كورسییەكانی كورد لەكەركوك مسۆگەرە

پۆڵەتیك پرێس:
لایەنە كوردییەكان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕەزامەندن لەسەر دابەشكردنی بازنەكانی پارێزگای كەركوك، كە بەپێی دابەشكارییەكە كورسییەكانی كورد لەو پارێزگایە مسۆگەرە.

كەركوك پارێزگایەكی كێشە لەسەرە لەنێوان بەغداو هەولێرو بەدرێژایی هەفتەی رابردووش، كێشە لەسەر دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لەو پارێزگایە هەبوو، كە پێكهاتەكانی شارەكە مەرجیان بۆ دابەشكارییەكە هەبوو.

ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو پەرلەمانی عێراق دەنگیدا لەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوكدا، كە ئاڵۆزترین پارێزگاكانی عێراق بوو بۆ دابەشكردنی بانەكانی هەڵبژاردن، ئەوەش بەهۆی ئەو ناكۆییەی لەنێوان كوردو عەرەب‌و توركان هەبوو.

كەركوك پارێزگایەكی كێشە لەسەرە لەنێوان بەغداو هەولێر

كورد سەرەكیترین پێكهاتەی كەركوكەو دەنگی زۆرینەی هەیە لەپارێزگاكە، بەقسەی پەرلەمانتارانی ئەو پێكهاتەیە پەسەندكردنی یاسای هەڵبژاردن‌و دابەشكردنی بازنەكان بووەتە گەرەنتییەك بۆ داهاتووی كورد لەو پارێزگاییە.

بەوتەی ڤیان سەبری سەرۆكی كوتلەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی عێراق، كورد باشترین هاوكێشەی لەدابەشكردنی پێكهاتەكان لەپارێزگای كەركوك مسۆگەر كردووە، كە زامنكردنی دەنگی كوردە، بەتایبەت لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی شارەكە، كە زۆرینەی شارو شارۆچكە كوردییەكانی تێدایە و 5 كورسی بۆ تەرخانكراوە، هەروەها لە ناوچەكانی سەنتەری شارەكە بەگەڕەكی تێكەڵ‌و تەرخانكردنی 4 كورسی و تەنیا 3 كورسی بۆ ناوچەكانی باشووری پارێزگاكە، كە زۆرینە عەرەبن دانراوە.

كورد باشترین هاوكێشەی لەدابەشكردنی پێكهاتەكان لەپارێزگای كەركوك مسۆگەر كردووە

ڤیان سەبری وتیشی: لەماوەی رابردوو، لەسەرجەم گفتوگۆكان جەختمان لەسەر بەدەستهێنانی دەنگەكانمان لەكەركوك كردەوە و دوای ئەم دابەشكردنەش كورسییەكانی كورد مسۆگەرە.

ژمارەی كورسییەكانی پارێزگای كەركوك 12 كورسییە لەپەرلەمانی عێراق، كە دەنگی كورد لەنێوان شەش بۆ هەشت كورسی دەبێت‌و بۆ ئەم هەڵبژاردنەش رەنگە كورد ئەو ژمارەیە بەدەست بهێنێتەوە.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان، یەكێكە لەلایەنە سەرەكییەكانی پارێزگای كەركوك‌و ژمارەی كورسییەكانی نزیكەی 6 كورسییە لەو پارێزگایە، كە ئەو لایەنەش رازییە بەدابەشكارییەكەو رەنگە هەمان ژمارەی كورسی لەو پارێزگایە بەدەستبهێنێتەوە.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان، یەكێكە لەلایەنە سەرەكییەكانی پارێزگای كەركوك‌و ژمارەی كورسییەكانی نزیكەی 6 كورسییە

بەقسەی جەمال شكور پەرلەمانتاری ئەو حیزبە لەپەرلەمانی عێراق، دابەشكردنی بازنەكان لەپارێزگاكە زۆر دادپەروەرانەیە، كە كورسییەكان دابەشكراوە بەسەر هەموو ناوچەكانی پارێزگاكەدا بەپێی دابەشكردنی پێكهاتەكان.

جەمال شكور داوای لەحكومەتی ناوەند كرد، كە ڕێوشوێن بۆ جێگیركردنی بارودۆخی ئیداری و ئەمنی كەركوك بگرنەبەر، بۆ مسۆگەركردنی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە لەپارێزگاكەداو دروستنەبوونی كێشە لەنێوان پێكهاتەكان.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەشەشی حوزەیرانی 2021 ئەنجامدەدرێت، كە پەرلەمانی عێراق ماوەیەكە مشتومڕییەتی لەسەر پەسەندكردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان‌و لەماوەی هەفتەیەكدا هەموارەكەی پەسەند كرد.

بەپێی هەموارەكە، عێراق دابەشی 83 بازنەی هەڵبژاردن دەكرێت لەكۆی 18 پارێزگا، كە سیستەمی دابەشكارییەكە فرەبازنەیی كراوەیەو پێچەوانەی پێشترە، كە فرەبازنەیی داخراو بوو، لە 18 پارێزگاكەی عێراق.

لەكەركوك توركمانەكان ناڕازیبوون بەدابەشكارییەكەو هەوڵیاندا ڕێگری بكەن لەپەسەندكردنی، بەڵام دواتر بەهۆی رێككەوتنی كوردو عێراق ناچاربوون قبوڵی بكەن.

لەكەركوك توركمانەكان ناڕازیبوون بەدابەشكارییەكەو هەوڵیاندا ڕێگری بكەن لەپەسەندكردنی

پێشتر توركمانەكان پێشنیارێكیان پێشكەش كردبوو بۆ دابەشكردنی بازنەكان لە پارێزگاكە، بەڵام ڕەتكرایەوە، دابەشكارییەكەش بەشێوەیەك بوو، كە هەموو پێكهاتەكان بەڕێژەی 33% بازنەكانیان بەسەردا دابەش بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا