گۆڕانكارییە خێراكانی عێراق

پۆڵەتیك پرێس:
شەبل زەیدی ئەمینداری گشتی لیواكانی ئیمام عەلی‌و سەركردەی دیاری حەشدی شەعبی هۆشداریدا لەوەی، ئەمریكا بەرنامەی هەبێت بۆ بەئامانجگرتنی چەند سەركردەیەكی شیعە لەعێراق.

شەبل زەیدی لەمیانی لێدوانێكی رایگەیاند، بڕیاری كشانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەبەغدا سەرەتای جێبەجێكردنی ئەو پلانەیەو ئەمەریكاشی بەبڵاوكردنەوەی ئاژاوە لەباشووری عێراق تۆمەتبار كرد.

ئەو سەركردەیەی شیعەكان، داوای لەسەركردەكانی حەشدی شەعبی لەعێراق كردووە، كە بەهۆشیارییەوە مامەڵە بكەن‌و جەختیشیكردووەتەوە، دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمریكا یەك دەنگ‌و یەك هەڵوێست بن.

ئەم هۆشدارییە لەكاتێكدایە، چەند رۆژێكە دۆخی عێراق سات بەسات گۆڕانكاری خێرای بەسەردا دێت‌و رۆژ بەرۆژیش دۆخی بەغدا بەرەو خراپی دەبێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمریكا هۆشداریدا لەوەی باڵوێزخانەكەی لەپایتەختی عێراق دادەخات.

 

چەند رۆژێكە دۆخی عێراق سات بەسات گۆڕانكاری خێرای بەسەردا دێت

 

پێشتر ئەكرەم كەعبی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی نوجەبا لەعێراق ڕایگەیاندبوو، كە هێشتا چاوەڕێی ئەوە دەكات، كە ئەمریكا بەفەرمی كشانەوەی لەعێراق رابگەیەنێت، بەپێچەوانەوە ئەوان بەردەوام دەبن لەهێرشەكانیان بۆ سەر بەرژوەندییەكانی واشنتۆن لەهەموو خاكی عێراق.

ئەمریكا بەهۆی بەردەوامی هێرشە موشەكییەكان بۆ سەر ناوچەی سەوز لەبەغدا، كە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتەی لێیەو بەئامانجگرتنی كاروانی هێزەكانی هاوپەیمانان هۆشداریداوە بەسەركردە عێراقییەكان، كە كاردانەوەی توندی دەبێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی بڕیاری كشانەوەی باڵوێزخانەكەی دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەدوای ئەو هۆشدارییەش، چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبوونەوەو جەختیانكردەوە، ئەوان رێگر دەبن لەوەی عێراق ببرێت بەرەو گۆڕەپانی شەرێك، بەتایبەتی شەڕی بەوەكالەتی نێوان ئەمریكاو ئێران.

هاوكات ماتیو تۆلەر باڵیۆزی ئەمریكا لەبەغدا ڕۆژی دووشەممە رایگەیاند، وڵاتەكەی بەردەوامە لە پشتیوانیكردنی حكومەتی عێراق بەتایبەتی لەشەڕی تیرۆر، بەڵام دەبێت حكومەتیش هاوكاری واشنتۆن بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەك.

 

ئەوە قبوڵ كراو نییە موشەك لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا بدرێت‌و هێرش بكرێتە سەر دیپلۆماتەكانی

 

پێشتریش ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردبووەوە، مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هۆشداری داوەتە بەرپرسانی عێراق، كە واشنتۆن پلانی داناوە بۆ داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا ئەگەر هێرشەكان نەوەستن.

لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە داخستنی باڵیۆزخانەكەش، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ئەو هەڕەشانە قبوڵ ناكات، هەروەها هەموو بەرگرییەكیش لەخۆی دەكات.

هەروەها جەختی كردەوە، كە ئەوە قبوڵ كراو نییە موشەك لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا بدرێت‌و هێرش بكرێتە سەر دیپلۆماتەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ترو دەبێت حكومەتی عێراق لەبەرانبەریان بوەستێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا