پۆڵەتیك پرێس:
كەرتی تەندروستی عێراق هێندە وێرانە، تەنانەت پزیشكانیش ناتوانن خۆیان لەتووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا بپارێزن، كە شارەزایان لەو بڕوایەدان هەزاران پزیشك تووشی ڤایرۆسەكە بوونو ناتوانن خۆشیان چارەسەر بكەن.
بەپێی راپۆرتێك، ئەگەر ئەوە دۆخی كارمەندانی تەندروستی بێت، بۆ تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەوە دۆخی خەڵكی ئاسایی زۆر لەوە خراپترە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی كۆمەڵایەتینو هێزە عەشایەرەكان زاڵت تێدا.
نزیكەی مانگێك لەمەوبەر گەنجێكی سەر بەهۆزی هاسناوی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، كە لەلایەن پزیشكێكەوە چارەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنای بۆ دەكرا، ئەو شەوە، كە دكتۆر شەیبانی كارەكەی بەجێهێشت، 20 كەس لەكەسوكاری گەنجە كۆچكردووەكە، گرتیانو لێیدان تا هۆشی لەدەست دا .
هەرچەندە دیمەنەكانی هێرشەكە لەلایەن كامێرائەمنییەكانەوە گیراوە و دەكرێت ئەوە بە گریمانێكی پشتڕاستكراوەی تۆمەتباركردنی هێرشبەرەكان بێت، بەڵام بەرپرسان بەخانەوادەكەیان وتووە، كە ئەگەر ئەو سكاڵا نەكات سەلامەتر دەبێت.
حكومەتی عێراق توانای سەپاندنی رێكارە تەندروستییەكانی نییە
ئەمە دۆخی زۆرێك لەناوچەكانی عێراقە، بۆیە پزیشكان جگە لەوەی ناتوانن خۆیان لەڤایرۆسی كۆرۆنا پیارێزن، ناشتوانن رووبەڕووی ئەو كەسو عەشایەرانە ببنەوە، كە باوەڕیان بەڤایرۆسی كۆرۆنا هەر نییە.
لەبەرانبەر ئەوەشدا حكومەتی عێراق توانای سەپاندنی رێكارە تەندروستییەكانی نییە، چونكە زۆرێك لەناوچە عەشایەرییەكان، تەنانەت بەستی ماسك بە عەیبەو چاولێكەری بیانی دەبینن، ئەمە جگە لەوەی حكومەتی عێراق بڕێكی كەم بودجەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دابین كردووە.
هەروەها لەچەند ناوچەیەكی تر، پیاوانی ئاینی بەردەوامن لەكۆكردنەوەی خەڵكی بۆ بەڕێوەبردنی مەراسیمە ئاینییەكان، كە ئەمەش هۆكارێكی ترە بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆناو لەو بارەشەوە هۆشداری دەدرێت، كە ئەو كۆبوونەوە ئاینیانە زیاتر پەتاكە بڵاودەكاتەوە.
عێراق لەقۆناغی سێیەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایەو قۆناغی چوارەمیش بەرێوەیە
بەپێی ئامارە فەرمییەكان تائێستا زیاتر لە 350 هەزار عێراقی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون لەو ژمارەیەش نزیكەی 10 هەزار كەس مردوون، كە ئێستا باس لەوە دەكرێت، عێراق لەقۆناغی سێیەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایەو قۆناغی چوارەمیش بەرێوەیە، كە لەو قۆناغە عەموو كۆمەڵگەی عێراق دەگرێتەوە.
لەگەڵ بەردەوامی مەترسییەكان بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەرانسەری عێراق، ئاستی هۆشداری خەڵكی بەشێوەیەكە، لەو بڕوایەدان سەردانی مەزاری حسێن لە كەربەلا بكەن، لەتووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا پارێزراو دەبن.
هەروەها پیاوە ئاینییەكانیش هۆكارێكن بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو بیركردنەوەو لەناویادا موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر لەعێراق، سەرۆكایەتی هەڵمەتێك دەكات بۆ بەكراوەیی هێشتنەوەی مەزارگەكان و شوێنە ئاینییەكان، كە حكومەت بۆ رێگری لەبڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە دەیەوێت دایانبخات.