” كاری ئەم خولەی پەرلەمان ئەوەبووە هەرێم تەنها پشت بە نەوت نەبەستێت”

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەمڕۆ سێشەممە 29-3-2022، د. ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە میكێلێ كامێرۆتا، كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارێكی نێوانیاندا باسی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، ئاڵنگارییەكانی بەردەم پرۆسەكە كرا، سەرۆكی پەرلەمان، دووپاتی كردەوە كە سازان و لێكتێگەیشتنی هاوبەش كلیلی چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانە، هیواخوازین كە لایەنە سیاسییەكان هەنگاوی كردەیی بنێن، زەمینەسازیی گونجاو بڕەخسێنن بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن.

لە تەوەرێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی پەرلەمان تیشكی خستە سەر چەند لایەنێكی كاری پەرلەمان لەم خولەی ئێستا و بایەخی دەرچوواندنی ئەو یاسایانەی كە لەم خولەی پەرلەمان دەرچوون، خستە ڕوو و ڕایگەیاند: كاری لە پێشینەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، گرنگیدان بوو بە بەهێزكردنی سێكتەرەكانی پیشەسازی، كشتوكاڵ، گەشتوگوزار و بازرگانی، بۆئەوەی هەرێمی كوردستان تەنها پشت بە كەرتی نەوت و سەرچاوە سرووشتییەكان نەبەستێت.

هەر لە دیدارەكەدا سەرۆكی پەرلەمان سوپاسی وڵاتی ئیتاڵیا و هێزەكانی هاوپەیمانانی كرد، لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی داعشدا.

لای خۆیەوە میكێلێ كامێرۆتا، كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی كوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ خستنەڕووی هەموو ئەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و هەردوولاش جەختیان لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا