وێستگە جیاوازەكانی ژیانی قادری حاجی عەلی

پۆڵەتیك پرێس:
قادری حاجی عەلی، ئەندامی دامەزرێنەری گۆڕان‌و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆچی دوایی كرد.

قادری حاجی عەلی رۆژی 10ی تشرینی دووەمی 2020 لەشاری سلێمانی‌و بەهۆی تووشبوونی بەڤایرۆسی كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد، كە وەك سیاسییەكی دیار چەند وێستگەیەكی گرنگ لەژیانی لەم راپۆرتەدا دەخەینەڕوو.

قادر حاجی عەلی لەكوردستان ناوێكی نوێ نییە و زۆربەی میدیاكاران‌و سیاسییەكانی كوردستان ئاشنای پێگەو كاریگەری ئەون، بەتایبەتی بەهۆی ئەو رۆڵە بەهێزانەی لەڕووداوەكان‌و لەپشت پەردەوە دەیبینی، بۆیە دەكرێت بە “پیاوی پشت پەردەی رووداوەكان” ناوببرێت.

دەكرێت بە “پیاوی پشت پەردەی رووداوەكان” ناوببرێت

یەكەم وێستگەی سیاسی پەیوەندیكردن بووە بەریزەكانی پارتی‌ دیموكرات‌و لەساڵی (1974 بۆ 1975) بەشداری شۆڕشی ئەیلولی كردووە.

ساڵی (1980)ش چووەتە شاخ‌و پەیوەندی بەكۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستانەوە كردووەو ‌ساڵی (1984)و لەتەمەنی (28) ساڵیدا لەكۆنفرانسی سێیەمی كۆمەڵە بەئەندامی سەركردایەتی دیاریكراوە.

قادری حاجی عەلی دامەزرێنەری دەزگای زانیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو، كە دەزگایەكی هەواڵگری بوو، لەئێستاشدا ئەو دەزگایە یەكێكە لەپایە گرنگەكانی دامەزراوەی هەواڵگری هەرێمی كوردستان.

دامەزرێنەری دەزگای زانیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو

جگە لەوە لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرپەرشتیارو پلاندانەری میدیای حیزبەكە بووە لەساڵانی 1990، كە ئەو كاتانە بەسەردەمی زێڕینی میدیای یەكێتی ناودەبرێت.

هەروەها یەكێك بوو لەو كەسانەی رۆڵی گەورەی گێڕا لەدروستكردنی میدیای ئازاد لەشاری سلێمانی‌و هاوكارییەكی گەورەی كرد، بۆ ئەوەی میدیای ئەهلی‌و ئازاد لەكوردستان دروست ببێت.

قادری حاجی عەلی یەكێك بوو لەو سەركردانەی یەكێتی، كە داوای گۆڕانكاری‌و ریفۆرمیان دەكردو یەكەمین ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەش بوو وازی هێناو دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكرد.

لەدوای جیابوونەوەی لەیەكێتی نیشتمانیش، یەكێك بوو لەدامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان لەدوای نەوشیروان مستەفا خاوەن پێگەیەكی بەهێزبوو لەناو بزووتنەوەكە، بەتایبەتی كە دابینكەری سەرچاوەی دارایی‌و زانیاری گۆڕان بوو، بۆیە بە “سندوقە رەشەكە”ش ناو دەبرا.

لەدوای نەوشیروان مستەفا خاوەن پێگەیەكی بەهێزبوو

قادری حاجی عەلی لەدایكبووی ساڵی 1955ی شاری سلێمانی بوو، لەژیاندا دوو جار هاوسەرگیری كردبوو، كە خاوەنی سێ منداڵبوو، هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆسیش بوو لەجیولۆجی.

كوڕی خێزانێكی دەوڵەمەندی سلێمانی بوو، كە حاجی عەلی باوكی بەیەكێك بوو لە كەسە دەوڵەمەندەكانی شاری سلێمانی، برای هونەمەندی ناوداری كوردستان و پێشمەرگەی دێرین محەمەد جەزا بوو.

قادری حاجی عەلی هەرچەندە لەڕووی سیاسییەوە كاریگەرییەكی گەورەی هەبوو لەهەرێمی كوردستان، چەند ساڵێكەو بەدیاریكراوی لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفای رێكخەری پێشووی گۆڕان “19/5/2017” لەگۆڕەپانی سیاسی دووركەوتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا