ئیسرائیل بە هەزار سیخوڕ و 10 زانای ئەتۆمیەوە چۆن لە دڵی ئێرانی دا؟

پۆڵەتیک پرێس:
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرایکرد، لەماوەی 18 مانگی رابردوودا ئیسرائیل لەڕێی هەزار ئەندامی مۆساد و 10 زانای ئەتۆمی ئێرانییەوە چەندین وێستگەی ئەتۆمی ئێرانی کردووەتە ئامانج.

لە نوێترین راپۆرتی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا باس لەوەکراوە، “لەماوەی 18 مانگی رابردوودا ئیسرائیل سێ ئۆپەراسیۆنی گەورەی دژی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجامداوە، لەو هێرشانەشدا هەزار ئەندامی مۆساد بەشداریان کردووە و چەکی زۆر ورد بەکارهاتووە، بەنموونە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکداری، جگە لەوەش چەندین سیخوڕی ناردووەتە مەترسیدارترین وێستگەکانی ئێران کە ئەوانیش وێستگە ئەتۆمییەکانن”.

بەپێی راپۆرتەکە، لەماوەی رابردوودا نەفتالی بێنیت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەرنجی خستەسەر سیاسەتێکی نوێ دژی ئێران کە بریتی بوو لەوەی لەڕێی هێرشکردنەسەر خاکی ئێران، وەڵامی ئەو میلیشیا چەکدارانە بداتەوە کە لەلایەن ئەو وڵاتەوە پشتیوانیدەکرێن، بۆ ئەمەش پشت بەو توانا بەرفراوانەی مۆساد دەبەستێت کە لەم ساڵانەی کۆتایی لەناو خاکی ئێران بنیادیناوە.

مانگی شوباتی رابردوو واتە حەوت مانگ پێش ئەوەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەم چیرۆکە بڵاوبکاتەوە، رۆژنامەی (جێویش کرۆنیکل ئۆف لەندەن) ئاشکرایکرد، چۆن سیخوڕە ئیسرائیلییەکان موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمی ئێرانیان لەڕێی چەکی دوورمەوداوە کوشتووە.

“ساڵی 2019 چەند کرێکارێکی ئیسرائیلی کەرەستەی بیناسازییان بە ئێران فرۆشتووە بۆ نوێکردنەوەی وێستگەی نەتەنز، ئەو کەرەستە بیناسازییانە پڕبوون لە ماددەی تەقەمەنی”

لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تامیزدا باس لەوەکراوە، “ئێستا دەتوانین نهێنی سێ هێرشەکەی ئیسرائیل بزانین بۆسەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران”.

یەکەم هێرش لە سێ ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە 2ی تەمموزی ساڵی 2020 دەستیپێکرد، سەرەتا تەقینەوەیەکی ناڕوون بەشێک لە وێستگەی ئەتۆمی نەتەنزی کردەئامانج، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین و پارێزراوترین وێستگە ئەتۆمییەکانە لە سەرانسەری ئێران.

سەرەتا ئێرانییەکان توشی سەرلێشێوان بوون، وەک بڵێی وێستگەکە لەخۆیەوە تەقیبێتەوە، بەڵام چۆن؟ وەڵامەکە هەموویانی سەرسام کرد کاتێک زانییان، ساڵی 2019 چەند کرێکارێکی ئیسرائیلی کەرەستەی بیناسازییان بە ئێران فرۆشتووە بۆ نوێکردنەوەی وێستگەی نەتەنز، ئەو کەرەستە بیناسازییانە پڕبوون لە ماددەی تەقەمەنی، ئەوەبوو دوای ساڵێک، لە تەل ئەبیبەوە نەتەنز کرایە ئاماج.

دووەم هێرشیان کاتێک بوو، “سیخوڕەکانی مۆساد پەیوەندییان بە 10 زانای ئەتۆمی ئێرانەوە کرد، 40 پێ بچنە قوڵایی ژێر زەوی هۆڵی A1000 لە وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز کە تیایدا نزیکەی 5000 ئامێری سەنتەرفیوج هەبوون و شەو و رۆژ ئێرانیان لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیکدەکردەوە، تا هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن و کارێک بکەن بۆ تەقاندنەوەی ئەو وێستگەیە، بەشێوەیەکی کتوپڕ ئەو زانایانە قایل بوون و داواکەی ئیسرائیلیان جێبەجێکرد”.

بەڵام هێشتا ناڕوونییەک هەبوو لە چۆنێتی گەیاندنی بۆمب بۆ کردنەئامانجی وێستگەی نەتەنز، سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی باس لەوە دەکات، “ئەگەر تۆ بتەوێت بۆمب بگەیەنیتە نەتەنز، چۆن ئەمە دەکەیت؟ بۆنمونە رەنگە بیر لەوەکرابێتەوە کارمەندانی وێستگەکە پێویستیان بە خواردنە، لەگەڵ ئەو بارهەڵگرەی خواردنەکان دەگەیەنێتە نەتەز بۆمبەکانیان ناردووە و بەو رێگایە دەست ئەو 10 زانایە کەوتووە”.

“دوای چەند مانگێک، لە 23ی حوزەیران، تیمێک لە سیخوڕانی ئیسرائیل و بریکارە ئێرانییەکانیان هەستان بە کردنەئامانجی کارگەی TESA”

پلانەکە سەرکەوتوو بوو، زاناکان هەستان بە کۆکردنەوەی بۆمبەکان و رێکخستنیان لەناو وێستگەکە، ئەوەبوو لە مانگی نیساندا کاتێک ئێران رایگەیاند دەستیکردووە بە کارپێکردنی ئامێری سەنتەرفیوجی پەرەسەندوو لە جۆری IR-5 و IR-6 لە هۆڵی ژێرزەمینی وێستگەی نەتەنز، بۆمبەکانی تیادا تەقێنرایەوە.

بەهۆی تەقینەوەکەوە سیستمە پارێزراوەکەی وزە وێران بوو، بووەهۆی بڕانی کارەبا و وێرانبوونی %90ی ئامێرە سەنتەفیوجەکان و لەکارخستنی وێستگەی نەتەنز بۆماوەی نۆ مانگ، زاناکان لەدوای تەقینەوەکە یەکسەر ون بوون، لە ئێستاشدا لە ژیاندان و تەندروستیشیان باشە.

لەدوای نەتەنز، مۆساد دەستیکرد بە گرنگیدان بە کەرەج، کە دەکەوێتە دووری 30 میل لە باکوری رۆژئاوای تاران و تیایدا کۆمپانیای تەکنەلۆجیای ئامێری سەنتەرفیوجی ئێرانی TESA هەیە.

دوای چەند مانگێک و لە 23ی حوزەیران، تیمێک لە سیخوڕانی ئیسرائیل و بریکارە ئێرانییەکانیان هەستان بە کردنەئامانجی کارگەی TESA، بەهۆیەوە تەقینەوەیەکی گەورە کەوتەوە و کارگەکە وێران بوو.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، هەموو ئەم کارانە لەماوەی دانوستانەکانی ڤیێنا روویاندا، مۆساد ئۆپەراسیۆنەکانی بەبێ ئاگاداری و هەماهەنگی نێودەوڵەتی ئەنجامدا، بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، ئەمریکا ئاگاداری ئەم هێرشانەی ئیسرائیل نەبووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا