لە كەمتر لە هەفتەیەكدا:
* بە فەرمانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بڕیاری چۆڵكردنی شەش لادێی كوردنشینی سەرسنووری ناوچەی سەردەشت دەركرا (لادێكان: نۆكان، هەرزەنە، گاكی، بەردان، گۆڕەشێر و تیتی خواروو). بڕیارەكە بە بیانووی جێكەوتەی جوگرافی ئەم ناوچانەوە دەركراوە گوایە دەكەونە نێو “هێڵی سووری سنووری”ەوە.
ئەمە لە كاتێكدا هیچ حسێبێك بۆ دۆخ و بەدیلی ئابووریی و ژیانی ئایندەی ئەو لادێنشینە كوردانە نەكراوە، بەتایبەت لەم دۆخە سەختە ئابوورییەی ئێراندا، كە لەمساڵدا داهاتی كەمتر لە ١٠ ملیۆن تمەن بە هێڵی هەژاریی دانراوە! ناوچە كوردستانییەكانیش هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی هێڵی هەژاریی ئێرانن (بە گوێرەی ئاماری ساڵانەی ڕەسمی ئەو وڵاتە).
ئەم فەرمانە زیاتر دیوێكی سەربازی هەیە تا كارگێڕی بەو پێیەی ئەنجومەنی ئاسایش دەریكردووە (نەك پارێزگار و وەزیری ناوخۆ) و دوور نییە بە نیازی خۆئامادەكردن بێت بۆ دەسپێشخەری و ناچالاككردنی ناوچە سنوورییەكان و لاوازكردنی هێزە كوردستانییەكان و ئەگەری دزەكردن و چالاكییان (بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا كە حزبی دیموكرات زۆرتر چالاك بووە و گوورزی كاریگەری لەو دەسەڵاتە وەشاندووە).
* هەر لەم هەفتەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا چەندجار هەڕەشەی لە پرۆ ئێرانییەكان و خودی ئێران كردووە كە بێدەنگ نابێت و ڕێكاری تووند و چەندبەرامبەر دەگرێتە بەر و تا ئاستی داخستنی باڵیۆزخانە و لیدانی ئێران.
* هەر دوێنێش لەسەردانێكی كتوپڕیشدا وەزیری دەرەوەی عێراق خۆی گەیاندە ئێران و ڕۆحانی هەڕەشە دووبارەكانی ئێرانی بەرامبەر ئەمریكا دووپاتكردەوە و دەركردنی ئێران لە عێراقی بەسەرچاوەی ئارامی و پێشمەرج دانا.
* ئەمڕۆ، بە سەردانێكی دوو ڕۆژەش سەركردەی باڵای هێزە سەربازییەكانی ئێران (باقری) دەگاتە عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی و ئەمنی عێراقدا كۆدەبێتەوە.
* هەر ئەمڕۆش وەفدێكی باڵای ئاسایشیی عێراق بەسەرۆكایەتی قاسم ئەعرەجی دەگاتە هەولێر.
* بە لەبەرچاوگرتنی هاوكارییە دوولایەنەكانی مانگی ڕابردووی توركیا و ئێران و كۆبوونەوەی مانگی ڕابردووی سوپاسالارەكانی دوو وڵات، ڕەنگە ڕێككەوتنی دوولایەنە بێت و هەر لایەكیان و بیەوێت بەر لە ئەمریكا، هەرێمی كوردستان و دەسەڵات و نفوزی سنووردار بكەن و لەوێشەوە هێچ ئەگەرێك نەهێڵنەوە بۆ چالاكی جوڵەی هەرێم و هێزە نەیارە كوردستانییەكانی دژەكۆماری ئیسلامی ئێران، وەك چۆن توركیا لە چەند مانگی ڕابردوودا دەستی خۆی وەشاند.
ئێران لە عێراقدا وردەوردە دەستی كورت و كورتتر دەكرێتەوە، هەرێمی كوردستان قوڵایی ستراتیژی و ئەمنییەتی، گەر نەتوانێت كۆنتڕۆڵی سنوورەكانی خۆی لەبەرەی هەرێمەوە بكات، ئەوا لە هەر جوڵەیەكی ناوچەیی یان ئەمریكی لە هەرێمەوە بە تایبەت لە هەبوونی بنكەی حەریری سەربازیی (كە یادگاری تاڵی شەڕی هەشتساڵەی ئێران عێراقە و حكومەتی بەغدا لەوێوە بۆردوومانی شارە ڕۆژئاواییەكانی ئێرانی دەكرد) و چوار بنكە سەربازییەكەی دیكەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستاندا كە نیشانی هەڕەشەی بەردەوامی ئەمریكان بۆ ئێران، دوورنییە كەرتی ڕۆژئاوا و ناوچەكوردستانییەكانی لەدەست بدات، لەبەرئەوە دەیەوێت دەسپێشخەر بێت لە هەڕەشە و كردەیەكی پێشوەخت.
ڕەنگە ئێران بەنیازی كاردانەوە و هێرشی سەربازی بێت بۆ ناوچە سنوورییەكانی هەرێم، یان دەسپێشخەر بێت لە ڕێگریكردن لە شۆ و كردەی سەربازی غافڵگیرانەی ئەمریكا بەر لە هەڵبژاردن بۆ لێدانی بەرژەوەندی ئێران لە سنوورەكان و ناوچە كورستانییەكانی دراوسێی هەرێمی كوردستان.
هەردی مەهدی