هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەی موچە شاندێك رەوانەی بەغدا دەكات

پۆڵەتیك پرێس:
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی موچەی فەرمانبەران، شاندێك رەوانەی بەغدا دەكات.

لەو بارەوە فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ئەو شاندەی بڕیارە سەردانی بەغدا بكات هێشتا كاتەكەی و تیمەكە بڕیاری لێنەدراوە، بەڵام لەچەند رۆژی داهاتوو شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات.

فارس عیسا وتیشی: كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا تەنیا كێشەی موچە نییە، بەڵكو كێشەی خاك و مافە دەستوورییەكانمان هەیە لەگەڵ حكومەتی عێراق، بۆیە ئەوەی رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لەپەرلەمانی عێراق روویدا پێشهاتێكی مەترسیدارە.

باسی لەوەشكرد، پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای داداگای باڵای فیدراڵی لەبەردەستدایە، ئەگەر بەهەمان نەفەسی پەسەند كردنی پرۆژە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی ئەو پرۆژە یاسایەش پەسەند بكرێت ئەوە مەترسییەكان زیاتر دەبن، چونكە ئەو كاتە كێ زۆرینەبوو بەویستی خۆی هەرچی ویست دەیكات.

ئەمە لەكاتێكدایە، بەیانی رۆژی یەك شەممە 15ی تشرینی دووەم لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم بەڕێوەچوو بەمەبەستی تاوتوێكردنی رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق.

هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق یاسای قەرزو كورتهێنانی دارایی پەسەند كرد، كە پەسەندكردنی ئەو یاسایە كاردانەوەی هەرێمی كوردستانی بەدواوە هاتووە، بەو پێیەی هەرێمی پابەندكردنی بەداهاتە نەوتی‌و نانەوتییەكان، لەبەرانبەر ناردنی بودجە بۆ هەولێر.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا