پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرەك وەزیری ڕاسپێردراو لە لوبنان دەڵێت پێكهێنانی كابینەی حكومەتەكەی لەناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا ڕاناگەیەنێت تا هاوكات نەبێت لەگەڵ ساڵیادی تەقینەوە خوێناوییەكەی بەندەری بەیروتدا.
نەجیب میقاتی، لە لێدوانێكێدا رۆژی دووشەممە، پاش كۆبوونەوەكەی لەگەڵ میشال عۆن، سەرۆكی لوبناندا وتی: لە ڕاستیدا سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەت، هیواداربووم خێراتر بووایە.”
میقاتی ئاشكراشیكرد، ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو جارێكی تر لەگەڵ میشال عۆندا كۆدەبێتەوە.
حكومەتەكەی حەسەن دیاب كە ئێستا حكومەتی كاربەڕێكەری لوبنانە، چەند ڕۆژێك پاش تەقینەوەكەی ڕۆژی 4ی مانگی هەشتی ساڵی 2020 دەستی لە كار كێشایەوە، لەو تەقینەوەیەدا زیاتر لە 200 كەس گیانیان لە دەستدا.
میقاتی كە تا ئێستا دوو جار سەرەك وەزیری لوبنان بووە و دەوڵەمەندترین كەسی وڵاتەكەشە، ڕۆژی 26ی مانگی 7 ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەت پاش ئەوەی سەعد حەریری، لە پێكهێنانی حكومەت كشایەوە.
سەرەك وەزیری ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەڵێت هیوای وابووە بەر لە ساڵیادی تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت بگاتە ڕێككەوتن، بەڵام ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەكەن كە هێشتا لایەنە سیاسییەكانی لوبنان لە مشتومڕدان لەسەر پۆستە وەزارییەكان، بە هەمان ئەو شێوەیەی بووە ڕێگر لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ لە یەك ساڵی ڕابردوودا.