پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
لە كۆتاییدا ئەو میلیشیا چەكدارییەكان چەند مەرجێكیان دانا لە بەرانبەر جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال، كە لەنێوان هەردوو حكومەتی عێراقو هەرێمی كوردستان واژووكراوە.
ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە، كە لە رۆژی ٩ی مانگی رابردوو لەپێناو ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شەنگال لەنێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا، داوای چوونە دەرەوەی لایەنەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و هێزەكانی حەشدی شەعبی دەكات ئەوەش لەپێناو گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان.
بەڵام سوپای عێراق نەیتوانی دەست بەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكە بكات و خۆی بەدوور گرت لەپێكدادان لەگەڵ ئەو هێزانەی دەسەڵاتیان بەسەر شەنگالدا گرتووە و بە ئاراستەی گفتوگۆكردن لەگەڵیاندا هەنگاوینا، تا پێكەوە بگەنە لێكتێگەیشتنێك بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە.
سوپای عێراق نەیتوانی دەست بەجێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال بكات
بەپێی قسەی بەرپرسێكی باڵای حكومەت، مەترسییەكانی رووبەڕووبوونەوەی هێزە چەكدارەكانی شەنگال وای لە عێراق كردووە نەتوانێت رێككەوتنەكە جێبەجێبكات، لەو بارەیەشەوە ئەو سەركردە سیاسییانەی نوێنەرن لەناو میلیشیاكانی شەنگال لەگەڵ حكومەتدا چوونەتە قۆناغی گفتوگۆوەو دەڵێت: ئەو میلیشیایانە چەند مەرجێكیان داناوە لەوانەش، رێگریكردن لەهاتنە ناوەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناو شەنگال و پارێزگاریكردنی هێزە دەسەڵاتدارەكان لەبارەگا و نووسینگەكانیان لە شەنگال بە بێ بوونی سەربازەكانیان، یەكێكی دیكە لەمەرجەكان ئەوەیە بەرپرسی ئیداری شەنگال كورد نەبێت.
جەختی لەوەش كردەوە، ئەو میلیشیایانە دەیانەوێت لەڕێی هێشتنەوەی بارەگا و نووسینگە ناسەربازییەكانیان پارێزگاری لەبەرژەوەندییەكانیان لە شەنگال بكەن، بەتایبەت لە ماوەی رابردوودا دەستیان گرت بەسەر سەرچاوەكانی ئەو ناوچەیەو دەستكەوتێكی دارایی گەورەیان بەدیهێنا، دەشڵێت: حكومەت هێشتا بڕیاری لەسەر ئەو مەرجانە نەداوە.
لەو بارەیەوە، محەمەد رەزا حەیدەر ئەندامی هاوپەیمانی سائیرون جەختی لەوە كردەوە، لایەنە سیاسییەكانی بەغدا لەوانەش هاوپەیمانی فەتح و هاوپەیمانی سائیرون بڕیاریان لەسەر مەرجەكان نەداوە، بەڵام رەتیشیان نەكردووەتەوە.
ئەو میلیشیایانە دەیانەوێت لەڕێی هێشتنەوەی بارەگا و نووسینگە ناسەربازییەكانیان پارێزگاری لەبەرژەوەندییەكانیان لە شەنگال بكەن
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە لەگەڵ ئارامی و گەڕانەوەی خەڵكی شەنگالداین، لەگەڵ ئەوەشداین قائیمقامی ئەم شارە شەنگالی بێت و تەنیا پۆلیسی فیدڕاڵی و هێزە ناوخۆییەكان بێنە ناو شارەكە و هیچ هێزێكی دەرەكی تێدا جێگیر نەكرێت، بە ئاماژەدان بە هێزەكانی پێشمەرگە.
ئەو بەرپرسە باسی لەوەش كرد، حكومەت پەنا دەباتە بەر دەركردنی هێزە ناعێراقییەكان “لایەنەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان” لە شەنگال، بەڵام دەركردنی ئەم هێزە زۆر سەختە، چونكە چەندین بنكەی لەوێ بنیادناوە.
لەلایەكی دیكەوە رۆژی دووشەممە ٢ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، موزاحم حوەیت وتەبێژی هۆزە عەرەبییەكان لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ناوچە جیناكۆكەكان هۆشداریدا لەبارەی رێككەوتنێكی نهێنی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و میلیشیاكانی حزبوڵا لە شەنگال.
حوەیت وتی: رێككەوتنێكی نهێنی لەنێوان پەكەكە و میلیشیاكانی حیزبوڵڵا لە شەنگال ئەنجامدراوە بەمەبەستی چەكداركردنی هێزە كوردییەكە تا دژی هەولێر و بەغدا و وەك ناڕەزایەتی بەرانبەر رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال بەكاریبهێنن.
رێككەوتنێكی نهێنی لەنێوان پەكەكە و میلیشیاكانی حیزبوڵڵا لە شەنگال ئەنجامدراوە
حوەیت وا پێناسەی ئەو رێككەوتنەی كردووە، كە مەترسیدارە و دەبێتە هۆی دروستكردی كێشە و پێكدادان لە ناوچەی شەنگال و دەبێتە رێگر لەبەردەم ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە و گەڕانەوەی ئاوارەكانی.
هاوكات، داوای لە هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد تا بەخێرایی رێككەوتنەكە جێبەجێبكەن و سەرجەم هێزەكانی شەنگال دەربكەن و لە سەروو هەمووشیانەوە هێزەكانی حەشدی شەعبی و پەكەكە و رێگریكردن لە جێبەجێكردنی ئەجێنداكانیان لە شەنگال.
لە بەرانبەردا، هاوپەیمانی فەرتح هۆشداری لەبارەی حەشدی شەعبیەوە دا لە هەوڵی سەپاندنی زۆرەملێی رێككەوتنەكە بەسەر دانیشتووانی شەنگال و وەڵامدانەوەیان.
لەو بارەیەوە، قوسەی عەباس شەبەكی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی رایگیاند، خەڵكی شەنگال لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی هێرشەكانی داعش دەترسن بۆیە رێككەوتنەكەیان رەتكردەوە، ئاماژەی بەوەشكرد، گەڕانەوەی پێشمەرگە و هەر هەنگاوێك بەو ئاراستەیە وەڵامدانەوەیەكی گەورەی دانیشتووانی دەبێت.
لەم دواییانەدا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ شاندێكی هەرێمی كوردستان جەختی لە دۆسیەی شەنگال كردەوە و ئەوەی خستەڕوو، حكومەتەكەی سوورە لەسەر دەركردنی هێزە چەكدارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان لە خاكی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارە شەنگالییەكان بۆ ناوچەكانیان.