داوای بەگەرخستنەوەی كارگەكان لەحكومەت دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بۆ ئەوەی هەلی كار بۆ گەنجەكان دابین بكرێت و كێشەی بێكاری چارەسەربكرێت دەبێت حكومەتی هەرێم كارگەكانی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان بەگەر بخاتەوە.

عەبدول ستار مەجید، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لەپەرلەمانی كوردستان بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بیرۆكەی خستنەوەگەڕی كارگەكان لەهەرێمی كوردستان كە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانكراوە ئەگەر بەربەستی بۆ دروست نەكرێت و هەموو لایەك بە دڵسۆزانە وەریبگرن و کاری لەسەر بکرێت، بەشێکی زۆری کێشەی بێکاری چارەسەردەكات و لە زۆر بواریشدا بەرهەمی ناوخۆ دەچێتە قۆناغێکی باشتر و هەرێم پێویستی بە هاوردەی كاڵا نامێنێت لە وڵاتانی دەرەوە.

وتیشی، پێویستە حكومەت كار لەسەر زیندوكردنەوەی كارگە لەكاركەوتوەكانی هەرێمی كوردستانە بكات لەڕێگەی كەرتی گشتی تایبەتەوە دواتر سودیان لێوەربگیرێتەوە و بخرێنەوە خزمەتی هاوڵاتیان.

عەبدول ستار مەجید ئاماژەی بەوەشكرد، لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 32 كارگەی بەرهەمهێنانی خۆماڵی لەكار خراون و هەندێكیشیان تێكدراون بۆیە هەوڵدەدەن لەڕێگەی پەرلەمانەوە كار بۆ زیندوكردنەوەی ئەو كارگانە دەكەن.

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 18ی نیسانی 2021، دانیشتنی ژمارە 13ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له‌خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق بەڕێوە بچێت و لە دانیشتنەكەدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ چەند پرۆژە یاسایەك بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا