پارتی و سەدرییەكان عێراق رووبەڕووی كۆمەڵێك سیناریۆی مەترسیدار دەكەنەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قەیرانی سیاسی عێراق لەدوای شكستهێنانی كۆبوونەوەكەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار قوڵتربووەوە، هەریەكە لە ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆكایەتی نوری مالكی، لەسەر هەڵوێستی خۆیان سوور بوون، بەمەش دەرگا بەڕووی چەند سیناریۆیەكی هەمەجۆردا دەكرێتەوە كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕوبەڕوی پڕۆسەی سیاسی عێراق دەبنەوە.

ڕۆژی شەممە بەهۆی ئامادەنەبوونی بەشێك لە فراكسیۆن و پەرلەمانتاران، جارێكی دیكە پەرلەمانی عێراق پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری دواخست.

هاوپەیمانی “ڕزگاری نیشتمان” كە پێكهاتووە لە موقتەدا سەدر و مەسعود بارزانی و محەمەد حەلبوسی، نزیكەی 168 ئەندامی هەیە، توانیویشیەتی نزیكەی 40 ئەندامی دیكە بهێنێتەپاڵ ڕیزەكانی، بەڵام هێشتا پێویستی بە 20 ئەندامی دیكەیە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەكە و تێپەڕاندنی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، كاندیدی ئەم هاوپەیمانییەش بۆ پۆستی سەرۆككۆمار ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمە.

لەوبارەیەوە عەلی بەدر، شارەزا لە كاروباری عێراق ڕایگەیاند، “ئەوەی شەممە ڕوویدا نیشانەیە بۆ ئەوەی ئیرادەی نیشتمانی لەناو سیستمی سیاسیدا نەماوە و هیچ سەربەخۆییەكی ڕاستەقینە نییە”، وتیشی، “ڕێكككەوتن چارەسەری سەرەتا و كۆتاییە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان”.

لەبارەی هاوپەیمانی سێقۆڵی باسی لەوەكرد، “پێدەچێت هاوپەیمانی سێقۆڵی بە ئاشكراكردنی بەرنامەی حكومی تایبەت بە خۆی هەڵەی كردبێت، بەتایبەتی كە ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و ڕێگریكردن لە چەكی نایاسایی بەشێكن لە بەرنامەی حكومەتەكەی، بۆیە پێدەچێت هەر ئەمەش فراكسیۆنەكانی دیكەی والێكردبێت دژی بوەستنەوە”.

لە دانیشتنی ڕۆژی شەممە هێز و حزبە سیاسییەكان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، یەكەمیان خاوەنی 202 ئەندامە بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر و بە هاوبەشی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی و هاوپەیمانی سیادەی سوننی، بەڵام بەرەی دووەم لەلایەن نوری مالكی سەرۆكایەتی دەكرێت، كە توانی بە ئامادەنەبوونی، دانیشتنەكەی پەرلەمان دوابخات.

هەر ئەمەشە دەرگا بەڕووی چەند سیناریۆیەكدا دەكاتەوە لە داهاتوودا، لەدیارترینیان بەرەوپێشچوونی سیاسی و تەواوكردنی ڕێكارە دەستوورییەكان، یاخود چوونەناو تونێلێكی تاریك لەڕێی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی.

بەگوێرەی بیروبۆچوونی بەشێك لە فراكسیۆنەكان و كەسایەتییە سیاسییەكان، گەر وا بڕوات پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و دەبێت هەڵبژاردن دووبارەبكرێتەوە، لە حاڵەتی ڕوودانی ئەمەش سەرجەم كۆدەنگییە بنچینەییەكان لەناودەچێت و خۆپیشاندانەكان دەستپێدەكاتەوە.

لەلایەكی دیكەوە عەلی تەمیمی، شارەزای بواری یاسا دەڵێت، “بەتێپەڕینی ئەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار دانراوە، دەكەوینە بەردەم پێشێلكارییەكی ئاشكرای بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی، كە رێگەی داوە بە كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ ماوەی یەك جار، وە دەكەوینە بەردەم شكستێك كە چارەسەری نابێت، ڕەنگە لەسەر داوای سێیەكی پەرلەمانتاران و بەڕێككەوتنی زۆرینە بەگوێرەی ماددەی 64ی دەستوور پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.

دەشڵێت، “ڕەنگە لەو حاڵەتەدا بكەوینەوە بەردەم هەڵبژاردنێكی نوێی پێشوەختە، ئەم حكومەتەی ئێستاش تا ئەو كاتە ببێتە حكومەتی كاربەڕێكەر و كارەكانی ڕۆژانە بەڕێوەببات”.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هێشتا هەلێك لەبەردەم پەرلەماندا ماوە كە ئەویش ڕێكەوتی 30ی مارسە و وادەی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقە بەر لە كۆتاییهاتنی ماوەی دەستووری، هەر ئەمەشە دوو بژاردە دەخاتە بەردەممان، یان ئەوەتا پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە، یان دەكەوینە ناو بۆشاییەكی گەورەی دەستووری.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا