مەهزەلەی پەرلەمان

ئەوەی لەكۆبوونەوەی پەرلەمان لەدوای متمانە بەخشین بەوەزیری سامانەسروشتییەكان ڕوویدا وەرچەرخانێكی تەواو نوێ بوو لەكاری پەرلەمانی لەكوردستان، كە بەزاندنی هەموو نەریت و ڕێوڕەسمە باوەكانی پەرلەمانی بوو لەجیهاندا.

ئەوەی ئێمە بینیومانە لەپەرلەمانەكانی دونیادا قەڵەم و پاكەتی كلێنیكس و دەبەی ئاو وەشاندن و شەڕە بۆكس بووە، كە ئەم هەڵسوكەوتانە تا ڕادەیەك بووەنەتە عورفێكی پەرلەمانی و پلەیەك زیادڕەوی لەهەڵسوكەوتی دیموكراسی، بەڵام ئەوەی پەرلەمانی كوردستان زمانی ئەوپەڕی بازاڕی‌و جنێوی ئەوپەڕی شەلاتیانەو بێ مۆراڵی و دوور لە هەموو ئاكارێكی نەك كوردانە، بەڵكو مرۆڤانەش بوو .

لەپەرلەمانی كوردستان وشەو دەستەواژەكانی (حیز و بێ ئەخلاق، سوك، گەواد، كوڕی سەگ‌و فڵتە فڵت، حەیوان، هیچ‌و پوچ و خێڕی‌و هتد…) بەكارهێنرا، كە گرنگە بپرسین ئەمانە لە كوێی نەریتی كوردەواری و پەروەردەی خێزانی ئێمەدا جێی هەبووە؟

(بەڕاستی پەرلەمانی كوردستان بووەتە جێگەی بەرهەمهێنانی مرۆڤی جنێوفرۆش، لانەی شەقاوەو بۆكس وەشێن‌و ئایفۆنی دوازدەی پرۆماكسی سێ كامیرە شكێن، جێگەی سەپاندنی هەژموونی زۆرینەی تەزویرو كەمینەی یاخی لەهەموو بەها و وشە سەنگینەكان، بووەتە گۆڕەپانی سنگدەرپەڕاندنی پارتی‌و ڕابواردنێكی دیموكراسییانەی بڕیارە سەقەتەكانی، بووەتە مێشكی دوفاقی و شیزۆفرینیای یەكێتی، كە نە خۆی وەك حیزب و نە ئەندام پەرلەمانەكانی نازانن چییان دەوێت).

(ئەگەر سوێند بخۆیت سەرۆكی پەرلەمانەكەی یەكێتی ئەجینداكانی پارتی جێبەجێدەكات سوێندەكەت ناكەوێت، ئەگەر تەڵاقەكەی بارام بەگ ڕۆژی سەد جار بخۆیت، كە گۆڕان پەرلەمان و كاری پەرلەمانی سوك كرد تەڵاقەكەت ناكەوێت، ئەگەر دەست بەقورئاندا بدەیت، كە ئیسلامییەكان بەرانبەر حەق بێدەنگن‌و شەیتانێكی ئەخرەسن، كەفارەتی سوێندەكەت لەسەر نییە، ئەگەر بڵێیت شاسوارو ئەندام پەرلەمانەكانی نەوەی نوێ گارگەی بەرهەمهێنانی جنێوی پەرلەمانین، كەس بە درۆت ناخاتەوە).

ئەو وشانەی ناو كەوانەكانی من نەخشەو پلان‌و ستراتیژی پارتین‌و دەمێكە كاریان لەسەر دەكات بۆ سوككردن‌و لەگۆڕنانی پەرلەمان، بۆ ئەوەی بە كۆمەڵانی خەڵك بڵێت: ئەمەیە نەنگی و عەیب و عارەكانی سیستمی پەرلەمانی، ئێمە نەمانوت سیستمی سەرۆكایەتی باشترەو لەگەڵ عەقڵییەت‌و كۆیلایەتی كۆمەڵگەی كوردەواریدا دەگونجێت، دەیەوێت پێمان بڵێت تا سیستمەكە سەرۆكایەتی بوو ، تا ڕێزدار مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بوو، چی كێشەیەكی حوكمڕانیمان هەبوو.

من دڵنیام پارتی بە بەرنامە پەرلەمانی سوككردو سپاردی بە جنێو فرۆش‌و شەق وەشێنەكان، بە بەرنامە ئەندام پەرلەمانەكانی یەكێتی و سەرۆكەكەی تووشی شیزۆفرینیا كردووە، ڕۆژێك شێری نێو پەرلەمانن و لەسەر قوت و ژیانی خەڵك دەنگی تەپڵ لێدانیان دەگاتە عەرشی خوداو دەڵێن ئاگامان لە سیاسەتی نەوت و فرۆشتنی نییەو ڕۆژێكی دی دەنگ دەدەن بەهاوشێوەكەی ئاشتی هەورامی، كە بەس خودا دەزانێت وەك ئەو دەبێت، یان خراپتر .

كۆتایی ئەم گەمەیەش لەگۆڕنانی پەرلەمان و یەكلاییكردنەوەی مشتومڕەكانی دەربارەی سیستمی سەرۆكایەتی لەبەرژەوەندی خۆی .

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا