ستران عەبدوڵا: پارتی دەیەوێت گەمارۆی بزووتنەوەی سیاسی كوردی بدات

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس تیشكدەخاتە سەر بابەتی دیاری كردنی كاندیدی سەرۆككۆمار لەلایەن پارتی و رێككەوتنی پارتی لەگەڵ سەدر و حەلبووسی و دوایین هەڵوێستی یەكێتی لەسەر ئەو بابەتە دەخاتە ڕوو.

_ پۆڵەتیك پرێس: ئەوەی كە ئێستا روودەدات چییە؟ پارتی پۆستی سەرۆككۆماری دەوێت یاخود ئەمە شەڕی گۆڕینی ناوی كاندیدە؟

+ ستران عەبدوڵا: ئەمە شەڕێكە لە هەموو ئاراستەكان، پارتی پێی وایە كە حوكمڕانی لە كوردستاندا لە دەستی ئەودایە، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی لایە، پرەنسیپی پەرلەمانی والێكردووە كردوویەتی بە سەرۆكایەتی پەرلەمان نەك سەرۆكی پەرلەمان، لەو پۆستەی كە بە حساب لای یەكێتییە دوو شەریكی بۆ داناوە، پێی وایە هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن لاوازن، بۆیە پێی وایە ئەوەی رێگرە لەبەردەم پاوانخوازی پارتی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، ئێستا پۆستی سەرۆككۆماری كردووە بە ناونیشانێك بۆئەوەی لە رێگەیەوە ئیرادەی هێزە سیاسییەكان لە كوردستاندا بشكێنێت، بابەتەكە ئەوەنییە كاندیدەكەی یەكێتی بەدڵ نیە وە ئێمە پێمان وایە پارتی تموحی خۆی لەو پۆستە هەیە لەبەر دوو هۆكار ، یەكێكیان ئەوەیە پارتی دەیەوێت ئامادەیی خۆی لە بەغدا بەهێز بكاتەوە، بۆئەوەی تایتڵی بزوتنەوەی كوردی لە هەموو عێراقدا هەر خۆی بێت، لە كاتێكدا هەموومان دەزانین ئیدارەدانی پارتی بۆ بزوتنەوەی كوردی و دۆسیەی هەرێم لە عێراق چەند كەم و كوڕی و كێشەی تێدایە، خاڵی دووەم ئەوەیە پارتی ئامانجیەتی گەمارۆی بزوتنەوەی سیاسی كوردی بدات بە هەموو شێوەیەك.

_ پۆڵەتیك پرێس: ئەو كاندیدەی پارتی دایناوە هەموومان دەزانین كە پێشتر پۆستێكی وەزیری هەبوو دواتر لە پەرلەمان متمانەی لێسەندرایەوە لەبەرئەوەی وتیان دۆسیەی گەندەڵی هەیە، لە كاتێكدا بەپێی دەستوور پێویستە كاندیدی سەرۆككۆمار كەسێكی پاك بێت پارتی بۆچی ئەم كەسەی كاندید كردووە لە كاتێكدا ئەم مەرجەش بوونی هەیە؟

+ ستران عەبدوڵا: پێم وایە ئەمە كارێكی هەڵەیە، ئەمە قینێكی پارتییە لە كاندیدەكەی ئێمە، لە كاتێكدا ئەم قینی كوێرانەیەی پارتی لای ئێمە هیچ گوزارشتێكی نییە تەنها ئەوەنەبێت دەیەوێت شتێك بسەپێنێت كە پێی وایە لە قۆناغەكانی تردا توانیویەتی هەندێك شت بسەپێنێت وادەزانێت ئەو پەرۆشییەی كە یەكێتی هەیەتی بۆئەوەی كێشە لە كوردستان دروست نەبێت سەرچاوەكەی حسابكردنە بۆ هێزی پارتی ، لە كاتێكدا دەبوو تێگەشتنەكە وانەبێت، ئێمە پێمان وایە كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەركەوتوودەبێت، كاندیدێكی پەسەند و خۆشەویستە لەسەر ئاستی پرۆسەی سیاسی عێراق و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا.

_ پۆڵەتیك پرێس: لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردن یەكێتی و پارتی كۆبوونەوە، لە هەولێر و سلێمانی، لەم كۆبوونەوەدا چی وترا لە كاتێكدا پارتی و یەكێتی لە كوردستان كۆدەبنەوە، بەڵام لە هەمانكاتدا پارتی دەچێت هاوپەیمانی دەبەستێت لەگەڵ صەدر و حەلبوسی كاردانەوەی دوای كۆبوونەوەكان بوو پارتی وایكرد یان هۆكارەكەی چییە؟

+ ستران عەبدوڵا: ئێمە پێمان وایە دەرچەی هەر پرۆسەیەكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە هێزە سیاسییەكان پێكەوەبن، بۆئەوەی بە پێكەوەیی بتوانن بەرگری لەو شایستانە بكەن كورد لە عێراق هەیەتی، ئێمە كە وتمان پێكەوە لەگەڵ هێزە سیاسییەكان بڕۆینە بەغدا، نەمان وتی هەرچی پۆستی بەغدا هەیە بۆئێمەبێت، بەڵام ئێمە وتمان پێویستە پۆستی سەرۆككۆمار لای یەكێتی بێت، چونكە ئەگەر بەگوێرەی رێككەوتنەكانی پێشتربێت ئیستحقاقی یەكێتییە، ئەگەر بەگوێرەی عورفی سیاسی بێت هەر پشكی یەكێتیە، وە ئەگەر بەپێی پێویست هاوسەنگی هێزبێت لە كوردستان پێمان وایە ئەم پۆستە هی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

_ پۆڵەتیك پرێس: ئێستا سەرەنجێك هەیە لەسەر ئەو رێككەوتنەی پارتی كردوویەتی هەم لە ناو كورد و هەم لە ناو ماڵی شیعەشدا، بۆ نمونە هاوپەیمانی كراوە لەگەڵ موقتەدا صەدر كە ناو براو نایشارێتەوە كە دەڵێت پێشمەرگە هەڵبوەشێتەوە و بە میلیشیا ناوی دەبات، دەمەوێت رای تۆ لەسەر ئەمە بزانم چۆن هاوپەیمانی دەبەستی لەگەڵ كەسێك كە داوا دەكات پێشمەرگە هەڵبوەشێتەوە كە یەكێكە لە پیرۆزییەكانی گەلی كورد؟

+ ستران عەبدوڵا: من دەپرسم ئەم رێككەوتنەی پارتی كردویەتی لەگەڵ موقتەدا صەرد و لایەنی سوننە و ئەو هێزانەی تر چی تێدایە بۆ گەلی كورد یان بۆ هێزی پێشمەرگە یان بۆ ماددەی 140، چی تێدایە بۆ ماف و شایستەكانی هەرێم و پشكی هەرێم لە بودجە، ئەم رێككەوتنەی پارتی كردویەتی زەحمەت نەبێت بابۆمان روون بكەنەوە، چ دەستكەوتێكی تێدایە بۆ گەلی كورد، ئێمە پێمان وایە ئەو رێككەوتنەی پارتی كردوویەتی هیچی تێدانییە بۆ گەلی كورد، ئەگەر ئەمە بوختانە ئێمە بۆ پارتی دەكەین با وەڵاممان بدەنەوە.

_ پۆڵەتیك پرێس: بە خوێندنەوەی ئێوە ئاییندەی سیاسی عێراق بەرەو كوێ‌ دەڕوات؟

+ ستران عەبدوڵا: ئەوەی لە سیاسەت ئیش دەكات دەبێت هەمیشە گەشبین بێت و هەمیشەش سیناریۆی دانابێت بۆئەوەی بارودۆخەكە باش بێت وە بارودۆخەكە بخوێنێتەوە بەوەی ئەگەر ئاڵۆزی روویدا بەرەو كوێ‌ دەڕۆین، ئێمە پێمان وایە پرۆسەی سیاسی عێراق هێشتا بەشی ئەوەی تێدا ماوە كە رێكبخرێتەوە، بەڵام ئەمە نابێت لەسەر حسابی هیچ لایەنێك بێت، نابێت لەسەر حسابی كورد یان شیعە یان سوننەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا