پەرلەمانتارێكی یەكێتی : هێزی  70 و 80 نەچوونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

پۆڵەتیك پرێس

وه‌زیری ناوخۆی هەرێم له‌باره‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزەكانی  70 و 80 ی  پێشمه‌رگه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، یه‌كه‌ی حه‌فتا و هه‌شتا هی پارتی و یەكێتین و ئه‌وان ده‌توانن بڕیار بده‌ن، بەڵام پارتی له‌و باره‌یه‌وه‌ بڕیاریداوه‌ و هێزی 80 چووه‌ته‌ ناو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، چاوه‌ڕ‌ێ‌ دەكەن‌ یه‌كێتیش هه‌مان بڕیار بده‌ن، بەڵام جێگری لیژنەی كاروباری پێشمه‌رگه‌ لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت هەردوو هێزی 70 و 80ی پێشمەرگە سەرقاڵی خۆ رێكخستنەوەن و هیچ هێزێكیان نەچوونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، هەردوو هێزی 70 یەكێتی و 80 ی پارتی سەرقاڵی رێكخستنەوەی هێزەكانیانن، دەیاەوێت هێزەكانیان  لەڕووی ژمارەوە بكەنە لیوای تەواوی بێ كەمو كوڕی و دوای تەواو بوونی كارەكانیان لەچوار چێوەیەكی نیزامیدا هێزەكان  دەخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

وتیشی، لەدوای كۆتایی هاتنی هەنگاوەكانی رێكخستنەوەی هێزەكانی 70 و 80  دەبێت هەردولا كۆك بن لەسەر ئەوەی هێزەكانیان بەفۆڕمێكی نوێوە بخرێتە سەروەزارەتی پێشمەرگە.

راشیگەیاند، پێشنیار كراوە سەركردایەتی ناوچەیی بۆ بەڕێوەبردنی هێزەكان دروست بكرێت  بەجۆرێك   ئەگەر هێزێك  لەسنوری هەولێر بوو  پارتی سەرپەرشتی بكات و هێزێك لەسلێمانی بێت یەكێتی سەرپەرشتی بكات.

بەوتەی جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان،   هاوپەیمانانیش دژی ئەو هەنگاوە نین و كۆكن  لەسەر ئەوەی هێزی پارتی و یەكێتی لەسلێمانی لای یەكێتی بێت و لەهەولێریش لای پارتی بێت.

دەربارەی  وتەكانی وەزیری ناوخۆ  لەسەر چوونی هێزەكانی 80 بۆ سەروەزارەتی پێشمەرگە، سەچاوەیەكی باڵا لەناو هێزەكانی پێشمەرگە بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند،  تا ئێستا هێزەكانی 80 بەشێوەیەكی  رەسمی نەخراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە  لەژێر فەرمانی پارتیدان.

سەرچاوەكە وتیشی، هێزەكانی 80ی پارتی بەهیچ شێوەیەك نەخراونەتەوە  سەر وەزارەتی پێشمەرگە  و لەناو هێزەكانی پێشمەرگەوە زیاتر لە 300 پێشمەرگە بەبیانووی میلاكاتی زیادە خراونەتە سەر میلاكی هێزەكانی 80ی پارتی  بۆ پڕكردنەوەی میلاكات.

ئه‌مرۆ دوو شه‌ممه‌ 7 ی ئایاری 2021 له‌باره‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌، وه‌زیری ناوخۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، یه‌كه‌ی حه‌فتا و هه‌شتا هی  یەكێتی و پارتین  ئه‌وان ده‌توانن بڕیار بده‌ن، ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم، پارتی له‌و باره‌یه‌وه‌ بڕیاریداوه‌ و هێزی 80  چووه‌ته‌ ناو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، چاوه‌ڕوانین  یه‌كێتییش هه‌مان بڕیار بده‌ن.

 

 

 

 

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا