جەنگی عێراق و ئێران لە هەشت سەعاتدا

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

چل ساڵ تێپەڕی بەسەر یەکێک لە ترسناکترین جەنگەکان لە مێژووی هاوچەرخدا، لە ساڵی ١٩٨٠، شەڕ لەنێوان دوو حکومەتی توندڕەودا هەڵگیرسا، ئەوانیش عێراق بەسەرکردایەتی سەدام حسێن و ئێران لەژێر سەرکردایەتی ئایەتوڵای خومەینی، ئەم شەڕە بە پێشبینییەکی هەڵە دەستیپێکرد و فراوان بوو تا وای لێهات بووە هەڕەشەی دروستبوونی ناکۆکی جیهانی و جەنگێکی گەورەی لێکەوتەوە، ئەوانەی لەو جەنگەدا دەجەنگان، لە زنجیرەیەکی دۆکیومێنتەریدا چیرۆکە ترسناکەکانیان دەگێڕنەوە.

دانپێدانانەکان بۆ یەکەمجار

بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک گرتەی ڤیدیۆیی ئەرشیفکراو لە هێڵەکانی پێشەوە و ئەو قسەکەرانەی تا ئێستا وتەیان لێوەرنەگیراوە، کەناڵی ئەلعەرەبییە دەستیکردووە بە پەخشکردنی گرنگترین زنجیرەی دۆکیومێنتەری لەبارەی جەنگی عێراق و ئێرانەوە لەمیانی هەشت زنجیرەدا کە لەلایەن کۆمپانیای “ئۆ ئاڕ میدیا” بەرهەمهێنراوە، ئەو کۆمپانیایە پێشتریس چەندین کاری دۆکیومێنتەری گەورەی پێشکەش کردووە.

صدام حسين

ئەو زنجیرە تەلەفزیۆنییە مێژووییە لە هەشت بەش پێکدێت، هەر بەشێک یەک سەعاتی تەلەفزیۆنییە، تێیدا شایەتحاڵەکان چیرۆکی سەر هێڵی ئاگر دەگێڕنەوە، چۆن جەنگەکە دەستیپێکرد؟ چۆن گەشەیسەند؟ چۆن ئێران هەزاران منداڵی لەناوبرد؟ چۆن بەغدا چەکی کیمیاوی بەشێوەی ترسناک بەکارهێنا؟ چۆن هەموو زەوییەکان لەلایەن سوپای هەردوولاوە داگیرکرا؟ سەربازان لەناو زنجیرە دۆکیومێنتەرییەکەدا ئەو هێرشانە دەگێڕنەوە بۆسەر مرۆڤایەتی کە لە جەنگی یەکەمی جیهانییەوە بەو گەورەییە نەبینراوە، جەنگێک تێیدا نزیکەی نیو ملیۆن کەس سەربڕدرا.

ئەو زنجیرە تەلەفزیۆنییە مێژووییە لە هەشت بەش پێکدێت

کاتێک شەڕەکە تەشەنەیسەند، سەرکردەکانی جیهان هەوڵیان دەدا بێلایەن بمێننەوە، ئەمریکا بە وریاییەوە مامەڵەی دەکرد، ئێران دیبلۆماتکارە ئەمریکییەکانی بە بارمتە دەگرت و ئەمریکاش لە کێشەدا بوو، چونکە تا ئەم دواییەنەش ئێران بە باشترین چەکی ئەمریکییەوە مامەڵەی دەکرد، لەو کاتەشدا جیمی کارتەری سەرۆکی ئەمریکا پەیمانی دا لە دەرەوەی شەڕەکەدا بمێنێتەوە، هەتا هاوپەیمانانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی بە پارێزراوی بمێننەوە، بەڵام دەستوەردان ئەگەری هەبوو رووبدات، نەوتی کەنداو خوێنبەری ژیانی ئابووری جیهان بوو لەدوای چەند رۆژێک لە هەڵگیرسانی جەنگی عێراق و ئێران، ئاگر لە گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی جیهاندا کەوتەوە.

زنجیرە دۆکیومێنتەرییەکە ئەوە نیشان دەدات، چۆن جەنگەکە لەسەر ئاستی هەرێمیی بەرەوپێشچوو و کاریگەری کردە سەر هەموو جیهان، بەجۆرێک باربارا بۆدین دیبلۆماتکار و سیاسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و جێفری کیمب راوێژکاری کۆشکی سپی و ئەمیر تورکی فەیسەڵ سەرۆکی هەواڵگری ئەو کاتەی سعودیە و فرانسوا هایزبۆرگ راوێژکاری بەرگری فەڕەنسا قسەیان لەبارەوە کرد.

روح الله الخميني

لەدوای دوو ساڵ لە کوشتار، ئێران وا مامەڵەی دەکرد کە بەڕاستی سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و سوور بوو لەسەر هەڕەشە کردن لە شارەکانی عێراق، دواتر ئەمریکا هەڵوێستی خۆی لە بێلایەنییەوە بۆ دەستوەردان گۆڕی و چووەپاڵ سەدام حسێن، هاوکات، چەک و زانیاری هەواڵگری دەدایە عێراق.

سەرەتای قەیرانەکە

ئەمریکا بەنهێنی و لەپشتی پەردەوە چەکی بە ئێران دەفرۆشت بەرامبەر بە ئازادکردنی بارمتە ئەمریکییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە لە لوبنان دەستیان بەسەردا گیرابوو، ئەوە بوو دواتر دۆسیەی ئێران کۆنترا سەریهەڵدا، ئەو ئابروچوونەی پەیمانەکەی رۆناڵد ریگانی سەرۆکی پیس کرد، زنجیرە دۆکیومێنتەرییەکەش ئەو چیرۆکانە و نهێنییەکانی ئاشکرا دەکات.

بەشێک لە کوردەکانی باشوری کوردستان وەک وەڵامێک بۆ ئەو کۆمەڵکوژیانەی سەدام حسێن چوونەپاڵ ئێران

لەگەڵ بەردەوامی ململانێکەدا، ئەمریکا چەندین جار هەوڵی دانوستانی دا بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە، بەڵام ئێران بەردەوام رەتی دەکردەوە، چونکە بۆی ئاسان بوو قوربانی بە هەزاران رۆڵەی دیکەی وڵاتەکەی بدات، مەترسییەکانی سەدام حسێنیش زیادی کرد و روونتر بووەوە کە بەهیچ شێوەیەک نایەوێت کارێک بکات بۆ رزگارکردنی هەم عێراق و هەم خۆی، کاتێک بۆردومانی شارەکانی ئێرانی کرد و هەڵەبجەی کیمیاباران کرد، بەشێک لە کوردەکانی باشوری کوردستان وەک وەڵامێک بۆ ئەو کۆمەڵکوژیانە چوونەپاڵ ئێران.

ئەمریکا بەهێز پاڵپشتی عێراق دەکات

زنجیرەکە وردەکاری نوێ لەبارەی چوونە ناو جەنگی دەریایی پێشکەش دەکات، کاتێک مینێکی ئێرانی لە کەنداو کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی ساموێل بی رۆبەرتسی کردە ئامانج و بووەهۆی کوژرانی ١٠ سەرباز، لەدوای ئەو رووداوە ئەمریکا بەهێزەوە لە جەنگی دژی ئێران پاڵپشتی عێراقی کرد و لە کۆتاییشدا خومەینی ناچارکرد بوەستێت لە تەقەکردن.

پیێر رازۆ مێژوونوسی فەڕەنسی، ئەم زنجیرە دۆکیومێنتەرییە گەورەیەی بە یەکەم پرۆژە پێناسە کردووە کە تێیدا بە قوڵی باس لە وردەکارییەکانی جەنگی عێراق و ئێران دەکات.

من الحرب الإيرانية العراقية

ئەم زنجیرە تەلەفزیۆنییە بۆ یەکەم جارە لەسەر شاشە، چیرۆکی راستەقینەی جەنگی کارەساتباری عێراق و ئێران لەڕێی وتەی کاریگەری شایەتحاڵان و ئەرشیفی هێڵە مەترسیدارەکانی پێشەوە دەگێڕێتەوە و کاریگەری کاولکاری شەڕ لەسەر نەوەیەک لە ئێرانی و عێراقییەکان دەردەخات.

بەشی یەکەم.. هێرش و هێرشی هەڵگەڕاوە

لە هاوینی ساڵی ١٩٨٠ هەردوو سەرکردە وڵاتەکانیان بەرەو ریزەکانی پێکدادان بەڕێکرد، سەدام حسێن سەرۆکی پێشوتری عێراق وا خۆی دەبینی کە دادوەرێکی نایابی جیهانی عەرەبییە لەگەڵ روحوڵای خومەینی کە سووربوو لەسەر بڵاوکردنەوەی شۆڕشە ئیسلامییەکەی لەڕێی عێراقەوە بۆ تەواوی جیهان.

پەیوەندییەکان هەنگاو بەهەنگاو بەرەو خراپبوون دەچوون، تا لەکۆتاییدا سەدام فەرمانی دەرکرد لەڕێی کەنداوی عەرەبییەوە ئێران داگیر بکەن، ئەوەبوو دەستیان بەسەر سەدان کیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاکی ئێراندا گرت، لەناویشیاندا شاری مەحمەرە، هاوکات، گەماڕۆیان خستە سەر شاری نەوتیی عەبدان، لەدوای ئەو داگیرکردنە خێرایانە سەدام حسێن توشی سەرسامی هات بە بەرخۆدانی ئێران.

بەشی دووەم.. شکستی پلانەکە

دوای سێ مانگ لە کوشتار، عێراق و ئێران چوونەناو رێگایەکی گیراوەوە، زنجیرەکە وردەکاری بێهاوتای چۆنێتی باجدانی حەسەن بەنی سەدر سەرۆکی ئێران و فەرماندەی شەڕەکە دەردەخات کە لەبەرەی جەنگ لەگەڵ عێراق شکست دەهێنێت و ناچار بە راکردن دەکرێت.

لەبری قۆستنەوەی ئاژاوەکانی ناو سەرکردایەتی ئێران، سەدام لە سەرکەوتنەکانی شکستیهێنا و هیواکانی لە بنیادنانی یەکەمین بۆمبی ئەتۆمی عەرەبی لەدەستدا لەدوای ئەوەی ئیسرائیلیەکان بە پاڵپشتی هەواڵگری ئێران دامەزراوە نوێیە ئەتۆمییەکەی عێراقیان لەناوبرد، ئێستا ئەو رووبەڕووی هێزێکی سەربازی ئێرانی دەبێتەوە کە لەلایەن توندڕەوانی ئاینییەوە پاڵپشتی دەکرێت.

بە بەکارهێنانی هێرشی پیادەی بەکۆمەڵ کە بە شەپۆلە مرۆییەکان ناسرابوو لەگەڵ بڵاوکردنەوەی منداڵان بەو کێڵگانەی مینڕێژ کرابوون بۆ پاککردنەوەی کێڵگەکان لە مین، ئێرانییەکان بەنزیکەیی هەموو ئەو زەوییانەیان گەڕاندەوە کە لەلایەن عێراقییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو، لەناویشیاندا شاری مەحمەرە، ئیدی ئێستا پێویستە ئێران هەنگاوی دواتری خۆی دیاری بکات.

بەشی سێیەم.. گۆڕان

لێرەدا، سەدام حسێن بێئومێدە لەوەی لەو جەنگە بچێتە دەرەوە کە دەزانێت ناتوانێت تێیدا سەرکەوتووبێت، لەگەڵ هەرای ناو هێزەکانی، هەوڵ دەدات ئێران بخاتە ناکۆکییەکی نوێوە لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام هیچ شتێک خومەینی لە ئامانجەکەی سارد ناکاتەوە ئەویش لابردنی سەدامە لە دەسەڵات، بە داوایەک لەلایەن سوپای پاسدارانەوە خومەینی بڕیاری داگیرکردنی عێراقی دەردەکات.

سەرکەوتنی ئێران رەنگ بوو ببێتە هەڕەشە بۆسەر کەنداو و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە، لە ترشی شکستی عێراق، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە بارودۆخەکە سەرسام دەبێت و بڕیاردەدات ئاراستەی شەڕ بگۆڕێت و لەپشتی سەدام بووەستێت و زانیاری و چەک پێشکەشی عێراق بکات.

بەڵام ئەو بەرگریانەی عێراق و شکستی داگیرکاری ئێران خومەینی نەوەستان، ئێران تەنیا هێرشی نەدەکردە سەر عێراق بەڵکو دەیکردە سەر ئەو لایەنانەش کە پاڵپشتییان دەکرد.

بەشی چوارەم.. بێئومێدی

ئێستا ئێران ئامانجێکی نوێی مەترسیدار بۆخۆی دیاری دەکات، بەسڕە دووەم شاری گەورەی عێراق، لەلایەن ئێرانەوە هەوڵ بۆ دەست بەسەرداگرتنی دەدرێت، بەڵام سەدام حسێن پەنا بۆ چەکی کیمیایی دەبات بۆ دوورخستنەوەی ئێرانییەکان، وەکچۆن دەست دەکات بە بۆردومانکردنی شارە ئێرانییەکان.

گومانەکانی باسوخواسی بەردەوامبوونی شەڕ دژی عێراق لە کۆبوونەوەی پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە قسەی لەسەر دەکرێت، ئەوەش وەک ترسی پێشێلکاری سوپای پاسداران تەماشا دەکرێت.

حکومەت هێشتا سوورە لەسەر بردنەوە، رەفسنجانی لە لایەنێکی چاوەڕوان نەکراوەوە بەدوای پاڵپشتیدا دەگەڕێت، بەشێوەیەکی نهێنی گرێبەستی چەک لەگەڵ ئەمریکییەکاندا دەبەستێت، رەفسنجانی لەگەڵ ئەمریکییەکان لەسەر ئەوە رێککەوت، بەرامبەر بە کڕینی چەکی دژە تانک و جۆری دیکە، هەوڵ بدات نفوزی خۆی لەلوبنان بەکاربهێنێت بۆ ئازادکردنی ئەمریکییە بەبارمتە گیراوەکان، ئێستا ئێران پلان دادەنێت بۆ پەکخستنی هێزی تانکە عێراقییەکان کە لەڕێی سەرکەوتنیدا وەستاون.

بەشی پێنجەم.. کلیل

بەهۆی دانوستانە نهێنییەکانی لەگەڵ ئەمریکییەکاندا، ئێستا رەفسنجانی سەدان موشەکی تاو و پارچەی یەدەگی بەدەست گەیشت.

بە پلانێکی هەڵخەڵەتاندنی بوێرانەوە و هێرش بۆسەر نیمچە دورگەی فاوی باشور، ئێرانییەکان هەنگاوی یەکلاکەرەوە بەرەو زەوییەکانی عێراق دەنێن، موشەکی تاوی ئەمریکی رێگری لە هێرش و پەلاماری پێچەوانەی عێراق دەکات، بەڵام جەنگەکە بە هەڵواسراوی لە رێگایەکی داخراودا ماوەتەوە.

لەم جەنگە شێتانەیەدا، ئەمریکا پێویستی بە ئاگربەست هەیە، سەرباری وەڵامدانەوەی عێراق، بەڵام هەوڵەکانی بنیادنانی ئاشتی شکست دەهێنێت و خومەینی و هێزەکەی سوورن لەسەر لەناوبردنی سەدام حسێن.

گرێبەستی چەکی رەفسنجانی ئاشکرا دەبێت، ئەوەش ئێران زیاتر لاواز دەکات و لەو کاتەشدا، سەدام خۆی بەمەبەستی هێرشی دواتر بۆسەر ئێران چەکدار دەکات.

بەشی شەشەم.. دڵی پێوانەکە

لە ساڵی ١٩٨٦، هێزەکانی عێراق هێرشەکانی سەر بەسڕەیان دامرکاندەوە، بەڵام درکیان بەوە نەکرد، پلان بۆ هێرشێکی بەرفراوان تر لە رۆژانی داهاتوودا دانراوە، کە رەنگە روبەروبوونەوەکە بگۆڕێت بۆ شکست، بەڵام بەرگرییەکانی سەدام بە رادەیەک بوو کە لە توانایدا بوو شکست بە ئێرانییەکان بهێنێت کە نەیاندەتوانی سود لە سەرکەوتنە پێشوەختەکەیان وەربگرن.

لە ترسی ئەو کوشتارگەیە، نەتەوە یەکگرتووەکان پلانی نوێی ئاشتی داڕشت، کە بۆیەکەم جار سزای بۆ ئەو لایەنانە دانا کە پێوەی پابەند نابن، بەڵام جەنگەکە سەختتر بوو کاتێک مینێکی ئێرانی کەشتیەکی ئەمریکای کردە ئامانج کە هاوشانی بەرهەڵگرە نەوتییەکانی کوەیتی لەڕێی کەنداوی عەرەبییەوە دەکرد، ئەمریکییەکان بۆ یەکەم جار تۆڵە دەکەنەوە، ئێستا هیچ گەڕانەوەیەک لە جەنگدا نییە.

ئێران هێرشەکانی لە ئاوی کەنداودا کەم دەکاتەوە، رەفسەنجانی پلان  بۆ هێرشێکی دیکەی زەمینی دادەنێت بۆ لەناوبردنی سەدام حسێن.

بەشی حەوتەم.. خاڵی داڕمان

لەگەڵ خراپبوونی باری ئابووری ئێران و نەخۆشکەوتنی خومەینی، رەفسنجانی پلان بۆ چاوپێداخشاندنەوەی کۆتایی بۆ یارییەکە دادەنێت.

لەدوای ئەوەی شکست دەهێنێت لە دەستبەسەرداگرتنی بەسڕە، هیواخوازە هێرش بکاتە سەر شاری هەڵەبجە لە باشوری کوردستان و داگیریبکات، هەتا بە یارمەتی هێزەکانی پێشمەرگە بیخاتە پێگەی بەهێزی دانوستانی ئاشتییەوە، هێرشەکە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

بەڵام ئێران شکستی هێنا لەوەی گرنگی بە وەڵامدانەوەی سەدام بدات، بەهۆی ئەو هەنگاوەوە، هێرشی کیمیایی بەرفراوانی کردە سەر کوردانی شارەکە، لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە سەرسامییەوە سەیری ئەو کارە دڕندانەیە دەکات و سەدامیش بڕیاری بەردەوامبوون لە هێرشەکەی دەدات.

لە هێرشێکی هەڵخەڵەتێنەرانەدا، سەدام ئێرانییەکان تووشی سەرسامی دەکات، نەک لەڕێی بەئامانجگرتنی زەوییەکانی کوردستان، بەڵکو زەوییەکانی باشور، لەڕێی گەڕاندنەوەی نیمچە دورگەی فاو بەشێوازێکی ستراتیژییانە.

زۆرێک دەپرسن: مەبەستی پشت ئەو جەنگە چی بوو؟

بەشی هەشتەم.. ژەهر

ئێران تاڕادەیەک لەسەر ئەژنۆکانییەتی، کاتێک خەریک بوو یەکێک لە مینەکانی لە هێرشێکی دەریایی بەرفراوانی ئەمریکا کەشتییەکی دیکەی ئەمریکی نقوم بکات.

رەفسنجانی ئەوە دەزانێت کە ناتوانێت لە شەڕی دژی عێراق و ئەمریکییەکان سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بۆیە بڕوا بە خومەینی دەهێنێت تەقەکردن بوەستێنێت و بەرەو سنورەکانی پێشووی شەڕ بکشێتەوە، بەڵام تەنانەت دوای ئەو قایلبوونەی خومەینیش لەسەر ئەو بڕیارەی بە ژەهراویکردن ناودەهێنرا، دانوستانکارانی ئێران رەتی دەکەنەوە لەگەڵ هاوتاکانیان لەسەر یەک مێز دابنیشن.

سەدام لەڕێی هێرشی زیاترەوە بۆسەر ئێران فشارەکانی بەرەوپێش دەبات، تەنیا کاتێک سعودیە دێتە نێوەندەوە، سەدام بڕیاری کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی دەدات و ئاشتی دەستپێدەکات.

شەڕ بە یەکسانی و دۆڕان کۆتایی دێت، زۆرێک دەپرسن: مەبەستی پشت ئەو جەنگە چی بوو؟

 

لە راپۆرتێکی العربیة وەرگیراوە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا