وەزیری ڕۆشنبیری لە بارەی زمانەوە داوایەك لە پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress 

وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پاراستنی زمانە فەرمیاكانەوە داوایەك لە پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری لە كۆنفرانسی پرسی زمان لە ڕاگەیاندن و ڕێكلامی بازرگانیدا كرد و ڕایگەیاند، یاسای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كە پەرلەمانی كوردستان دەریكردووە، ئەركی بایەخدان و پاراستنی زمانی كوردی و زمانی پێكهاتەكانی دیكەی كوردستانی بەم وەزارەتە سپاردووە و داواش دەكەم پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ جێبەجێكردنی یاسای پاراستنی زمانە فەرمییە‌كان لە هەرێمی كوردستان.

رۆژی یەكشەممە 26_2_2023 لە هۆڵی میوانخانەی “دیدمان” لە شاری هەولێر، لە ژێر چاودێری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە، سەبارەت بە “پرسی زمان لە ڕاگەیاندن و ڕێكلامی بازرگانی دا” كۆنفرانسێكی ڕێكخست و بڕیارە دوو ڕۆژ بخایەنێت و تێیدا چوار پانێل لە لایەن شارەزایانی بواری زمان و میدیاكاران پێشكەش دەكرێت و هەر یەكێكیان لە دیدێكی جیاوازەوە لەبارەی پرسی زمانەوە دەدوێت.

لە وتارێكدا، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی: ساڵی 2014 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای زمانە فەرمییەكانی دەركرد، ئەو یاسایەش جەخت لە فرەیی زمان لە عێراق دەكاتەوە، لە كۆتایی هەمان ساڵیشدا پەرلەمانی كوردستان یاسای زمانە فەرمییەكانی لە هەرێمی كوردستان دەركرد.

باسی لەوەشكرد، یاسای زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان، لە 27 ماددە پێكهاتووە، هەموو بوارەكانی تایبەت بە زمانی یاسا و دادگا، زمانی دامەزراوە حكومییەكان، زمانی خوێندن و زمانی پێكهاتەكان رێكخستووە.

هەروەها وتی: سەرباری پشتیوانی دەستوور و یاساكان بۆ زمانی كوردی و زمانی پێكهاتەكان، بەڵام تا ئێستا یاساكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان جێبەجێنەكراون.

سەبارەت بە جێبەجێنەكردنی یاسای زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ڕایگەیاند، “خەتاكە لە ئەستۆی خۆمانە، بۆیە دەبێت وەزارەتی ڕۆشنبیری و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە بەجددی كار لەسەر ئەم پرسە بكەن”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا