یاسای هەڵبژاردنەكان هەموار دەكرێتەوە

پۆڵەتیك پرێس:

پێدەچێت لەماوەی مانگێكدا یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان بە مەبەستی هەمواركردنەوە ‌و ئەندامێكی پەرلەمانی عێراقیش رایدەگەیەنێت ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراقدا خواستی جەماوەر و لایەنی دەرەكی و مەرجەعیەتە.

ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئەو بڕگانەی پێویستیان بە هەمواركردنەوە هەیە، بریتین لە گۆڕینی كارتی ئەلیكترۆنی بۆ كارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدان و ئەژماركردنی دەنگەكان بەدەستی، نەك بە شێوەی ئەلیكترۆنی لەپێناو رێگریكردن لە ساختەكاری، بڕگەیەكی تر ئەوەیە هەموو دەنگدەرێك بۆی هەبێت لەو بازنەیەی مافی دەنگدانی هەیە، بەپێی رێژەی كورسی دیاریكراوی ئەو بازنەیە دەنگ بدات، واتە بازنەیەك ئەگەر 7 كورسی بۆ دیاری كرابوو دەنگدەر بتوانێت دەنگ بە 7 كەس بدات.

ئەحمەد حاجی رەشید وتی: هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆی كە 6 ی حوزەیرانی 2021 ە بەڕێوەناچێت، بەڵام هەر دەبێت لە كاتێكی نزیك لەو وادەیە ئەنجام بدرێت، چونكە داخوازی جەماوەر و خۆپیشاندەر و مەرجەعیەت و نەتەوەیەكگرتووەكانیش ئەوەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، لە ئێستاشەوە جنین هینیس بلاسخارت نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق دەستی بە جموجوڵ كردووە بۆ ئامادەكاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.

لە 24كانوونی یەكەمی 2019 پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی پەسەندكرد كە لە 50 ماددە پێكهاتووە، بەپێی یاسا نوێیەكە بازنەی هەڵبژاردنی لە پارێزگاوە بۆ ئاستی قەزا بچوككردووەتەوە و ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بۆ 250 كورسی كەمكردووەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا