پۆڵەتیك پرێس
هاوپەیمانی فەتح داوای خشتەیەكی كاتی ڕوون و كورتخایەنی كرد بۆ كشانەوەی هەموو هێزە بیانییەكان لە عێراق و موقتەدا سەدریش هەڕەشەی كردەوەی سەربازی دەكات دژی هێزە بیانییەكان ئەگەر هات و رێككەوتنی كشانەوەی ئەو هێزانە جێبەجێنەكرا .
لە بەیاننامەیەكی هاوپیمانیەكەدا كە رۆژی پێنج شەممە بڵاوی كردووەتەوە هاتووە: ئێمە لە نزیكەوە چاودێری خولی سێیەمی دیالۆگی ستراتیژی عێراق و ئەمەریكا دەكەین بە مەبەستی گواستنەوەی ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئەركێكی جەنگییەوە بۆ ئەركێكی راهێنانی ڕاوێژكاری و بە هەنگاوێكی ئەرێنی دەزانین لە بەدیهێنانی تەواوی سەروەری نیشتمانی و گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە تەواوی وڵاتدا.
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەشدا هاتووە، ئەمەش پێویستی بە خێراكردنی پێكهێنانی لیژنەی تەكنیكی پەیوەندیدار و دانانی خشتەی كاتی ڕوون و كورتخایەن هەیە بۆ كشانەوەی هەموو سەربازە بیانییەكان لە عێراق بە زووترین كات.
لەلایەكی دیكەوە موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر هەڕەشەی كردەوەی سەربازی لە دژی ” هێزە بیانییەكان ” كردووە ئەگەر مەرجەكانی ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق پێشێل كرا .