عێراق بەدەیان قەیرانەوە دەچێتە ڕەمەزانەوە

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

لەنێوان بێکاری و دابەزینی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی نرخەکان، نزیکەی 40 ملیۆن عێراقی بەدوودڵی پێشوازی لەمانگی ڕەمەزان دەکەن، لەکاتێکدا گیرفانیان بەتاڵە و دۆخ و گوزەرانیان سەختە و ناتوانن پێداویستییە سەرەکییەکانیان دابینبکەن، ئەوە جگە لەبوونی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوری و تەندروستییەکانی.

ئوم حسێن کە لەدوای لەدەستدانی هاوسەرەکەیەوە بەتەنیا بەرپرسە لەبەخێوکردنی پێنج منداڵ دەڵێت: ئەگەر بمانەوێت بەڕۆژووببین، دەبێت بەشی پێویست خۆراک بخۆین، لەکاتێکدا نرخی یەک کیلۆگرام تەماتە لە 500 دینارەوە بۆ 1000 دینار بەرزبووەتەوە.

ئەو ژنە تەمەن 58 ساڵە کە هیچ سەرچاوەیەکی جێگیری داهاتی نییە، هەموو مانگێک هەوڵدەدات بۆ کۆکردنەوەی 70 هەزار دینار بۆ دابینکردنی کرێی خانووەکەی، بۆ خۆراکیش پشت بە بیمەی خۆراک لەسە کارتی بەشەخۆراکی مانگانە دەبەستێت و دۆخی هاوشێوەی دۆخی 16 ملیۆن عێراقی دیکەیە کە بەدەست هەژارییەکی زۆرەوە دەناڵێنن.

نزیکەی 40 ملیۆن عێراقی بەدوودڵی پێشوازی لەمانگی ڕەمەزان دەکەن

بەپێی ئەو کارتی بەشەخۆراکە کە دەسەڵاتدارانی عێراق ساڵانی نەوەدەکان و لەسەردەمی ئابڵوقەی ئابوری دەستیان بە دابەشکردنی کرد، هەر  خێزانێک مانگانە بەبەهای نزیکەی 1.5 ملیۆن دینار بەشە خۆراکی مانگانەی وەردەگرت، بەڵام ئەم بڕە خۆراکە لەدوای ساڵی 2003 بەجۆرێک کەمکرایەوە کە پێویستی خێزانەکانی پێپڕنەدەکرایەوە.

لەوبارەیەوە ئەبوسەیفی تەمەن 36 ساڵ کە کۆگای دابەشکردنی بەشەخۆراکی لەباوکییەوە بۆماوەتەوە باس لەوەدەکات، لەمساڵدا تەنیا بەشەخۆراکی یەک مانگیان بەدەست گەیشتووە کە ئەویش مانگی شوبات بووە. دەشڵێت: هیچ بەشێکمان بۆ مانگی ڕەمەزان بۆنەهاتووە و زۆرێک لەخێزانەکان پەیوەندیمان پێوەدەکەن بۆ ئەو مەبەستە.

پێشتر مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیمانیدا بەدابەشکردنی بەشەخۆراکی زیاتر تایبەت بەمانگی ڕەمەزان، بەڵام هەتا ئێستا ئەمە ڕووینەداوە، لەلایەکی دیکەوە ڕێژەی قەرزداری خێزانەکان زیادیکردووە چونکە توانای کڕینی پێداویستییەکانیان نییە.

بەبڕوای شارەزایان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم هەڵکشانە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکان و دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار، جگە لەمانەش دابەزینی نرخی نەوت کە بە سەرچاوەی سەرەکی بودجە و داهاتی عێراق دادەنرێت.

سەرباری بەرزبوونەوەی نرخەکان، داهات و هەلی کار بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەپاشەکشەدان، لەکاتێکدا زۆرێک لەدانیشتووانی عێراق کە چەندین ساڵە بەدەست ناکۆکی و جەنگەوە دەناڵێنن، پشت بە کاری رۆژانە و کاسبی دەبەستن.

داهات و هەلی کار بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەپاشەکشەدان

لەلایەکی دیکەوە لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراک “فاو” کە سەربە نەتەوەیەکگرتووەکانە باس لەوەکراوە، بەهۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیاتر لە %90ی کۆمپانیا قەبارە بچوک و مامناوەندەکانی کشتوکاڵ لەعێراق ڕێژەی دەستی کار یاخود موچەی کارمەندەکانیان کەمکردووەتەوە.

بەشێوەیەکی گشتی زۆرێک لەو خێزانانەی لەدۆخێکی سەختی گوزەرانیاندا دەژین پەنایانبردووەتەبەر قەرز تا بتوانن کرێی مانگانەی کارەبای مۆلیدە و کرێ خانوو و بژێوی ماڵ و منداڵەکانیان دابینبکەن، بەمهۆیەوە زۆرێک لەخێزنەکان وازیان لەنەریتەکانی خۆیان لەمانگی ڕەمەزاندا هێناوە.

ئەبو ئەحمەد کە هاوڵاتییەکی عێراقییە و خێزانێکی چوار کەسی بەڕێوەدەبات دەڵێت: بەهۆی کۆرۆناوە هیچ کەسێک بۆ بەربانگکردنەوە بانگهێشت ناکەم، جگە لەمەترسی دۆخە تەندروستییەکەش، دۆخی ئابوریش لەلایەکی دیکەوە رێگە نادات پێداویستییەکانی بانگهێشتکردنێکی شایستە دابین بکەین بەتایبەت کە لەئێستادا نرخەکان بەوشێوەیە لەبەرزیدان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا