هێزێكی تری ئەمریكی لە عێراق دەكشێتەوە

پۆڵەتیك پرێس:

بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا بەرۆژنامەنووسانی وت، ئەمڕۆ چوار شەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كشانەوەی بەشێكی دیكەی هێزەكانی لە عێراق رادەگەیەنێت.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری ئەو بەرپرسا باڵایەی ئیدارەی ئەمریكاوە بڵاویكردەوە، هاوكات لە چەند رۆژی ئایندەدا كشانەوەی بەشێكی دیكەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان رادەگەیەنرێت.

وتوشیەتی: ئەمریكا رەنگە بەشێكی زۆری هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا.

ئەو بڕیارە لە كاتێكدایە ترەمپ رووبەڕووی كاردانەوەی نەرێنی بووەتەوە لەسەر كوژراوە ئەمریكییەكانی جەنگ.

ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا رۆژی چوار شەممەی رابردوو جەختی لە گرنگی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق كردەوە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا ماكرۆن وتی: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تا ئێستا كاردەكات بۆ شەڕی داعش.

كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و ئەفغانستان بەڵێنێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایە كە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا دابووی، بۆیە لێرەدا بەڵێنەكەی دەباتە سەر وەك بانگەشەیەك بۆ هەڵبژاردنەكانی مانگی 11ی ئایندە.

كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، خواستێكی دیكەی سەرەكی ئێران و ملیشیا چەكدارە شیعە مەزهەبەكانی ئێرانە لە عێراق بەتایبەت لە دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبی مەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی گشتی حەشدی شەعبی عێراقی لە هێرشێكی ئەمریكیدا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لە سەرەتای ئەمساڵدا.

لە دوای پرۆسەی داگیركردنی عێراق لە نیسانی 2003 هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق جێگیربوون و بەتایبەت لە دوای هێرشەكانی داعش لە 2014 رۆڵی هێزە ئەمریكی و بیانییەكان زیاتر بوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا