ئازادی لە سەردەمی دەرنەبڕیندا!

‎رێبوار كەریم وەلی
‎لە كاتێكدا كە پەتای كۆڕۆنا و قەیرانی دارایی و متمانە بە دەسەڵات، تەنگی بە هاووڵاتیان هەڵچنیوە، ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەنوسی، دەربڕینی ناڕەزایەتیی گشتی و تاكەكەسی و، جیاوازیی بیروڕا لە لایەن دەسەڵاتەوە كراوەتە ئامانج.

‎كارنامەی حكومەتی هەرێم كە متمانەی لە پەرلەمان و حزبە بەشداربوەكان وەرگرتووە، بە كەمترین وشە باس لە ئازادیی ڕادەربڕین و رۆژنامەنوسی دەكات. لە ماوەی رابردووشدا، ئەو پرۆژە یاسایانەی كە لە مەتبەخی حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمان دەكرێن، لەژێر ناوی (رێكـ ـ خستن)ەوە، مەودایەكی ئەوتۆیان بۆ هیچ سەرەقوتەیەك نەهێشتۆتەوە.

‎ هەرچییەك كە بەدڵی دەسەڵات نەبێ لە سێ حاڵەت بەدەر نابێ.
‎یەكەم، دەربڕینی ناڕەزایەتی یەكسانە بە هاندانی خەڵك بۆ توندوتیژی و پێشێلكردنی رێنماییەكان كە ئەگەر شكی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی سلێمانیت لێبكرێ، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەتگرێتەوە.

دووەم، ئەگەر باس لە نەبوونی ئازادی، ئەدای خراپی حكومەت و گەندەڵی بكەی، ئەوكاتەش بە تۆمەتی ناوزڕاندن راپێچ دەكریێ.

سێیەمیش لێرە بەولاوە باسكردنی رابردوو دەبێتە بێڕێزی و سوكایەتی بە رەمز و پیرۆزییەكان كە تەنانەت ئەگەر پرۆژەكەش نەبێتە قانون، تا ئەوكاتە قانونێكی دیكەی بۆ دەبیننەوە.

‎هەر سێ حزبە سەرەكییەكەی دەسەڵات كە كێشەیان لەگەڵ دەرەوە و ناوەوەی خۆیان هەیە، پێیانوایە دەتوانن لەو رێگەیەوە رای گشتی بەرزەفت بكەن، بەڵام لە راستیدا ئەو كۆتوبەندانە، بە فیعلی پاڵنانی خەڵكە بۆ ئەو ئاراستەیەی كە خۆیان لێیدەترسن.

ئازادی لە كوردستان نە موڵكی حزبە سیاسییەكانە و نە میراتێكە لەسەریان تاپۆ كرابێ! بگرە بەرهەمی قوربانیدانی هەزاران گەنج و پیری ئەم وڵاتەیە و هیچ پاساوێك ناتوانێ سنورداری بكات، مەگەر ئەوەی كە دەسەڵات بتوانێ قەرەبووی ئەو مێژووە بۆ خەڵك بكاتەوە كە ئەوەش مەحاڵە.

‎ئازادیی بێ ناوەرۆك و كۆتوبەندكراو بە قانونی جۆراوجۆر، كۆمەڵگا و حوكمڕانی لە بنچینەی سەرەكیی مافەكانی مرۆڤ دور دەخاتەوە. گرتن و راوەدونانی چالاكوان و رۆژنامەنوسان، دروستكردنی لەشكرێك لە قەڵەمی موالی بۆ بێڕیزی بە جیاوازئەندێشان، بۆمبێكی تەوقیتكراوە كە بە ئاشتیی كۆمەڵایەتیدا دەتەقێتەوە هەموو رێگرییەك دەرفەتێكە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەكی دیكە.

‎كۆمەڵگە و دەسەڵاتێك كە لای خەڵك بانگەشەی ئازادی بكەن، دەبێ ئەو ئازادییە بۆ دەربڕین بێت، لەهەر شوێنێك ئازادییەك هەبێ، بۆ دەربڕینە و دەربڕینیش تاوان و سەرپێچی نییە. لەهەر شوێنێكیش دەربڕین تاوان بوو كەواتا ئازادی درۆیەكی شاخدارە!

رێبوار كەریم وەلی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا