یەكێتی: یاسای هەڵبژاردن گیروگرفتی زۆری تێدایە و پێویستە هەمواربكرێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی دەڵێت، یاسای هەڵبژاردن كێشە و گیروگرفتی زۆری تێدایە و پێویستە هەمواربكرێتەوە، هەروەها كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ماوەكەی بەسەرچووە و پێویستە كۆمسیۆنێكی نوێ‌ دابمەزرێت.

رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: پێش دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كە ماوەی دوو ساڵە وادەكەیان بەسەر چووە، دەبوو زۆر زووتر ئەم كۆمسیۆنە یان ماوەكەیان بۆ درێژبكرایەتەوە یان لە رێگای پەرلەمانی كوردستانەوە كۆمسیۆنێكی تازە دەستنیشان بكرایەت.

رزگار حاجی حەمە وتی: یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە چونكە كێشە و گرفتی زۆری تێدایە سەبارەت بە بازنەكانی هەڵبژاردن كە هەرێمی كوردستان یەك بازنەبووە پێمان وایە ئەم سیستمە بۆ كاتی خۆی گونجاو بووە بەڵام ئێستا پێویستە هەمواربكرێتەوە بۆ ئەوەی هەموو كاندیدەكان لە پارێزگاكان دەنگی خۆیان بهێنن، دەنگی شارێك بۆ شارێكی تر نەبێت بۆئەوەی ئەو نوێنەرانەی هەڵدەبژێردرێن خزمەت بە سنورەكەی خۆیان بكەن.

وتیشی: كێشە و گیروگرفتی تر هەیە لە بابەتی تۆماری دەنگدەران و كورسی كۆتای پێكهاتەكان، هەربۆیە پێویستە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەمواربكرێنەوە .

رۆژی پێنجشەممە 24_2_2022 نێچیرڤان بارزانی بە فەرمانێكی هەرێمی، رۆژی 1_10_2022 ی دەست نیشانكرد بۆ ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا