پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر هەموو هێزە سیاسییەكانی عێراق بڕیارێكی تەندروست بدەن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە و رێوشوێنە پێویستەكانی پەرلەمانیی بگرنەبەر، یەكێتیش دابڕاو نابێت لەو داخوازییەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە.
رزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، سەرەتا پێویستە پەرلەمان دەست بە دانیشتنەكانی بكاتەوە چونكە هەموو هەڵبژاردنێك پێویستی بە بڕیاری پەرلەمانیی هەیە، چونكە ئەگەر پەرلەمان كارەكانی خۆی ئەنجام نەدات كێ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رابسپێرێت بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی وتی: هاوكات دەبێت یاسای هەڵبژاردن بەپێی داخوازی لایەنە سیاسییەكانی عێراق هەمواربكرێتەوە، هە موو ئەمانەش پێویستیان بەكاتە و كۆمسیۆنیش ئەگەر كاتی تەواوی لەبەردەست نەبێت ناتوانێت هەڵبژاردن ئەنجام بدات.
وتیشی: ئەوەندەی ئاگاداربم هەموو لایەنەكان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن بەڵام بەو مەرجەی هەموو رێكارە یاساییەكان بگیرێتەبەر و پەرلەمان دەست بە دانیشتنەكانی بكاتەوە.
روونیشیكردەوە، هەروەها ئەم حكومەتەی ئێستا هەیە حكومەتێكی كاربەرێكەرە ئەبێت، سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران دیاری بكرێن و حكومەتێك هەبێت و سەرۆكوەزیرانێكی هەبێت كە بتوانێت بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات و دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت كۆمسیۆن و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە رابسپێرێت بۆئەوەی بە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنەكە هەستن.
دەربارەی هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە رزگار حاجی حەمە باسی لەوەكرد، ئەگەر داواكاری هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق ئەوەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، بە مەرجێك رێوشوێنە یاساییەكان بگیرێتەبەر و پەرلەمان دەست بە دانیشتنەكانی خۆی بكاتەوە و یاسای پێویست دەربكات بۆ هەڵبژاردنەكە و حكومەتێكیش بودجە و پێداویستییەكانی هەڵبژاردن دابین بكات، ئەو كاتە یەكێتیش دابڕاونابێت لە هەموو حزبە سیاسییەكانی عێراق.
رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت و ئاڵۆزییە سیاسییەكانی عێراقیش بەجۆرێكە ئێستا بەشێك لە هێزە سەرەكییەكانی ناو پەرلەمان و رەوتی سەدریش ئەگەرچی پەرلەمانتارەكانی دەستیان لە كار كێشایەوە لە 12 ی حوزەیرانی رابردوو داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن.