دۆخەکە هێندە مەترسیدار نییە پێویست بەراگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بكات

پۆڵەتیك پرێس:
دوای ئەوەی لیژنەیەكی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی رەوشی تەندروستی پارێزگای دهۆك‌و زیادبوونی توشبووانی كۆرۆنا پێكهێنرا، لیژنەكە لە راپۆرتێكدا داوای قەدەغەی هاتوچۆیان لە هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام بەقسەی پزیشكان لە ئێستادا دۆخی كوردستان هێندە مەترسیدار نییە تا پێویست بە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بكات.

چەند رۆژێكە لەپارێزگای دهۆك تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا زیادی كردووەو بەو هۆیەشەوە لیژنەیەك پێكهێنراوە، كە لیژنەكە لەوەزارەتی تەندروستی هەرێم پێكهێنراوەو داوای كردووە، قەدەغەی هاتووچۆ لەسەرانسەری هەرێم رابگەیەنرێت.

لەبارەی دۆخی كوردستان بەگشتی‌و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی، كە ماوەی هەفتەیەكە رێژەی تووشبوون بەجێگری ماوەتەوە، سەرخێڵ ئاراز بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی عەلی ناجی بۆ پشكنینی كۆرۆنا لەسلێمانی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: لە ئێستادا دۆخی كۆردستان هێندە مەترسیدار نییە تا پێویست بە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بكات و هاوڵاتیان دەتوانن لەكاتی توشبوونیان بە كۆرۆنا لە ماڵەوە خۆیان كەرەنتین بكەن.

 

هاوڵاتیان دەتوانن لەكاتی توشبوونیان بە كۆرۆنا لە ماڵەوە خۆیان كەرەنتین بكەن

 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی عەلی ناجی وتیشی: تا دۆخی كۆرۆنا لەوڵاتانی دراوسێی هەرێم و عێراقدا بەربڵاوبێت دۆخەكە لێرەش بەهەمان شێوە دەبێت و جەختیشیكردەوە، كە لە ئێستادا هاوڵاتیان هۆشیارن و لەكاتی پێویستدا سەردانمان دەكەن.

هاوكات، لەماوەی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا ژمارەی چاكبوونەوە لە ژمارەی توشبوون بەرزترە، بەجۆرێك ٤٩٤ توشبووی نوێی كۆرۆنا تۆماركراوە و ٥١٤ كەسیش چاكبوونەتەوە و ١٦ كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

سەرخێڵ ئاراز باسی لەوەشكردووە، لە ئێستادا لەپارێزگای سلێمانی رۆژانە ٦٠٠ پشكنین ئەنجامدەدرێن و هەموو ئەو كەلوپەلانەی پێویستمانن لەبەردەستمانن و بۆمان دابینكراوە و وتیشی: لە ماوەی رابردوودا دەوامی نەخۆشخانەكەمان تا كاتژمێر هەشتی شەو بووە، بەڵام لە رۆژی دووشەممەوە دەوامی نەخۆشخانەكەمان تا كاتژمێر ١٢ی شەو دەبێت.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی بەرچاو حكومەتی هەرێم و عێراق بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتیاندا و دواتر بە چەند قۆناغێك ئەو رێكارانە كەمكرانەوە و بڕیارەكە هەڵوەشێنرایەوە.

لە كاتی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی پێشووتردا نیگەرانییەكی زۆر لای هاوڵاتیان دروستبوو، بەهۆی خراپی دۆخی دارایی هاوڵاتیانەوە و حكومەتی هەرێم هیچ هاوكارییەكی پێشكەشی هاوڵاتیان نەكرد جگە لەوەش دابەشكردنی موچەكانیانی دوادەخست، بە پێچەوانەی حكومەتی وڵاتانی جیهانەوە هاوكاری هاوڵاتیان دەكرد.

لەو بارەوە، هۆشیار ئیسماعیل ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: قەدەغەی هاتوچۆ حكومەت بڕیاری لەبارەوە دەدات، بەڵام من پێم باشە خۆپارێزی تاك زیادبكرێت چونكە دۆخی دارایی خەڵك زۆر خراپە نابێت ئەو كارەكەمەی هاوڵاتیان هەیانە زیاتر لە كاریان بكەیتەوە.

 

قەدەغەی هاتوچۆ حكومەت بڕیاری لەبارەوە دەدات

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای ئەوەشی خستووەتەڕوو، دۆخی نەخۆشخانەكانیش زۆر خراپە و نزیكەی لەوەی جێگە نەمێنێت بۆ توشبووانی كۆرۆنا، بۆیە پێویستە زیاتر خۆپارێزی رەچاوبكرێت.

هۆشیار ئیسماعیل وتیشی: لە ئێستادا ئاستی توشوون و مردنیش لەو كاتە زۆر زیاترە، كە قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنرا و ژمارەكان ١٠٠ هێندەی پێشترە، بەو ژمارەیەی رادەگەیەنرێت.

پێشتریش، ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێسی رایگەیاندبوو: بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی گشتی لەئارادا نییە و هیچ بڕیارێك لەو بارەیەوە نەدراوە، بەڵام دەسەڵات بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەكانی تەندروستی و ئەوانەی بەرپرسن لەڕەوشی هەرشوێنێك زانیان لەو شوێنە پێویست بەقەدەغەی هاتوچۆ دەكات بۆ كەمكردنەوە و كۆنترۆڵكردنی كۆرۆنا دەتوانن بڕیار بدەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا