زانیاری لەبارەی دامەزراندنی كارمەندی سەر سندوقەكانی دەنگدان

پۆڵەتیك پرێس

كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی عیراق فۆرمی وەرگرتنی كارمەند بۆ سەر سندووقەكانی دەنگدان رانەگەیاندووە، بەرپرسێكی كۆمسیۆنیش چەند زانیاریەك لەوبارەیەوە دەخاتەڕوو.

ئامانج عەزیز بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند: “لەئێستادا پارێزگاكان سەرقاڵی دابەشكردنی كارتی دەنگدانن، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەكاری بۆ راهێنانی كارمەندان دەكرێت لەبارەی چۆنیەتی بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنییەكان بۆ پرۆسەكە”.

بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمسیۆن وتیشی “تائێستا میكانیزمی دامەزراندنی كارمەندی سەر سندوقەكانی دەنگدانمان بەدەست نەگەیشتووە و نازانین چەند كارمەن وەردەگیرێت، بەڵام دواتر فۆرمی وەرگرتنی كارمەند بە شێوەی گرێبەست بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان بڵاودەكرێتەوە”.

لەبارەی پێدانی ژمارە بە پاڵێوراو كاندیدەكانی هەڵبژاردن ئامانج عەزیز باسی لەوەكرد، تائێستا لە نوسینگەی نیشتمانی هەڵبژاردنەكان وردبینی لە ناوی پاڵێوراوەكان و كاندیدەكاندا دەكرێت، دوای ئەوەی ناوەكانیان پەسەند دەكرێت تیروپشك بۆ ناوەكانیان دەكرێت بەمەبەستی پێدانی ژمارە پێیان.

لای خۆشیەوە حسێن رەقیب بەرێوەبەری دەستەی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێم لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عیراق بۆ راگەیاندنەكانی ئاشكراكردووە، بۆ رۆژی دەنگدان لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم پێویستمیان بە دامەزراندنی 30 هەزار كارمەند هەیە، بەڵام تائێستا هیچ كارمەندێك وەرنەگیراوە.

بڕیارە رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا