یەكێتی لەپاشەكشەدایە؟

بۆ زانینی هۆكارەكانی پاشەكشەی هەر حیزبێك پێویستە بگەڕێینەوە مێژووی ئەو حیزبەو پاڵنەرەرەكانی ئەو پاشەكشەیەو هۆكارەكانی:

یەكەم: هۆكارە دەرەكییەكان
ئەگەر هۆكارە دەرەكییەكان لە ڕابردوودا كاریگەری و پاڵنەرێك بووبن بۆ لاوازكردنی (ی.ن.ك)، ئەوا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا نەك هەر ڕاست نین، بەڵكو بیانویەكی لاوازن بەدەست سەركردەو سیاسەتی (ی.ن.ك)ەوە.

ئەگەر دوێنێ دەمانگوت لەبەر ئەوەی یەكێتی نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی كوردە لەوەدەستهێنانی خواست و داواكاری و هیواو ئاواتەكانی، (كە هەرواش بوو)، بۆیە لە هەموو لایەكەوە دژایەتی دەكرێت و پلان و پیلانی لە دژ دادەڕێژرێت.

خۆ ئەمڕۆ ئەو قۆناغە تێپەڕیوەو یەكێتی بونێكی كاریگەری واقیعی گۆرەپانی سیاسی عێراق و ناوچەكەیە.

ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی، بە واتایەكی دی پلان و پیلانی پارتی بەرانبەر بە یەكێتی :
ململانێ و دژایەتی و دوژمنایەتی نێوان ی.ن.ك و پ.د.ك ململانێیەكی ناواقیعی و نالۆژیكی دەیانساڵەی ژیانی كۆمەڵگەی كوردەواری بووە، ئامانج لەو ململانێیەش كۆنترۆڵكردنی زیاتری جەماوەرو مۆنۆپۆڵكردنی زیاتری دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری بووە، بە تایبەتی لە لایەن پارتییەوە.

ئەنجامەكەشی لەدەستدانی ناوچەیەكی فراوان و نفوزێكی بێشوماری یەكێتی بوو .پاشان ڕككەوتننامەی ستراتیژی نێوانیان ئەو دابەشكردنەی كرد بەئەمرێكی واقیع و چەسپاو، ئێستەش سیاسەتی پەرتكەو زاڵبەی پارتی هەر بەردەوامە .

دووەم: هۆكارە ناوخۆییەكان ، یان خوودییەكان .
ئەو هۆكارە خوددیانەش دەكرێن بە دوو بەشی سەرەكییەوە.
یەك: ململانێیی نێو خودی (ی.ن.ك )و جیابوونەوەی ئەو ژمارە زۆرەی سەركردەو كادیرانی یەكێتی، كە بە بۆچوونی من هۆكاری ئەوەش بۆ: ململانێی وەدەستهێنانی دەسەڵات و نفوزی زیاتری سەركردەكان دەگەرێتەوە.

دوو: پەتای كوشندەی تەكەتولی نێوان سەركردەكانی یەكێتی، هێندەی تر لاوازییەكەی چەسپاندووە، كە نە پەیمانی ئاكارو نە كۆنگرەش چارەسەری بۆ نەكراو بنەبڕی نەكرد.

سێ: پێكهاتەو بونیادی (ی.ن.ك)، ئەو ستروكتورەی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لەسەر جیاوازییەكان دروستبووە خۆ ئەگەر لەسەر بنەمای تیۆریا سیاسییەكانی كاری سیاسی و دیموكراسی شرۆڤەی بوونی ئەو جیاوازییانە بكەین دەتوانین بڵێین كۆبوونەوەی ئەو دیدو بۆچوون و بییرە جیاوازانە لە ژێر چەتری یەكێتیدا دەبوایە هۆكارێك بن بۆ گەشەو پێشكەوتن‌و فراوانكردنی بنكە جەماوەرییەكەی، بەڵام بەدرێژایی مێژوی خۆی كێشەی یەكێتی لە ئیدارەدانی دیموكراسیانەی جیاوازییە فیكری و دیدوبۆچون و بەرژەوەندییە تێكچڕاواندا بووە . هەڵكردن و پێكەوەگونجانی جیاوازییەكان لوتكەی شارەزایی كاری حیزبییە لە جیهاندا. بەڵام لە یەكێتی داو لە زۆربەی جارەكاندا دیدە جیاوازەكان جیابوبەتەوەو كەرتكردنی یەكێتی بەدوای خۆیدا هێناوە.

چوار: ئایدۆلۆژیەكەی یەكێتی، (سۆشیالدیموكات) ، كە لەماوەی ئەو ساڵانەی ڕابردوودا ئیلهامبەخشی بەرنامەو كارەكانی ی.ن.ك بووە هەتا ئێستاش ناڕوونی و تەمو مژاوی پێوە دیارە، بە واتایەكی دی زۆرینەی كادرو سەركردەكانی یەكێتی پێناسەو ئامانجەكانی سوسیالدیموكراسی ناناسن وەكو ئایدۆلۆژیایەك ڕۆنەچۆتە قوڵایی هزریانەوەو ڕەنگدانەوەی نیە لە كارەكانیاندا چونكە ئەو شتەی نەناسرێ پێناسە ناكرێت ، كاری سیاسی ڕاهێنانی جەماوەرە لەسەر بنەمای فیكرەیەكی دیاری كراو كە تۆ وەكو ئایدۆلۆژیایەك هەڵتبژاردووە.

پێنج: هەموو پارتێكی سیاسی بە گوێرەی ڕێژەی بوونی سەركردەی ڕوناكبیرو هۆشیار دەتوانێت لە ئاراستەو ئامانجە گشتی و مرۆڤایەتییەكەی كۆمەڵگەدا (ماددی و دەرونی) ستراتیژی خۆی داڕێژێت ، سەرەڕای بونی كردارو هەڵسوكەوتی ئەرێنی نێوان پارتی سیاسی و كۆمەڵگە، ئەگەر ئەو كارلێكە ئەرێنییە هاتە ئاراوە ئەو پارتە سیاسیە پشتیوانی كۆمەڵگەكەی وەدەستدێنێت و گۆڕەپانە جەماوەرییەكەی فراوانتر دەبێت،ڕاستە زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی گەنجن بەڵام ڕوناكبیرییەكی سیاسی ئەوتۆ شكنابەن كە لە ئاست گەورەیی یەكێتیدا بێت .

گرنگترین ڕۆڵی پارتی سیاسی گەشەپێدانی ڕووناكبیری سیاسییە، ڕوناكبیری سیاسیش بریتییە لەكۆمەڵێك ئاراستەی فیكری و هەست و بۆچوون و بیروڕا، كە شێوە سیستمێك یان واتایەك دەبەخشێت بەو حیزبە، كە بە (دیسپلین) ناوزەد دەكرێت.

ئەو دیسپلینەش جڵەوی هەڵسوكەوت و هەنگاو و كارەكانی ئەندامانی ئەو ڕێكخستنە سیاسیە دەگرێتە ئەستۆ.. بەڵام یەكێتی گەشەپێدانی ڕوناكبیری سیاسی پشتكوێخستوە، ڕاستە چەندین مەكتەب و پەیمانگاو بۆردو…… هتد هەیە، بەڵام سەرجەمیان كاری تەقلیدی و كلاسیكی ڕوناكبیری ئەنجام دەدەن و پسپۆڕییان نییە لە گەشەپیدانی ڕوناكبیری سیاسی.

شەش: گەورەترین ڕوبەڕوبونەوە كە بەرۆكی سەركردە سیاسیەكانی یەكێتی بە گشتی و هاوسەرۆكانی بە تایبەتی گرتووە، نەیانتوانیوە یەكێتییەكی (دەروونی) لە هەست و بیركردنەوەی كادیرانی یەكێتیدا بە تایبەتی و یەكێتی و جەماوەرو كۆمەڵگەكەیاندا دروست بكەن. چونكە بە بۆچونی سادەو ساكاری من ئەو یەكێتی و یەكگرتوییە دەرونیە گشتگیرە ئەگەر لەسەر بنەمایەكی ڕوناكبیریی و ئایدۆلۆژی تەندروست بنیاتبنرێت و ئامانجێكی دیاریكراوی هەبێت كاریگەری یەكلاكەرەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر بڕیاری سیاسی و یەكهەڵوێستی و یەكڕیزی لە گۆڕانكاری و چاكسازی و نوێبونەوەو هەستانەوەی ی.ن.ك لە لایەك و یەكێتی و یەكگرتویی و گونجاندن لەگەڵ كۆمەڵگەی كوردەواریدا لە لایەكی ترەوە .

ی.ن.ك ئەو ڕاستییە بە هەند وەربگرێت، كە ڕوناكبییریی سیاسی هاوشان لەگەڵ بارودۆخی كۆمەڵگەدا لە گۆڕانكاریدایە، (ئابوری، سیاسی، كۆمەڵایەتی، مێژوویی)، پێویستە یەكێتی ئەو ڕاستیەی لە لۆژیكە تەقلیدیە سلبیەكەیا هەیە لەیادی بكات و وەك مێژوویەكی پڕ سەروەری لێی بڕوانێت كە ئەو شۆڕشی كردووەو ئەم بارودۆخەو ئازادییەی هێناوەتە ئاراوە. ئەگەر ئەو بانگەشەیە ڕاستییەكی مێژوویی حاشاهەڵنەگریش بێت لە ئەمڕۆدا كاڵبۆتەوەو لە كۆمەڵگەی ئێستاو دونیای پێشكەوتن و تەكنەلۆژیاو گۆڕانكاری خێرای هۆكارەكانی گەیاندن و گواستنەوەی مێژوودا كاری لەسەر ناكرێت، چونكە ڕوناكبیری شاخ، یان كۆمەڵگەی تەقلیدی لادێنشینی جیاوازییەكی زۆرو بنەڕەتی هەیە لەگەڵ شارو گەشەی شاردا. ڕوناكبیری سیاسی ئەمڕۆی شار لەسەر بنەمای كرانەوەو عەقڵانیەت گەشە دەكات . هەتا ئێستەش ئێمە وەكو یەكێتی نەمانتوانیوە یاخود سەركەوتوو نەبوین لە دۆزینەوەی ئەوزارەكانی (ئالیەت ) ئەو گونجاندن و هاوسەنگیەدا ، مەبەستم لە نێوان تێپەڕاندنی ڕوناكبیری شاخ و نەریت پەرستی و موحافیزكارانەو مەیل و وەفاو سۆز بۆ ڕابردوو ، لەگەڵ ڕوناكبیری كراوەی عەقڵانی . چونكە ئەگەر ئەو تێپەڕاندن یاخود هەماهەنگی و تەوافوقەی نێوان هەردوو ڕوناكبیرییەكە دروست نەكەین هەروەكو ئێستا كارەساتی دوركەوتنەوەو لاوازی دەخوڵقێ. چونكە هەریەكە لەو دوجۆرە ڕوناكبیرییە دەستەبژێری سیاسی سەر بە خۆی هەیە و هەریەكەشیان فشاری تایبەت بە خۆی هەیە لەسەر سەركردایەتی و هاوسەرۆكانی حزب . من لەو باوەڕەدام هەتا ئێستەش ڕوناكبیری یەكەمیان (شاخ) زاڵە بەسەر ئەوی تریاندا ( مەدەنی ) . بۆیە پێویستە یەكێتی ئەو تاك ، یان دەستەو كۆمەڵانە بدۆزێتەوە كە خاڵی بەیەكگەیشتن و یەكگرتویی ئەو دوو جۆرە ڕوناكبیرییەن .بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكیش ئەگەر ئەو گونجاندنە بەرهەم هات ئەو كاتە یەكێتی گرنگی زیاتر بە كۆمەڵگە دەدات چونكە خودی كۆمەڵگەش لە چین و دەستەو كۆمەڵە فیكرییە كۆمەڵایەتی و ڕوناكبیرییە جیاوازەكان پێكدێت . لەو ڕێگەیەشەوە یەكێتی دەتوانێت ( ڕای گشتی ) پەلكێشی خۆی بكات ڕوەو پرۆژە سیاسیە ئامانجدارەكەی .

گەر بمانەوێت لە ژێر ڕوناكی تیۆریای لاوازی و پاشەكشەو پاشان مردنی پێكهاتە سیاسیەكاندا ، هۆكاری لاوازی ی.ن.ك بدۆزینەوە دەتوانین چەند خاڵێك وەكو نەخۆشی لە جەستەی یەكێتیدا دەستنیشان بكەین
1- دیاردەی جیابوونەوە: ناكرێت لەسەر بنەماكانی سۆزو لێكدانەوەی سۆزگەرایی شرۆڤە بكرێت ، ناشتوانین دەستەواژەكانی سەردەمی شۆڕش و شاخ بە باڵایدا ببڕین ( خیانەت )، چونكە هەموو جیابونەوەیەك لە پارتێكی سیاسیدا چەندین هۆكارو پاڵنەری زانستی لە پشتەوەیە كە بەبۆچونی من گرنگترینیان نەبونی ئەوزارەكانی دیموكراسیە لە دابەشكردنی دەسەڵات و لێپرسراوێتی و دەسكەوت و ئیمتیازاتی ماددی و مەعنەوی . ئێمە هەتا ئێستەش دوو جۆر لە ئەوزاری كاركردنمان تێكەڵاو كردووە ئالیەتەكانی كاری سیاسی و دامەزراوە ئیداری و حكومیەكان. چونكە دوەمیان لە دامەزراندندا بڕوانامەو لە پلە بەرزكردنەوەشدا ساڵانی خزمەتی پێویستە ، یەكەمیان واتە كاری سیاسی، پێوەری چالاكی و تێكۆشانی ئەو ئەندامەی پێویستە لە كاری حیزبیدا بە مەبەستی جێبەجێكردنی بەرنامەو پرۆژەكانی حیزب ، بەڵام ئێمە كاری حیزبی و حكومیمان تێكەڵ كردوە سەركردەیەكی سیاسی حزبی دەكەین بە وەزیر و تەكنۆكراتێكی ئیداری دوور لە تێكۆشانی سیاسی هەڵدەبژێرین بۆ سەركردایەتی حزب! تەنها لەبەر ئەوەی بڵێین كە سەركردایەتی ئێمە كەسانی خاوەن بڕوانامەو و گەنجن ! پێویستە كادری لێهاتوی ڕوناكبیر سەركردایەتی حزب بكات و گەر ئەو حزبەش گەیشتە دەسەڵات لە حكومەتەكەیدا كەسانی تەكنۆكرات دابمەزرێنێت .

2- كوشندەترین ڤایرۆس و میكرۆبی كاری حزبی ئێمە خۆبردنەوەپێشەوەو تەمەلوقی هەلپەرستانەیە بۆ هاوسەرۆكانی حزب ، تەعەلوقی هاوسەرۆكانیش بەوانەوە یەكێتی ئیفلیج دەكات.

3- دەلاقەی نێوان دەستەبژێری سیاسی حزب و كۆمەڵانی خەڵك كاتێك فراوان دەبێت یان دەپچڕێت كە ئەو دەستەبژێرە سیاسیە خەبات و تێكۆشانی ئەو حزبە لە بابەتێكی چارەنوسسازەوە بگۆڕن بۆ دیفاعكردن لە ئایدۆلۆژیایەكی نامۆ ،ڕێكەوتنێكی زەرەرمەند ،یان بەرژەوەندیەكی تەواو ماددی، یان ڕێككەوتننامەیەكی سیاسی ئەوتۆ كە زۆرینەی ئەندامانی حزب یان كۆمەڵگە لەسەری كۆك نەبن، ڕەنگە ئەوەش هۆكارێك بێت كە كۆمەڵانی خەڵك تا ڕادەیەك لە ی.ن.ك دوركەوتونەتەوە و دابڕاون لە كارو ژیانی سیاسی و لەدەستدانی بڕواو متمانە بە دەستەبژێرە سیاسیەكانی یەكێتی . چونكە بە بۆچونی من پردی پەیوەندی نێوان (حزب ) و جەماوەرەكەی پساوە، چونكە جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان جۆر و ژیان و گوزەرانی ئەو دوانەدا .

4- نەخۆشیەكی كوشندەی تری ی.ن.ك و سەرجەم پارتە سیاسیەكان ،كە ڕەنگە كۆتایی بە پەیوەندی حزب و خەڵك بهێنێت و پاڵنەرێكی بەهێزیشە بۆ پاشەكشەو لاوازی یەكێتی، كاركردنە بە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە خێزانییەكان ،بە واتایەكی دی ئامادەكردنی كوڕو كچ و زاواو خزم و ناسیاو و……هتد لە پڕكردنەوەی پێكهاتە سیاسیەكەداو كردنیان بە بەرپرس و سەركردەو وەزیرو……هتد .ئەو ئامادەكراوانەش نەتوانن بەرنامەی حزب و سیاسەتەكانی لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێبكەن . لەو كاتەدا حزب ڕوەو داخستن بەسەر خودی خۆیدا دەبەن و ڕێگەو شێوازەكانی نوێگەری و داهێنان نامێنێ و كۆمەڵانی خەڵك وا هەست دەكەن پشتگوێخراون و وەلاوەنراون، لەوێشەوە بڕوای تەواویان بە پێكهاتەكانی ڕێكخستن و سەركردایەتی حیزب لاواز دەبێت یان نامێنێت .

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا