قوباد تاڵەبانی و شاندێكی فەرەنسا دوایین پەرەسەندنەكانی هەرێم و عێراق تاوتوێدەكەن

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی و شاندێكی فەڕەنسا پێكەوە باسی دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی هەرێم و عێراق و ناوچەكەیان كردو جەختیان لە گرنگی رەخساندنی دیالۆگی نیشتمانی بۆ گەیشتن بە چارەسەری كێشەكان كردەوە.

قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال، رۆژی شەممە 1_10_2022، پێشوازیكرد لە سیناتۆر كریستیان كامبۆن سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و بەرگری و هێزە چەكدارەكان لەئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا.

لەو دیدارەدا كە لە مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك) لە هەولێر بەڕێوەچوو و ئۆلیڤیێ دیكۆتینێ كونسولی فەرەنسا ئامادەیبوو، گفتوگۆكرا لەبارەی دوایین پەرەسەندنەكانی دۆخی عێراق و هەڕەشەكانی سەر پرۆسەی سیاسی و هەوڵی لایەنەكان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی پێویست. لەو بارەیەوە، جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە لایەنە سیاسییەكان پەنابەرنە بەر دیالۆگی نیشتمانی و داڕشتنی سیاسەتێكی حوكمڕانی چاكساز لەپێناو بەرژەوەندی وڵات دا.

لەو چوارچێوەیەشدا ووردەكاری هاوكێشە سیاسیەكانی ناوچەكە لەبەر رۆشنایی كاریگەرییە دەرەكییەكان گفتوگۆی لەبارەوە كرا، بەتایبەت بۆردوومانەكانی ئەم دواییەی ئێران بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی داوای كرد كە؛ فەرەنسا رۆڵ ببینێت لە پاراستنی سەقامگیری هەرێمی كوردستان لەڕێی كەناڵە دیپلۆماسییەكانییەوە.

سەبارەت بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی چاكسازی، شاندی میوان دەستخۆشیان لە هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی كرد بۆ بەرەوپێشبردنی بواری حكومڕانی و چاكسازی لەسەرجەم جومگەكانی حكومەت و بەرێوەبردندا، هاوكات پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا