شاشەكان ناتوانن منداڵی كورد فێر بكەن

پۆلەتیك پرێس: محەمەد باڵەك

لەدوای ئەوەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا كە خوێندنی وەرزی یەكەمی ئەم ساڵ بەشێوەی ئۆنڵاین بێت و تەنها خوێندكارانی پۆلی 12 ئامادەیی بەشداری خوێندن بكەن، ئەمە ناڕەزایی بەشێكی زۆری كەسوكاری خوێندكارانی لێكەوتۆتەوەو پێیانوایە، ئەم جۆرە پڕۆسەی خوێندنە، بەهیچ شێوەیەك خزمەت بە خوێندكاران ناكات و خوێندكار ناتوانێ وانەكانی وەربگرێت، بەتایبەت خوێندكارانی قۆناغی بنەڕەتی.

هێڵەكانی ئەنتەرنێت  كوالێتیان یەكجار نزمە

سیروان سڵێمان خوێندكارێكی پۆلی 10ی ئامادەییە، بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بڕیاری خوێندنی ئۆنڵاین، هیچ تەندروست نییە، سەركەوتووش نابێت، چونكە قوتابی ناتوانێت لەرێگای شاشەی مۆبایل یان كۆمپیتەرەكان بەتەواوی تێبگات، ئەمە جگە لەوەی هێڵەكانی ئەنتەرنێت لە كوردستان كوالێتیان یەكجار نزمە.

وتیشی: بەپێی زانستە پزیشكییەكان زۆر بەكارهێنانی مۆبایل و كۆمپیتەر زیان بە مێشك و چاو دەگەیەنێت، ئەمەش هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر تەندروستی خوێندكار.

 بەشێكی زۆری گوندەكان هێڵی ئەنتەرنێتیان نییە

ئەڤین كچە خوێندكارێكی پۆلی 11ی زانستییە بەنیگەرانیەوە وتی: كردنی سیستەمی خوێندن بە ئۆنڵاین، جگە لە زیان هیچ سودێك بە خوێندكاران ناگەیەنێت، قوتابی لەرێگای ئەم جۆرە خوێندنە ناتوانێت ئەوەی لە مامۆستاكەی وەریدەگرێت لە رێگای ڤیدیۆوە وەری بگرێت، ئەمە جگە لەوەی بەشێكی زۆری قوتابیان دانیشتووی گوندەكانن و لە بەشێكی زۆری گوندەكان هێڵی ئەنتەرنێتیان نییە، گەر هەشیان دەبێت لە لەرێگای سیمكارتی هێڵەكانیان بێت، ئەمجۆرەش خاوەو ناتوانرێت وانەكانی پێ بخوێنرێت.

خێزان هەیە  توانای دابینكردنی هاندێكی مۆبایلی كەمێك باشی نییە جا چ بگاتە هێڵی ئەنتەرنێت

وریا عەلی باوكی خوێندكارێكە، دەڵێت: ئەم جۆرە پرۆسە خوێندنانە بۆ وڵاتێك دەشێت لەڕووی خوێندن زۆر پێشكەوتووبن و خەڵكەكەی لە ژیانێكی ئارام و بێ كێشە بژین، بەداخەوە لە كوردستان سەرەڕای ئەم هەموو قەیران و بێ پارەیی و بێ مووچەییە، بە ئۆنڵاینكردنی خوێندنیش بارگرانیێكی ترە لە ئەستۆی خێزان، چونكە خێزان هەیە هەژار و دەستكورتن تەنانەت توانای دابینكردنی هاندێكی مۆبایلی كەمێك باشیان نییە جا چ بگاتە هێڵی ئەنتەرنێت و مۆبایلی خێراو پێشكەوتوو.

ئەو باوكی خوێندكارە زیاتر وتی: چۆن منداڵێك دەتوانێت مۆبایل لەدەستبگرێت و وانەی پێ بخوێنێ بەتایبەت لەم سەردەمەی كە هەموو جیهان گیرۆدەی یارییە ئەلكترۆنییەكانە، منداڵ كاتێ مۆبایل دەبینێ زهن و بیری هەر لای یارییە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا