنامە نەبێت ژنیش نابێت. ئێستا کەس دەتوا نێت بڵێت ژن ناسنامەی خۆی هەیە و بە هێندەی پیاوان ئازادە؟ ئەگەر نەتوانین بڵێن بەڵێ ئەوکات ئێمە ناتوانین بڵێین ژن هەموو شتێکی هەیە و ژن ناسنامەی هەیە و ژن دەبێت بە هەموو شت، چونکە ژن نیە گەر ژن نەبێت چۆن دەبێت بە هەموو شت؟

شتێکی نەبوو ژێر خۆڵکران
لە چمچەماڵ دوو ژن کوژران بەو شێوەیەی کوڵستان محەمەد، لە پەرلەمانی کوردستان باسی لێوە کرد کوژرانی دووخوشک (بە هۆکاری کێشەی کۆمەڵایەتی) لەلایەن باوکیانە و پاشان دیار نەمانی باوکیان لە سنوی قەزاکەدا و داڵدەدانی بکوژانی ژن لەلایەن دەسەڵات داران و بەرپرسانی حزبییەوە لە کوردستاندا، ئەمە چی بە ئێمە دەڵێت؟

دوو ژن لەلایەن پیاوێکەوە بەبیانووی پاراستنی (شەرەف و ناموس) کوژران، ئەو پیاوە کێیە زۆر گرنگ نییە دەبێت باوک بێت یان برابێت جیاوزی نییە پیاو پیاوە و ژنیش ژنە، بەناوی باوک و برا ژن کوشتن رەوا نیە ئەوە مافی کەس نییە ژیان لە کەسێکیکە وەربگرێتەوە.

پەرلەمانی کوردستان بۆ چارەسرکردنی کێشەی خەڵکو کۆمەڵگا دروستبووە ئەگەر پەرلەمان بەدوای کێشەیەکی وادا نەچێ و چارەسەری نەکات ئەو پەرلەمانە چۆن دەبێت بە نوێنەرو خزمەتکاری خەڵک؟ ئێمە دەزانین پەرلەمان لە نوێنەری سەرجەم حزبەکان پێکهاتووە و دەڵێن ئێمە نوێنەری گەلین، هەر لەبەر ئەوەشە دەبێت پەرلەمان ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، چونکە ئەو پەرلەمانە پەرلەمانی ئەو دوو خوشکەش بوو پێویست بوو مافی ئەو دوو خوشکەی بپاراستایە بەر لەکوژرانیان و دوای کوژانیشیان لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لەو تاوانە دروست بکرایە، بەڵام بەداخەوە پەرلەمان ئەو ئەرکەی خۆی جێبەجێنەکرد هۆکاری جێبەجێنەکردنەکەشی هەمان بەهانەی نامووس بوو چونکە ئەو کچانە وەک ژن وەک موڵکێکی ئەو باوکە دەبینران. ئەو شتەی کە منی زۆر ئازاردا هەڵوێستی سەرۆکی پەرلەمان بوو کاتێک لە دانیشتنی پەرلەمان بە کوڵستان محەمەدی وت ئەم باسە باسی ناو پەرلەمان نییە! دەبێت دەنگمان بەرینە کوێ و بۆلای کێ برۆین؟ لەوێ سەرۆکی پەرلەمان وەک ژنێک بەناسنامەی ژنەوە سەرۆکایەتی دەکات ژنێک کە پێویست بوو پێش هەر کارێک مافی ژنی بپاراستایە تاکو چیتر ژن لە ژێر ناوی شەرەف و نامووس یان کێشەی کۆمەڵایەتیدا نەکوژرێت دەبوو مافی ئەوانی بپاراستایە، لێرە وتنێکی بنڤیربوتو بەبیرم دێنێتەوە زۆر کەس بنڤیربوتو دەناسێت بە جیاوازی نەڵێین ئەو وەک ژنێک زۆر کاری جیاوازی ئەنجام دا هەتا بوو بە سەرۆک وەزیرانی پاکستان، بەڵام دواجار بنڤیربوتو دەڵێت من بووم بە هەر شتێک بووم بە سەرۆک وەزیرانیش بەڵام نەبووم بە ژن.

ئایا سەرۆکی پەرلەمانی ئێمەش وا دەڵێت؟ بۆ من زۆر مەراقە کاتێک لەسەر ئەو کورسییە دادەنیشێت ناسنامەی ژن بوونیش لەگەل خۆی دەبات یان بەرلەوەی بچێتە سەر کوردی پەرلەمان ناسنامەی ژن بوونی دەخاتە ناو جانتاکەی ولە چەکمەجی ژێر قاچەکانیدا دادەنێت؟ ئێمە دەزانین کە هەر پیاوێلکی سەرۆک کاتێک دەچنە سەر کورسی دەسەڵات ناسنامەی پیاو سالاریش لەگەڵ خۆیان دەبەن. لەبەر ئەوە یەکسانی ژن و پیاو لە وتن و کرداری ئەواندا نییە ئەوەش زۆر ئاشکرایە ئەگەر سەرۆک پەرلەمانی ئێمەش بەناسنامەی ژن لە سەر کورسی دەسەڵات بێت ئەرێنی بێت یان نەرێنی ئێمە دەتوانین بڵێین کە یەکسانی ژن و پیاو لەو ئاستەدا پێک دێت ئەوکات دەتوانین بڵێین بەگوێرەی ئەقڵی سەرۆکی ئێمە ژن و پیاو یەکسانن جیاوازی لەنێوانیاندا نییە بە وتنێکیکە (هەموو مرۆڤین) بەڵام ئەگەر سەرۆکی ئێمە ئەو ناسنامەی ژنبوونە پێش چوونە سەر کورسی پەرلەمان بخاتە ناو جانتای خۆییی و هەڵیبگرێت ئەوکات ئێمە ناتوانین بڵێین سەرۆک پەرلرمانەکەمان ژنە.

هاوژین زیبا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا