پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید
هەرچەندە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر پەیمانەکانی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و گەڕاندنەوەی پایەی دەوڵەت و سەپاندنی یاسا بەسەر هەموواندا بڕوات، هێشتا زۆر دۆسیە هەیە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەودان لەبەر ئەوەی راستەوخۆ رووبەڕووی میلیشیا شیعە بەهێزەکانی ناو عێراقی دەکەنەوە.
بەپێی راپۆرتێکی ئەلعەرەب، یەکێک لەو دۆسیانە گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ لانە و زێدی خۆیان، گەڕانەوەی ئەو کەسانەیە کە لە حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی بێهیوا بوون بەڵام هێشتا هیوایان بە حکومەتەکەی کازمی ماوە.
سیاسەتمەداران و رەخنەگرانی عێراق مستەفا کازمی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە ڕووی بوێریی کردنەوەی هەندێک دۆسیە و نزیکبوونەوە لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە مافەکانی مرۆڤەوە هەبووە و پێشتر پەیمانی چاکسازی لەبارەیانەوە داوە لاوازە.
هێشتا ئاوارەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بەهۆی گۆڕانکاری دیمۆگرافی و داگیرکردنی بەردەوامی شوێنەکانیان
هێشتا دۆسیەی ئاوارەکانی عێراق لەماوەی جەنگی دژی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ هەتا ٢٠١٧ ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشت، یەکێکە لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی عێراق، کە لەدوای ئۆپراسیۆنی راگواستن و دەرکردنی خەڵکی ئەو ناوچانە لەسەر دەستی چەکدارانی داعش، ئەوەتا سێ ساڵی دواتریش هێشتا ئاوارەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان بەهۆی گۆڕانکاری دیمۆگرافی و داگیرکردنی بەردەوامی شوێنەکانیان بەهۆکاری ناکۆکی خێڵەکی و کێشەی سیاسی کە هەندێک لەو کێشانە سنوری عێراقیش تێدەپەڕێنن.
بەپێی راپۆرتەکە، یەکێک لەو نمونانە ناوچەی جەرف ئەلسەخر لە پارێزگای بابلی خوارووی بەغدای پایتەختی عێراقە، کە لەنێوان میلیشیا شیعەکان و رێکخراوی داعش چەند شەڕێکی سەختی بەخۆوەبینی، بەڵام ئەم میلیشیایانە تەنیا بەوەوە نەوەستان چەکدارانی داعش بکەنە ئامانج، بەڵکو وا مامەڵەیان لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکە کرد کە هەماهەنگ بن لەگەڵ رێکخراوەکە و هەستان بە راگواستنی بەکۆمەڵی دانیشتووان بەرەو ناوچە جیاجیاکانی عێراق کە تا ئێستاش زۆرینەیان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان.
ئەوەش هاتووە، کێشەی ئاوارەکانی جەرف ئەلسەخر ئەوەیە کە ناوچەکەیان شوێنێکی ستراتیژییە لەلایەکەوە دەکەوێتە نزیک بەغدای پایتەخت لەلایەکی دیکەوە لەسەر رێی نەجەف و کەربەلایە کە پیرۆزترین ناوچەکانی شیعەی عێراق و جیهانن، هاوکات ئەو ناوچەیە بە سەوزایی و زۆری رەزەکانی جیادەکرێتەوە ئەوەش وایکردووە ببێتە بنکەیەکی نموونەیی بۆ میلیشیاکان و شاردنەوەی کۆگای چەکەکانیان لەو ناوچانە دوور لە چاودێری فڕۆکەوانی ئەمریکی، تەنانەت زۆرێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جەرف ئەلسەخر کۆڵۆنیای ئێرانە بە تێڕوانین لە ژمارەی بنکەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران کە تێیدا راهێنان بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق دەکەن.
دەسەڵاتدارانی عێراق پشتگوێی دەخەن کە چ شتێک لەنێوان رەزە چڕەکانی جەرف ئەلسەرخدا دەگوزەرێت
سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، زۆرێک لە وەرشە گەورەکانی ئەم ناوچەیە کار لەسەر کۆکردنەوەی چەکی قاچاخ دەکەن لە ئێرانەوە و لەناویشیاندا ئەو موشەکانەی زۆرجار لە دەستی میلیشیاکاندا دەردەکەوێت کە بۆ بە ئامانجگرتنی بارەگای هێزەکانی ئەمریکا و لێدانی باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا بەکاردەهێنرێت.
بەپێی راپۆرتەکەی ئەلعەرەب، دەسەڵاتدارانی عێراق پشتگوێی دەخەن کە چ شتێک لەنێوان رەزە چڕەکانی جەرف ئەلسەرخدا دەگوزەرێت، هەندێک شایەتحاڵ باس لەوە دەکەن، کە میلیشیاکان لەو ناوچانە زیندانی نهێنیان هەیە و چەند رۆڵەیەکی پارێزگا سوننەکانی عێراقیان تێدا دەستگیرکردووە.
لەوبارەیەوە، رەعد ئەلدەهلەکی ئەندام پەرلەمانی عێراق، ناوچەی جەرف ئەلسەرخ بە زیندانێکی گەورە پێناسە دەکات کە هیچ لایەنێکی حکومی بوێری چوونەناوەوەی نییە.
بەشێک لە شوێنکەوتووانی مستەفا کازمی باس لەوە دەکەن، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەپێی توانا هەوڵی چاکسازی دەدات، لە ئێستاشدا هەندێک دۆسیەی وەک ئاوارەکان و راگوێزراوەکان لەو دۆسیانەن کە پێویستە کەمێک دوابخرێن بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەمنییەی لە ئارادایە.
چەندین هۆکار رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەن بۆ ناوچەکانیان لەناویشیاندا هۆکارە خێڵەکییەکان
لەمبارەیەوە دەهلەکی دەڵێت: ترسێکی زۆر لەسەر دۆسیەی ئاسایش هەیە، گەڕانەوەی ئاوارەکان بەهۆی نەبوونی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکانیان ترسێکی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چەندین هۆکار رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەن بۆ ناوچەکانیان لەناویشیاندا هۆکارە خێڵەکییەکان، بەڵام هۆکاری سەرەکی دەسەڵاتی میلیشیا چەکدارەکانە بەسەر ئەم ناوچانە و سەرچاوەکانیدا، بەجۆرێک رێگا بە هیچ لایەنێکی حکومی نادەن بچنە ناوچەکە لەگەڵ ئەوەی زانیاریمان پێگەیشتووە کە زیندانی نهێنی و گۆڕی بە کۆمەڵی تێدایە، ئەو لایەنەشی دەسەڵاتی بەسەر جەرف ئەلسەخردا گرتووە لایەنێکە لە دەرەوەی یاسا و کەس ناتوانێت ناوی ئاشکرا بکات.
دانیشتووانی جەرف ئەلسەخر نزیکەی ٥٠ هەزار کەس دەبن کە زۆرینەیان سوننەمەزهەبن و لە چینی جوتیارانن، سەرچاوە عیراقییەکان دەڵێن: ئامانجی حزب و میلیشیا شیعەکان چۆڵکردنی ئەو ناوچەیەیە لە کەسانی سوننە و بەهیچ جۆرێک لە بڕیاری راگواستنی دانیشتوانی جەرف ئەلسەخر پاشگەز نابنەوە.
چەند راپۆرتێک ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو میلیشیایەی بەشێوەیەکی سەرەکی دەست بەسەر جەرف ئەلسەخردا دەگرێت کەس نییە جگە لە چەکدارانی حزبوڵڵا کە بەوە ناسراوە دڵسۆزییەکی زۆری بۆ ئێران و پەێڕەوی خامنەیی هەیە.
دۆسیەی قەدەغەی گەڕانەوەی ئاوارەکان تەنیا لە جەرف ئەلسەخردا کورتنابێتەوە
دەهلەکی باس لەوەش دەکات، داوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق و عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق کردووە بەمەبەستی بەستنی کۆنگرەی رۆژنامەوانی سەردانی جەرف ئەلسەخر بکەن، بەڵام کەسیان نەیانتوانیوە و ئەو ناوچەیەیان بە ئۆردوگای سوننەکانی عێراق پێناسە کردووە.
دۆسیەی قەدەغەی گەڕانەوەی ئاوارەکان تەنیا لە جەرف ئەلسەخردا کورتنابێتەوە، بەڵکو پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدینیش بەشێکن لەم پڕۆسەیە، بەهۆی دەسەڵاتی میلیشیا چەکدارەکانەوە دانیشتووانی ئەو شارانە کە ئێستا بەسەر بەشە جیاجیاکانی عێراقدا دابەشبوون ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هاوکات، ئەو میلیشیایانە هەڵدەستن بە کۆنتڕۆڵکردنی بیرە نەوتەکان و راگواستنی خەڵکی ئەو ناوچانە و رێگری کردن لە گەڕانەوەیان.