لەسەر داگرتنی ئاڵای كوردستان پەرلەمانتارێك: نابێ رێگە بەم بێ حورمەتییە بدەین

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەك لە یاریگای نێودەوڵەتی بەسرە كە تیایدا رێگە بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان نادرێت، پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان روودەكاتە نوێنەرانی كورد لە پەرلەمان و حكومەتی عێراق و دەڵێت : ئەگەر لەسەر ئەم بێ ڕێزیەی بە ئاڵای گەلەكەمان دەكرێت بێدەنگ بن، چیتر نوێنەری ئێمە نین.

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی لەسەر ئەو رووداوەی ناو یاریگای بەسرە لە كۆتا یاری جامی كەنداو كە رێگری لە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان كراوە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەڵێت: لە پێناو كورد و كوردستان و ئاڵای پیرۆزەكەی كوردستان، بە درێژایی مێژوو و لەم‌ عێراقەدا، دەیان هەزار گەنجی ئەم نیشتیمانە گیانیان بەخشی و بوون بە قوربانی، هەزاران گەنجی شۆڕشگێر، بەندكران، نەفیكران و لە ژێر ئەشكەنجە و ئازار و بە گوللـەی دوژمن كەمئەندام بوون.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: هەزاران، لە سێدارە دران، هەزاران ماڵ خاپوور كران، گوند راگوێزرا، شار چۆڵكرا، ئەنفال و كیمیابارانمان بینی، بەڵام هیچ كات ئاڵاكەی دەستیان لێ نەسەندین و هیچ كەس نەیتوانی كورد بوون و كوردستان و ئاڵا بە خوێن پارێزراوەكەمان لێ زەوت بكات.

جەختیش دەكاتەوە، ئێستاش نابێ رێگە بەم بێ حورمەتییە بدەین.

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی دەشنووسێت بەڕێز سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ/ پارێزەری دەستوور، بەڕێز جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بەڕێزان جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرو كارمەندانی باڵای كورد لەناو دامەزراوە فیداڵییەكانی عێراق، بەڕێزان نوێنەرانی ئەم ئاڵایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەگەر لەسەر ئەم بێ ڕێزیەی بە ئاڵای گەلەكەمان دەكرێت بیدەنگ بن، چیتر نوێنەری ئێمە نین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا