نامەكەی بلفۆرو نامەكەی تیلەرسن

دوورۆژی دیكە سێ‌ ساڵ بەسەر دەرەنجامی راپرسیەكەی خەڵكی كوردستان تێدەپەڕێت، ئەویش پەلاماری هێزە جیاوازەكانی عیراق بوو بۆسەر هەموو ناوچە دابڕێنراوەكان و سەرەنجام كەركوك و زۆربەی ئەو شوێنانەی پێشتر هێزی پێشمەرگە رزگاریكردبوون و لەتیرۆرستانی داعش دەیپاراست، لەرووی سەربازییەوە كەوتەوە دەست بەغدا.

دەكرا پرۆژەی راپرسی لەبری ئەو لێكەوتە خراپەی لێكەوتبایەوە، دۆزی كوردی پێش خستبا. ئەویش بەقەبوڵكردنی ئەو بەدیلەی كە ئەمریكا لەنامەیەكی رەسمیی بۆ بەشێك لە سەركردایەتی ئەوكاتەی كوردی رەوانەكرد.

ئەگەر ئەو بەدیلە قەبوڵكرابا، بەدڵنیاییەوە ئێستا كوردستان لەقۆناغێكی دیكەی رزگاریی نیشتیمانیی بوو. ئەو نامەیە گرنگترین بەڵگەنامەی رەسمیی و پەیمانی ئەمریكایە لەمێژوودا، بۆ چارەسەری كێشەكانی كورد لەم پارچەیەی كوردستان.

جیاواز لەهەموو نامەو بەڵێنێكی ئەمریكا، نامەكەی ریكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دوو خاڵی گرنگی تێدا پێویستە تیشكی بخەینەسەر. یەكەمیان: لەنامەكەدا میكانزمی جێبەجێكردنی ئەو پەیمانەی دەستنیشانكردبوو بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 و كێشەكانی دیكەی وەك دەسەڵاتەكانی هەرێم و دابەشكردنی سامان و پرسی پێشمەرگەو دەسەلاتی فرۆكەوانیی و..تد

دووەمیان: لەو نامەیەدا سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێكردنی ئەو پەیمانە دەستنیشانكرابوو. لەبەرامبەر ئەو پەپمانەدا كورد تەنها یەك ساڵ چاوەڕێ بكات. ئەگەر نەتوانرا جێبەجێبكرێت ئەوا رێگاو دەرگای دیكە لەبەردەم كورد واڵا دەبێت.

لەلایەكی دیكە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە 20ی ئەیلولی 2017 واتە تەنها پێنج رۆژ پێش بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لەبەیاننامەیەكدا دوای جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ریفراندۆمەكەدا نییەو دانیپێدا نانێت.

خاڵێكی زۆر گرنگ ئاماژەی پێكراوە ئەویش دەڵێت “ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هانی سەركردەكانی كوردی عیراق دەدات بۆ ئەوەی بەدیلەكە قەبوڵ بكەن” لەو بڕگەیەدا دڵنیادەبینەوە كە ئەمریكا نامەیەكی رەسمیی وەك بەدیل بۆ كورد پێشنیار كردووە.

تكا لەكورد دەكات قەبوڵی بكات. ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە ئەو بەیاننامەیە جارێكی دیكە تەئكید دەكاتەوە لەسەر ناردنی نامە رەسمییەكەی تیلەرسن. بۆیە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوە ئەو قسەیە بەتاڵ دەكاتەوە كە دەگوترا “نامەكە رەشنوس بووە” ئەمە سەرباری ئەو راستییەی كە “نامەی رەشنوس” لەئەدەبیاتی سیاسیدا بوونی نییە. لەوە واوەتر، ئەو نامەیەی بەناوی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ بەشێك لەسەركردایەتی كورد رەوانەكرا، كورد خۆی لەنوسینیدا بەشداربوو، واتە رەشنوسەكەی لەلایەن كوردەوە ئامادەكرابوو. هەریەكە لە (قوباد تاڵەبانیی و نێچیرڤان بارزانیی و فوئاد حوسێن) لیژنەیەك بوون بۆ نوسینەوەی ئەو رەشنوسە! واتە كورد بۆخۆی نامەكەی نوسی و بۆخۆیشی رەتیكردەوە كە ئەمە لەمێژوودا رووینەداوە، نامەیەك خۆت بینوسیت و خۆشت رەتیبكەیتەوە.

رەنگە نامەیەكی وەك ئەوەی تیلەرسن ناردی و ئەو پەیمانەی بەكورد درا، نە ئەمریكاو نەهیچ وڵاتێكی خاوەن نفوزو هێز بەهیچ گەلێكی نەدابێت. پەیمانی بەلفۆر كە بریتانیا بەجولەكەیدا تەنها یەك دێڕ بوو ئەویش (ئارسەر بلفۆر) وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە لەنامەیەكدا كە بۆ لۆرد لیونێل ریچەڵد-ی ناردووە پەیمانی دروستكردنی دەوڵەتێك بۆ جولەكە دا. بێئەوەی میكانزم و سەقفی زەمەنی لەخۆ گرتبێت. دوای 30 ساڵ دەوڵەتیان بۆ دروستكرا.

كەچی پەیمانەكەی ئەمریكا داوای چاوەڕوانی تەنها یەك ساڵی لەسەركردایەتی كورد، بەڵام رەتیانكردەوە! ئەو ساڵەی ئەوان چاوەڕێیان نەكرد، دۆزی كوردی بۆ دەیان ساڵ گەڕاندەوە دواوە. زیانی یەك سەدە خەباتی بەكورد گەیاند.

سەرتیپ جەوهەر

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا