ئەوەی لە یادی ساڵڕۆژی شازدەی ئۆكتۆبەردا ڕوویدا، بەتایبەتی وتارەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، كە لێوانلێو بوو لە ڕق و كینەو داخلەدڵی بەرانبەر بە تۆ، وەڵامی تیمی وەزاریی پارتی لە حكومەت، كە سی و یەكی ئاب بەپیرۆزو شازدەی ئۆكتۆبەر بە خیانەت ناو دەبات.
ڕاگەیاندنی مەكتەبی سیاسی پارتی، كە قەتماغەی برینی كۆن و نوێی هەڵدایەوە، ئەمانەو دەیان شتی تر، كە لە دوای كۆنگرەی چوارەوە بە تۆی دەكەن، ڕاشكاوانەو بێ هیچ پێچ و پەنایەك پێت دەڵێن: تۆ ئاسنی ساردی تەبایی و یەكڕیزی دەكوتی، پێت دەڵێن دوو ڕێگەت لە پێشەو سێیەمیان نییە :
یەكەم: خۆت تەسلیم بە ئەمری واقیعی ناوخۆیی حیزبەكەتو پێشەوایەتی پارتی و سیاسەتی بە تاڵانبردنی نەوتفرۆشی و پەیوەندییە ژێر بە ژێرەكانی لەگەڵ توركیاو كازمی و ئەوانی تر بكەو بچۆ ژێر باری قەرزی بیستو هەشت ملیار دۆلار و نەبوون و لێبڕینی موچەو قوتی خەڵكی ستەمدیدەی كوردستانو ڕازیبە بەچەندبارەبوونەوەی جینۆسایدی یەزیدییەكان و لێدان و وەدەرنانی برا كوردەكانی شەنگار پارێزی باكورمان.
ئەو كاتە یەك سەرۆكمان دەبێتو پێشڕەوی كورد پارتی دەبێت و سەرۆكیشمان بارزانی، دونیا دەبێتە شامی شەریف و لە ژێر ئاڵای زەردی پارتیدا چاوەڕوانی هەرەسێكی تر دەكەین و سلێمانیش دەبێتە سوخرەكێشی ئالی عوسمان .
دووەم: بێ سڵەمینەوەو ڕاڕاییو دودڵی، بە پشتبەستن بە هەزاران گیانفیدای یەكێتی و سۆزی كوردانی پارچەكانی تری كوردستان و ئەو عێراقیانەشی سیاسەتی پارتیان پێ قبوڵ ناكرێت، لامەركەزییەتی سیاسی و ئیداری، كشانەوە لە پەرلەمان و حكومەت، هەتا ئەگەر زیندوكردنەوەی سنوری دێگەڵەش بخوازێت ڕابگەیەنە.
بەڕاستی ئیدی ئەو هەموو پەلامارو ئیهانەكردنەی یەكێتی دەبێت بەس بێت و ئەلفێكیش بێت بۆ تێگەیشتنی سەركردایەتییەكەی لە پارتی .
سەمەد زەنگەنە