شەڕەكەی نێوان پەرلەمان‌و حكومەتی عێراق گەرمتر دەبێت

پۆڵەتیك پرێس:
سەرەڕای ئەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیكردەوە، هەڵبژاردنی پێشوەخت لەهاوینی داهاتوو كۆتایی بەحكومەتەكەی دەهێنێت، بەڵام ئەمە ڕێگر نەبوو لەوەی هەندێك لەوەزیرەكانی كابینەكەی لە لێپرسنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان دووربكەونەوە.

بۆ ئەو مەبەستە هەندێك لەئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەستیان بەئامادەكاری كردووەو لە هەوڵدان بۆ لێپرسینەوە لە وەزیرو بەرپرسانی دیكەی دەسەڵاتی جێبەجێكار لەبەرانبەر ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە.

پەرلەمانتاران باس لەوە دەكەن، كە حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت لەڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵكاران، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە دەست بەلێپرسینەوە لەئەندامانی كابینەكەی بكرێت.

حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت

عەلی ئەلبەدری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەو بارەوە دەڵێت: ئەو شكستە گەورانەی، كە لەسەر ئەدای ژمارەیەك لەوەزیرەكان دەركەوت، هانی پەرلەمانتارانیاندا داواكاری پێشكەش بكەن بۆ لێپرسینەوە لەچەند وەزیرێك.

عەلی ئەلبەدری، دەشڵێت: كابینەی حكومەت بەسەرۆكایەتی كازمی بڕیارێكی ئیداری ڕوون و ئاشكراویان نییە بۆ ڕاییكردنی كارەكان، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كێشە لەنێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن دروستبێت.

لەوانەیە لێپرسینەوەكان سنووردار نەبێت‌و زۆربەی وەزیرەكانی كابینەكەی مستەفا كازمی بگرێتەوە، كە رەنگە لێپرسینەوەكان، مستەفا كازی سەرۆك وەزیرانیش بگرێتەوە.

لەوانەیە لێپرسینەوەكان سنووردار نەبێت‌و زۆربەی وەزیرەكانی كابینەكەی مستەفا كازمی بگرێتەوە

بەوتەی كەریم عەلەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، كۆكردنەوەی واژووی پەرلەمانتاران بۆ لێپرسینەوە كازمی بەردەوامەو ئاماژەی بەوەش كرد، بارودۆخی ئابووری و دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران و نەبوونی كۆنترۆڵ بەسەر دەروازە سنورییەكان و گومرگەكان و مامەڵەنەكردنی دۆسییەی لابردنی هێزە بیانییەكان ئەو دۆسییەو پرسیارانەن، كە دەبێت رووبەڕووی حكومەتەكەی كازمی بكرێنەوە.

هەروەها پەرلەمانتار وەلید سەحلانی دەڵێت: لێپرسینەوە یان میوانداریكردن ڕێكارێكی گونجاوەو هیچ كێشەیەك نییە كاتێك ئەمە لەگەڵ هەر وەزیرو جێبەجێكارێك دەكرێت.

ئەو پەرلەمانتارە داوای لەحكومەتی كازمیش كرد شەفافتر بێت و لەبەردەم پەرلەماندا راستییەكان ئاشكرا بكات و ئاماژەی بەوەش كرد، دەبێت حكومەت پابەندی بڕیارو راسپاردەكانی پەرلەمان بێت.

دەبێت حكومەت پابەندی بڕیارو راسپاردەكانی پەرلەمان بێت

بەم دوایانە مشتومڕ لەنێوان پەرلەمانتاران‌و ئەندامانی كابینەی كازمی دروست بووەو گرنگترین دۆسییەش، كە مشتومڕی لەسەر دروست بووە، قەیرانی دارایی و تەندروستی و بوونی سوپای ئەمریكا و ئەو ڕێككەوتنانەی حكومەت لەگەڵ میسر و سعودییە ئەنجامیداوە.

لەبەرانبەر ئەوەدا حكومەتی عێراقیش بەشێك لەپەرلەمانتارانی تۆمەتباركرد، بەوەی هەندێكیان دەستیان لەگەندەڵی هەیە، كە ئەمە مشتومڕەكانی زیاتر كردووە.

چوارشەممەی ڕابردووش سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق داوای لەوتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەحمەد مەلا تەڵاڵ كرد ناوی ئەو پەرلەمانتارانە ئاشكرا بكات، كە گوایە دەستیان لەگەندەڵی هەبووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا