ویلایەتی خۆراسانی داعش، دوژمنەكەی تاڵیبان كە ڕەحم بە منداڵی شیرەخۆرەش ناكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێكی دیكە گروپی تیرۆرستی داعش گەڕانەوە سەر شانۆی ڕووداوەكانی ئەفغانستان، بەڵام گەڕانەوەكەیان كارەساتبار بوو، چونكە هەردوو تەقینەوە خوێناوییەكەی فڕۆكەخانەی كابووڵ لەلایەن ئەو گروپەوە ئەنجامدرا.

داعش لە ئەفغانستان كە خۆیان وەك “ویلایەتی خۆراسان” دەناسێنن بەرپرسیارێتی دوو تەقینەوەكەیان لە ئەستۆ گرت كە بووە هۆی كوژرانی 72 كەس و لەنێویدا 13 سەربازی ئەمریكی هەبوون.

دوو ڕۆژ بەر لەو هێرشەی داعش، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا هۆشداریدابوو لەوەی “هەر ڕۆژێك مانەوەی زیاتری ئەمریكا لە ئەفغانستان، مەترسی هێرشی تیرۆرستی بۆسەر هێزەكانمان زیاتر دەبێت” دواتریش ئەوە ڕوویدا كە ئەمریكا و جیهانی هەژاند.

ویلایەتی خۆراسانی داعش بە دووژمنی سەرسەختی تاڵیبان ناسراوە، لەماوەكانی ڕابردووشدا پێكدادانی چەكداریی توند لە نێوانیاندا ڕوویداوە.

سەرەتای دروستبوونی ویلایەتی خۆراسانی داعش

ساڵی 2015 لە ئەفغانستان دروستبوو، هەر لە سەرەتاوە بە شێوەیەكی دڵڕەقانە دەركەوتن، ساڵی 2020یش هێرشیانكردە سەر نەخۆشخانەیەك كە پزیشكانی بێسنوور سەرپەرشتییان دەكرد و 16 كەسی نێو نەخۆشخانەكەیان سەربڕی، كە لەنێویدا منداڵی تازە لەدایكبوو هەبوو.

هەر لە ساڵی 2020دا هێرشیانكردە سەر زانكۆی كابووڵ و 22 خوێندكاری ئەو زانكۆیەیان كوشت.

لە درێژەی كارە دڕندانەكانی ویلایەتی خۆراسانی داعش، هێرشكردنە سەر قوتابخانەیەكی كچان بوو لە ئەفغانستان كە بەهۆیەوە 40 كەس كوژران.

سەركردەكانی ویلایەتی خۆراسان كێن؟

كردنەوەی لقی داعش لە ئەفغانستان بە چاودێریی شەخسیی ئەبوبەكر بەغدادی، سەركردەی پێشووی داعش بوو، هەر ناوبراویش حافز سەعید خان، كە پێشتر لە ڕیزەكانی بزوتنەوەی تاڵیبان بوو، كردە ئەمیری داعش لە خۆراسان.

حافز سەعید خان لە ساڵی 2014 بەیعەتی بە ئەبوبكر بەغدادی دا و لەگەڵ ژمارەیەك سەركردەی تاڵیبانی ئەفغانستان چووە ڕیزی داعشەوە، دواتریش عەبدولڕەئوف كازم بووە جێگری حافز خان.

ویلایەتی خۆراسان كۆكراوەی ژمارەیەك گروپی تیرۆرستی دیكەیە لەوانە، تاڵیبانی پاكستان، گروپی عەسكەر سەلام، تۆڕی حەقانی و گروپی دەعوە، ساڵی 2016ش ژمارەی چەكدارەكی ویلایەتەكە گەیشتبووە سێ بۆ چوار هەزار چەكداری تێپەڕاند.

بەڵام ساڵی 2018 ژمارەی چەكدارەكانی ئەو گروپە بۆ 1500 تا دوو هەزار سەرباز كەمبووەوە.

ساڵی 2015 خافز خان سەركردەی گروپەكە لەگەڵ 30 چەكداری دیكەدا لە بۆردوومانێكی فڕۆكەكانی ئەمریكا كوژران.

ئێستا ویلایەتی خۆراسانی داعش بەشێوەی لامەركەزی و گروپی بچوك بچوك كاردەكات و چەترێك نییە چەكدارەكانی ئەو گروپەی كۆكردبێتەوە.

چ پەیوەندییەك لەنێوان ویلایەتی خۆراسانی داعش و تاڵیبان هەیە؟

داعشی خۆراسان پێیوایە بزوتنەوەی تاڵیبان پابەندی فەرمایشتەكانی ئاینی ئیسلام نییە، هاوكات تاڵیبان بە هاوبەشی سوپای ئەمریكا دەزانێت و پێیوایە یارمەتی دەركردنی سیخوڕەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان دەدات.
لەماوەی ڕابردوودا هەردوولا ژمارەیەك هێرشی بكوژیان كردە سەر یەكتری، هەربۆیە ئێستا تاڵیبان پێیوایە ویلایەتی خۆراسانی داعش گەورەترین هەڕەشەیە بۆسەر ئەوان و ئەفغانستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا