پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزیری پێشمەرگە، فەرماندە و ئەفسەرانی هەر سێ لیواكانی 1، 9 و 16 دڵنیا دەكاتەوە كە لە ئاستی باڵادا هەنگاو دەنێن بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕی و گرفتەكانیان، لەبارەی پەیوەندییەكانیشیان لەگەڵ سوپای عێراق وتی، هەنگاوی باشیان بڕیوە و پەیوەندییەكانیان باش بوون.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یاوەریی فەریق جەمال محەممەد، سەرۆكی دەستەی ئەركان، لیوا هیوا، فەرماندەی میحوەری 4 ی كەركووك ـ گەرمیان، لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان، عەمید عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی و عەمید مزەفەر، جێگری بەڕێوبەری گشتیی راگەیاندن، لەگەڵ فەرماندەی لیواكانی 1 و 9 و 16ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە كۆبوونەوە.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە وتەیەكدا بۆ فەرماندە و ئەفسەرانی هەر سێ لیواكە رایگەیاند، سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام لە هەوڵی چارەسەركردنی كەموكوڕی و گرفتەكانتاندان و دڵنیابن، هەنگاو بە هەنگاو دەچینە پێشەوە و سبەی لە ئەمڕۆ باشتر دەبێت.
وەزیری پێشمەرگە باسی لەوەش كرد، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ سوپای عێراق بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە و دەخوازین فراوانتر بكرێن و بەردەوامبن، لەپێناو ئەوەی بەیەكەوە سەقامگیریی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتە و نەتەوەكانیەوە بپارێزین.
لەبارەی هاوكارییەكانی هاوپەیمانان، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، هاوكاری و پشتیوانییە بەردەوامەكانی هاوپەیمانان جێگەی بایەخ و ستایشی زۆری وەزارەتی پێشمەرگەیە.