عەلی حەمە ساڵح: بڕیارەكەی دادگا هەڵوەشاندنەوەی كۆی پرۆسەی نەوتی هەرێمە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم لێدان و هەڵوەشاندنەوەی كۆی پرۆسەی نەوتی هەرێمە.

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی لێدان یان هەڵوەشاندنەوەی كۆی پرۆسەی نەوتی هەرێمە، چونكە دەستی بۆ هەموو بوارەكان بردووە، وەك گرێبەستی نەوت و ئەوەی پەیوەندی بە كێڵگە نەوتییەكانەوە هەیە، گرێبەستی هەناردەكردن و فرۆشتن و رێككەوتنی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان و دەسەڵاتی هەرێم بۆ فرۆشتن و بە بازاڕكردنی نەوت.

عەلی حەمە ساڵح وتی: ئەم بڕیارە لێكەوتەی زۆری دەبێت كە بریتین لەوەی ئایا هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە بڕیارەكەی دادگای باڵاوە یان نا ئەگەر پابەند نەبێت كاردانەوەی عێراق چی دەبێت، ئەگەر پابەندبێت چی روودەدات، چونكە گرێبەستەكانی هەرێم لەگەڵ ئەوانەی عێراق تەواو جیاوازن، ئەوانەی عێراق (عقدی خدمی) پێدەوترێت ئەوانەی هەرێم هاوبەشییە لە بەرهەم هێنان واتە كۆمپانیا بیانییەكان بوون بە هاوبەش لە نەوتی هەرێمدا، هەروەها لە هەموو گرێبەستێكدا جیاوازی هەیە، بۆیەكلایی كردنەوەی ئەم جیاوازیانە دادگاكان لە دەرەوەی هەرێمن بە نمونە یان لە لەندەنە یان لە پاریسە.

وتیشی: خاڵێكی دیكە ئەوەیە هەرێم پارەی پێشەكی نەوتی وەرگرتووە بەپێی راپۆرتی دیلۆیت بڕی سێ‌ میلیار و نیو دۆلاری وەرگرتووە بۆئەوەی لە ئاییندەدا نەوتەكە رادەست بكات، ئەم بابەتانە چۆن چارەسەردەكرێن بۆیە ئەم بابەتە كێشمە كێشی یەكجار زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

عەلی حەمە سڵح روونیكردەوە، پێم وایە كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێم بە ئاسانی وازناهێنن لەبەرئەوەی ربحێكی زۆریان هەیە هەر بەنمونە كۆمپانیای دانە غاز بەشی زۆری ئەو سەرمایەی كۆی كردووەتەوە بە غازی كوردستانە، هاوكات ئەم كۆمپانیایانە لەدەرەوەی هەرێم دادبینی دۆسیەكانیان دەكرێت لەوانەیە بەشێكی ئەم دۆسیەیانە بچێتە دادگاكانی دەرەوە، یان ئەگەر هەرێم بە بڕیارەكەی دادگا رازی بێت ئەو كاتە حكومەتی عێراق بە هەمان مەرجی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان رێكبكەوێتەوە واتە تەنها لایەنێك بگۆڕێت، ئەمەش كێشە بۆ سیستمی نەوتی عێراق دروست دەكات چونكە ئەو كاتە وەزارەتی نەوتی عێراق رووبەڕووی دووجۆر لە گرێبەستی جیاواز دەبێتەوە .

ئەمڕۆ سێشەممە، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بەبێ رەزامەندی عێراق دانیشتنێكی ئەنجامدا و بڕیاریدا كە یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی دەستورە.

بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند دەكرێت بە رادەستكردنی تەواوی داهاتەكانی نەوت بە حكومەتی ناوەندی.

لە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیدا ئەوەش هاتووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند كراوە كە وەزارەتی نەوت و دیوانی چاودێری دارایی عێراق چاودێری تەواوی گرێبەستەكانی فرۆشتنی نەوت و گاز بكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا