نەوت داهاتووی عێراق نییە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
“داهاتووی ئابووری وڵاتەكە پشت بەوزەی كارەبا دەبەستێت نەك نەوت، ئەمە قسەی لوئەی خەتیب وەزیری پێشووی كارەبای عێراقە.

لوئەی لە وتارێكدا بۆ گۆڤاری فۆراین پۆلیسی باسی لەوە كردووە، لەماوەی ئەو ١٨ مانگەی لەپۆستی وەزیری كارەبادا بووە لە تشرینی یەكەمی ٢٠١٨ بۆ ئایاری ٢٠٢٠، لەگەڵ تیمەكەیدا كاریان لەسەر ئەوە كردووە پەرە بەكەرتی كارەبا بدەن وەك كەرتێكی زیندوو لەپێناو سەقامگیربوونی عێراق لەدوای شەڕی دژی داعش بەجۆرێك لەمەودایەكی دووردا عێراق ببێتە ناوەندێكی هەرێمیی بۆ وزە.

بەپێی قسەی شارەزایانی كەرتی وزە، عێراق بەدەست قەیرانی سەختی كەمی كارەباوە دەناڵێنت، بەجۆرێك یەكێك لەداواكارییە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەرانی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ خزمەتگوزاری كارەبا بوو.

عێراق بەدەست قەیرانی سەختی كەمی كارەباوە دەناڵێنت

لەماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ هەتا ٢٠١٤ ئەو پارەیەی لەبواری بەرهەمهێنان و دابەشكردنی كارەبادا خەرجكراوە بە ٧٨ ترلیۆن دیناری عێراقی مەزەندە دەكرێت، بە بێ ئەوەی هیچ چاكسازییەكی بەردەست لەو بوارەدا بەدیهاتبێت، كە هاوتەریبی ئەو ژمارە زەبەلاحە بێت.

لوئەی خەتیب جەخت لەوە دەكاتەوە وەزارەتەكەی بەدوای راپەڕینێكی وزەدا دەگەڕا، بەپێی قسەكانی لوئەی، سیاسەتی گەشەپێدانی نیشتیمانی ئامانجی بەگەڕخستنی ٣٠ ملیار دۆلاری ساڵانەی تێچووی بەهەدەرچوو بووە لەكەرتی وزە و كاركردن بووە بۆ هێنانەدی سەقامگیری و بوژانەوەی ئابووری.

ئاماژەی بەوەشكرد، كەرتی وزە لەعێراق بەدەست چەندین كێشەوە دەناڵێنێت، لەدیارترین كێشەكانیش بیرۆكراتییە ئاڵۆزەكانی وڵاتەكەیە بەپشت بەستن بەچارەسەری تەكنیكی ناكارا و كورتمەودا لەجیاتی چاكسازی راستەقینە و دوورمەودا.

كەرتی وزە لەعێراق بەدەست چەندین كێشەوە دەناڵێنێت

بەپێی قسەی لوئەی، بێتواناییەكی درێژخایەن باڵی بەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی كەرەستەی خاوی سوتەمەنی و وزەكانی دیكەدا گرتووە، بەجۆرێك كەرتی كارەبا لەعێراق رووبەڕووی ئەجێندای دژبەیەك دەبێتەوە لەلایەن كۆمەڵەیەكی بەرفراوانی سیاسییەكانی وڵات، ئەو بابەتەش تێڕوانینی نیشتمانی بەڕێوەبردنەكە لاواز دەكات و عێراق نقومی گەندەڵی دەكات.

لەبارەی چارەسەری قەیرانی كارەباوە لوئەی كاری بۆ ئەوە كردووە نەخشەیەك دابنێت بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان داواكارییەكانی وزە لەعێراق و ئامانجەكانی سەقامگیری وزە، كە رەنگە تا ساڵی ٢٠٣٠ بەدیبێت.

بەپێی نەخشەكەی لوئەی، عێراق رزگاری دەبوو لەپشت بەستن بە ئێران وەك سەرچاوەی سەرەكی كارەبا، هاوكات سودی لەپەیوەندییە هەرێمییەكانی وڵاتەكە دەبینی بۆ دروستكردنی پشت پێبەستنێكی بەرفراوان لەنێوان عێراق و سەرچاوەكانی دیكەی كارەبا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوكات، عێراقی دەكردە ناوەندی وزە و بازاڕی خزمەتگوزاری لە ناوچەكە.

بەپێی نەخشەكەی لوئەی، عێراق رزگاری دەبوو لەپشت بەستن بە ئێران وەك سەرچاوەی سەرەكی كارەبا

وەزیری پێشووی كارەبا جەختی لەوەش كردەوە، سەقامگیری عێراق بەشێكی دوانەهاتووە لەئاسایشی جیهانی و پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پاڵپشتی هەوڵەكانی وڵاتەكە بكات بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری وزە لەپێناو پتەوكردنی ئاسایشی هەرێمیی.

لوئەی دەڵێت: سەقامگیری عێراق یارمەتی ئاسایشی وزە و ئابوری جیهان دەدات، نابێت بەدیهێنانی ئاسایشی دوورمەودای وزە تەنیا كاری لەپێشینەی عێراق بێت، بەڵكو پێویستە بەشێك بێت لەهەوڵە بەرفراوانەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق.

لوئەی خەتیب وەزیری پێشووی وزە لە كۆتایی قسەكانیدا باسی لەوەكرد، لەگەڵ بەردەوامبوونی جیهان لەرووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە ئابوورییانەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هێنایە ئاراوە، یارمەتیدانی عێراق لەڕووی وزەی كارەباوە دەبێت یەكەم هەنگاوی هەوڵە بەرفراوانەكانی جیهان بێت بۆ بنیادنانی داهاتوویەكی نوێ.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا