(نەهرۆ كەسنەزانی) بۆ سەركۆماری ئامادە دەكرێت!

بە ئەم مانشێتەی سەرەوە پێكەنین نەتگرێ! لەپشت سەردانی ئەم دوایەی سیاسی و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم بۆ تەكیەی كەسنەزانی، سەردانە ئاشكرا و نهێنیەكانی نەهرۆ كەسنەزانی بۆ لای چەندین لایەنی سیاسی كوردی، عێراقی و نێودەوڵەتی، هەروەها لێدوانە شۆڤهێنەرەكانی شێخ نەهرۆ لەم رۆژانەی دواییدا لەبارەی چاڕەسەركردنی كێشەی مووچە و كردنی سلێمانی بەناوەندێكی گرنگی تەسەووف، هەوڵی زەمینە خۆشكردنە بۆ ئەوەی رێبەری تەكیەی كەسنەزانی و تەریقەتی قادری لەدوای هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لەسەر كوورسی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق دابنیشێت.

رەنگە ئەوانەی لە پشت “بیرۆكەی (نەهرۆ كەسنەزانی) باشترین كاندیدی كوردە بۆ سەركۆماری” بەم شێوەیە بیر بكەنەوە:
– ماوەیەكە سوننەكان لەجاران زیاتر و رشتر هەوڵ دەدەن پۆستی سەركۆماری بۆ پێكهاتەكەیان مسۆگەر بكەن و ئەو تەوافوقە خراپ بكەن كە لەدوای ساڵی 2005 لە ئارادایە سەبارەت بە سێ سەرۆكایەتیەكە لە عێراقدا.

ئەو لایەنە كوردیانەی (كە رەنگە یەكێتی و پارتی بن) كە دەخوازن نەهرۆ كەسنەزانی ببێتە سەركۆماری داهاتووی عێراق، پێیانوایە بە كاندیدكردنی كەسنەزانی رێگا لە بەردەم هەوڵی سوننەكان دەگرن، بەو پێیەی كە بەشێكی گرنگی سوننەكان سەر بە تەریقەتی كەسنەزانین. دەتوانێ پاڵپشتی كۆمەڵگای سوننە بەدەست بێنن تاوەكو پۆستی سەركۆمار لای كورد بمێنێتەوە.

– ئەو لایەنە كوردیەی بیرۆكەكەی داڕشتووە، پێیوایە نەهرۆ كەسنەزانی لە ئاستی جیهان و ناوچەكەدا ناسراوە، وەكو مام جەلال و دكتۆر بەرهەم دەتوانێ هاوسەنگیەكان رابگرێت و هەروەها دەتوانێ پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ئەم پۆستە بەدەست بێنێت. بەتایبەتی ناوبراو چەندین ساڵ لە دەرەوەی كوردستان و عێراق ژیاوە، چەندین زمان بیانی دەزانێ.

– سەبارەت بەم كاردانەوە توندانەی لە هەرێمی كوردستان لەدژی كاندیدكردنی نەهرۆ كەسنەزانی بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق كە رەنگە بێتە ئاراوە، داهێنەرانی ئەم بیرۆكەیە چەند ئەرگومێنتێكیان ئامادە كردووە، بۆ ئەوەی بتوانن كاردانەوەكان نەرم بكەن یان بێكاریگەریان بكەن كە هەندێكیان ئەمانەن:

1- لە ساڵانی 1950تەكیەی كەسنەزانی لایەنگری حزبی شوعی عێراق بووە و خوشكێكی محەمەد كەسنەزانی واتە پوری نەهرۆ ئەندامێكی كارای ئەم حزبە بووە.

2- راستە نەهرۆ كەسنەزانی شێخی كوڕی شێخە، بەڵام كەسێكی ئایینی موحافەزەكار نیە، ئاشنایە بە بنەماكانی عەلمانیەت، ژنێكی هونەرمەندە هتد… بەتایبەتی هەوڵ دەدەن بەم دوو ئەرگومێنتە چەپەكان و علمانیەكانی كوردستان بێدەنگ بكەن.

3- لەبارەی ئەوەی باوكی شێخ نەهرۆ سەرۆك جاش بووە و هاوكاری رژێمی بەعسی كردووە، پشتگیركەرانی ئەم بیرۆكەیە پێیانوایە محەمەد كەسنەزانی ئەگەر سەرۆك جاشایەتیشی كردبێ، خراپەی نەكردووە، بە پێچەوانەوە پەناگە بووە بۆ پێشمەرگە و ئەو كەسانەی لەلایەن رژێمی پێشوو گێچەڵیان پێكراوە.

ئەوەی نووسیوومە جارێ تەنیا بیرۆكەیە و زیاتر نا، لەگەڵ ئەوەش لە داهاتوویەكی نزیكدا چارەنووسی بیرۆكەكە یەكلایی دەكرێتەوە!

هێمن خۆشناو

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا