هەوڵێكی نوێ‌ بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای قەرز

پۆڵەتیك پرێس:
هەوڵێكی نوێ‌ هەیە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای قەرز، كە حكومەتی عێراق خستوویەتییە بەردەم پەرلەمان.

بەپێی قسەی پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەحمەد مەزهەر جبوری، ئێستا هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی پرۆژەیاسای قەرز تێپەڕێنرێت.

هەر بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە، هەوڵەكە ئەوەیە، كە ئەو رێژە قەرزەی حكومەت دایناوە بیكات، كەمبكرێتەوە، لەپێناوی ئەوەی پەرلەمانتاران رازی بن بەتێپەڕاندنی پرۆژە یاساكە.

حكومەتی عێراق بەنیازە، بڕی 41 ملیار دۆلار قەرز بكات، بۆ ئەوەی كورتهێنانی بودجەی پێكەمبكاتەوەو لەسێ‌ مانگی داهاتوو بتوانێت موچەی فەرمانبەران بدات.

لەبەرانبەردا پەرلەمانتاران ئەو بڕە پارە بەزۆر دەزانن‌و دەیانەوێت بڕكەی كەمبكرێتەوە، كە بەپێی زانیارییەكان ئێستا حكومەت بەنیازە، ئەو بڕە پارەیە بكات بە 31 ملیار دینار.

پۆڵەتیك پرێس بۆ زانیاری زیاتر لەو بارەوە پەیوەندی كرد بەشیروان میرزا پەرلەمانتاری كورد لەپەرلەمانی عێراق‌و ناوبراو لەلێدوانێكی وتی: ئێستا لەگفتوگۆداین بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەكە بكرێت.

شیروان میرزا وتیشی: گفتوگۆكان بەردەوامەو رەنگە ئێوارەی ئەمڕۆ بگەین بەئەنجامی كۆتایی‌و دوای خوێندنەوەی دووەم پرۆژەكە بخرێتە دەنگدانەوەو پەسەند بكرێت.

حكومەتی عێراق بەهۆی كەمبوونەوەی نرخی نەوت، كورتهێنانی بودجەی هەیەو جگە لەقەرزیش هیچ رێگەیەكی تری نییە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی هەیەتی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا