تڕەمپ؛ لە چەند هەفتەی داهاتوودا ڤاکسین ئامادە دەبێت

پۆڵەتیک پرێس

سەرۆکی ئەمریکا، دەڵێت؛ لەماوەی چەند هەفتەیەکدا ڤاکسینێکی کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەئەمریکا ڕادەگەیەنرێت.

دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند؛ (ڕۆبێرت ڕێدفیلد)ی بەرپرسی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان و چارەسەریی، هەڵەی کردووە یان لەوانەیە شڵەژابێت کاتێک بە کۆنگرێسی وت ڤاکسینی کۆرۆنا تا سالی 2021 بەردەست نابێت و  دەمامک، چەکێکی سەرەکیە دژی ڤایرۆسەکە.

بە وتەی دۆناڵد تڕەمپ، ئەمریکا زۆر نزیکە لە دەستخستنی ڤاکسینەکەو، باوەڕیان وایە  لەمانگی تشرینی یەکەم یان لەکورترین ماوەدا ڤاکسینەکەیان بەردەست دەبێت.

تڕەمپ ئەوەشی وتووە: “دەمەوێت پێتان بڵێم کە ئامادەین لەزووترین کاتدا دەست بکەین بە دابەشکردنی ڤاکسینەکە”.

لە وەڵامی ئەم وتانەی تڕەمپدا، جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە تویتێکدا، نووسیویەتی: لەڕوانگەی بیرو بۆچوون و توانای زاناکانمانەوە من متمانەم بە ڤاکسینەکان هەیە، بەڵام متمانەم بە دۆناڵد تڕەمپ نییە.

بایدن دوای وەرگرتنی چەند زانیارییەک لە پسپۆڕانی تەندروستی گشتی وڵاتەکەی ڕایگەیاند؛ پشتگیری لەڤاکسینێکی خێراو کاریگەر دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەم تا ژیان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

وتیشی؛ دەبێت پرۆسەی گەیشتن بەڤاکسینێکی خێرا و کاریگەر بەپاڵپشتیی زانست ڕێنوێنی بکرێت، نەک سیاسەت .

پێشتر(ڕۆبێرت ڕێدفیلد) بەرپرسی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان و چارەسەر لە ئەمریکا، وتبووی ڕەنگە دابەشکردنێکی ” زۆر سنووردار ” ی ڤاکسین بۆ گرووپە لەپێشینەکان، لەوانە کارمەندانی پزیشکی، لە مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم دەست پێ بکەن و  بە لایەنی کەمەوە چەند مانگێکیشی پێویستە بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی .

ئەوەشی خستبووەڕوو، بە پەرۆشین بۆ دەستخستنی ڤاکسینێکی سەلامەت و کاریگەر کە ڕەنگە بۆ کۆتایی چارەکی دووەم، یان چارەکی سێیەمی ساڵی 2021 پێی بگەین.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا