بایدن چی لەبارەی ئەفغانستان وت؟

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە وتارێکدا بۆ ئەمریکییەکان، شەوی دووشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە بێدەنگیەکەی دەرچوو لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ئەفغانستان و رووخانە خێرا و لەناکاوەکەی حکومەتی ئەو وڵاتە لەسەر دەستی بزوتنەوەی تاڵیبان و وتی: ئەمریکا بۆ هەمیشە لە ئەفغانستاندا نەدەمایەوە و ئەو رێککەوتنە جێبەجێکراوە کە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ تاڵیبان واژۆکراوە.

جۆ بایدن بەرپرسیارێتی دوایین پێشهاتەکانی ئەفغانستان و رووخانی حکومەتی ئەفغانستانی خستەپاڵ حکومەت و سوپای ئەفغانییەکان و وتیشی: ئەو وڵاتە هەڕەشەی تیرۆرستیی لەسەرە.

ئەمریکا هەموو پێویستییەکی پێشکەش بە ئەفغانستان کرد

بەپێی قسەکانی بایدن، ئەمریکا هەموو پێویستییەکی پێشکەش بە ئەفغانستان کرد، وتیشی: سەرکردە سیاسییەکانی ئەفغانستان خۆیان رادەست کرد و لە وڵات هەڵهاتن و سوپای ئەفغانیش رەتیکردەوە بجەنگێت، ئەمریکا هەموو هەلێکی بۆ سوپای ئەفغان رەخساند تا بتوانێت بەرهەڵستی تاڵیبان بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی ئەمریکا نابێت لە جەنگێکدا بەشدار ببن و گیان لەدەستبدەن، کە سوپای ئەفغانی رەتیکردووەتەوە بەڕێوەیببات و ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستانیش رەتیکردەوە پەنابباتەبەر دیبلۆماسیەت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بایدن جەختی لەوەکردەوە، نابێت هەڵەی رابردوو دووبارە بکرێتەوە لە مانەوە و شەڕکردن لە ناکۆکییەکدا کە لە بەرژەوەندی ئەمریکا نییە و وتیشی: ئەرکی ئەمریکا لە ئەفغانستان هەرگیز بنیادنانی دەوڵەت نەبووە.

لەلایەکی دیکەوە بایدن هۆشداریدا لەبارەی ئەوەی ئەو هەڕەشە “تیرۆرستییە”ی هەیە ئەفغانستان لەم شێوەیەی کە هەیە بگۆڕێت بۆ وڵاتێکی جیاوازتر، دڵنیایشیدا لەبارەی ئەوەی ئەمریکا بەخێرایی دژی تیرۆر لە ئەفغانستان دەجوڵێت گەر پێویست بکات و بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی گەلی ئەفغان.

لەبارەی باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە باسی لەوەکرد، ئەمریکا لە کابوڵی پایتەخت باڵیۆزخانەکەی داخستووە و نێردە دیبلۆماسییەکانی بە پارێزراوی گواستووەتەوە و لەماوەی چەند رۆژی داهاتووشدا هەزاران ئەمریکی کە لە ئەفغانستاندان دەگوازرێنەوە.

نابێت هەڵەی رابردوو دووبارە بکرێتەوە لە مانەوە و شەڕکردن لە ناکۆکییەکدا کە لە بەرژەوەندی ئەمریکا نییە

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بایدن ئەوەی ئاشکراکرد، ئەوەی ئێستا لە ئەفغانستان روودەدات، دەکرا زۆر بە ئاسانی پێنج ساڵ پێش ئێستا یاخود 15 ساڵ دوای ئێستا رووبدات، چونکە زۆر هەڵەیان بەسەردا تێپەڕیوە لەو ئەرکەی کە لە ئەفغانستان هەیانبووە.

ئەوەشی خستەڕوو، گەر پێویست بکات ئەمریکا بەهێزەوە بەرگری لە گەلەکەی دەکات و داوا لە هێزەکانی وڵاتەکەی ناکات لە جەنگێکدا بەشداری بکەن کە کۆتایی نییە.

ئەم لێدوانەی بایدن لەکاتێکدایە، کە خۆی و حکومەتەکەی رووبەڕووی رەخنەی توند بوونەتەوە لەسەر ئەو رووداوانەی چەند رۆژی رابردووی ئەفغانستان، بەتایبەت کە ماوەی چەند رۆژێکە بێدەنگە، سەرباری ئەوەی تاڵیبان بەنزیکەیی تەواوی ئەفغانستانی داگیرکردووە.

رۆژی دووشەممە، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بەمەبەستی هەڵهاتن لە ئەفغانستان، چوونە فڕۆکەخانەی کابوڵی پایتەخت، بەهۆی ئەمەشەوە سوپای ئەمریکا ناچاربوو پڕۆسەی گواستنەوەی سەربازانی بۆ ماوەیەکی کاتی دوابخات.

لەلایەکی دیکەوە بایدن پەیمانیدا ئامانجی لەپێشینەی مامەڵەکردن بێت لەگەڵ ئەو ژن و کچە ئەفغانیانەی دەکەونە ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان و وتیشی: بەردەوام دەبین لە دەنگهەڵبڕین لەبارەی مافە سەرەکییەکانی گەل و ژن و کچانی ئەفغانستان.

بایدن بەوپەڕی بڕواوە بەرگری لە بڕیاری کشانەوەی ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان کرد

بایدن بەوپەڕی بڕواوە بەرگری لە بڕیاری کشانەوەی ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان کرد و هەڕەشەی وەڵامی وێرانکەری لە تاڵیبان کرد، لە حاڵەتێکدا ئەگەر هێرشبکەنە سەر بەرژەوەندی ئەمریکییەکان.

لەبارەی رووخانی حکومەتی ئەفغانستانەوە بایدن رایگەیاند، حکومەتی ئەفغان لەوە خێراتر رووخا کە پێشبینی دەکرا، سەرباری ئەوەی خۆی رازی بوو بە بڕیاری کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا، وتیشی: هەمیشە پەیمانم داوە بە گەلی ئەمریکا کە راشکاوبم لەگەڵی، لە راستیدا ئەم رووداوە زۆر خێراتر روویدا لەوەی پێشبینیمان دەکرد، “هەموو هەلێکمان بۆ رەخساندن تا داهاتووی خۆیان دابڕێژن، چیدی ناتوانین ئیرادەی جەنگین لەپێناو داهاتوویان پێبدەین”.

هەفتەی رابردوو لە لێدوانێکدا لەبارەی ئەفغانستان بایدن جەختی لەوەکردەوە، پەشیمان نییە لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و وتیشی: پێویستە لەسەر ئەفغانییەکان لەپێناو وڵاتەکەیان بجەنگن.

رووخانی حکومەتی ئەفغانستان بەو خێراییە، مایەی سەرسوڕمان بوو لەلای ئەمریکییەکان، بەقسەی چاودێرانی دۆخەکەش، ناو و ناوبانگی ئەمریکا بەوپێیەی یەکێکە لە زلهێزەکانی جیهان، بەهۆی دۆخی ئەفغانستانەوە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا