سەركردەیەكی ئیسلامی هۆشداری توند دەداتە دەسەڵاتدارانی هەرێم

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە  https://t.me/Politicpress

سەركردەیەكی بزوتنەوەی ئیسلامی هۆشداری دەداتە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و دەڵێت، ئەگەر بەزوویی فریای دۆخەكە نەكەون و باشی نەكەن، دۆخەكە دەتەقێتەوە، باس لەوەش دەكات، هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لەرێی عێراق و هەرێمی كوردستاندایە.

ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز، سەركردەی بزوتنەوەی ئیسلامی لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی راڤەی پۆڵەتیك لە رادیۆی پۆڵەتیك وتی: تالیبان لە بنەما شەرعییەكان لاینەداوە بەڵام وەختی خۆی رەنگە كۆمەڵێكی تێدابووبێت زۆر توندڕەو بووبن، شەریعەتیان وەكو خۆی پیادە نەكردبێت، بەڵام ئێستا زۆر باشترن و دەستە شەرعییەكانیان زۆر چاكترن، ئەزمونی سیاسی و دیبلۆماسی زیاتریان بینیوە، ئێستا هەڵسوكەوتێكی عاقڵانە و ئیسلامیانەی جوانتر دەكەن.

ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز وتیشی: ئەگەر وڵاتان بهێڵن تالیبان سەركەوتوودەبن لە حوكمڕانی ئەفغانستان لەبەرئەوەی ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا ناویانە هەنگاوێكی جوانە، هەموو ئەو پێكهاتانەی لە ئەفغانستاندا هەیە، وەكو تاجیك و هەزارەو ئۆزبەك پشتیوانی لێدەكەن، ئەوەش بووبەهۆكاری ئەوەی كە هەموو ئەو ناوچانە بە زووترین كات ئازاد بكرێن.

باسی لەوەشكرد، وڵاتانی زلهێز دەیانەوێت هەنگاو بەهەنگاو دان بەشكستی خۆیاندا بهێنن لە ئەفغانستان، ئەو هێزەی پشتی بە خوا و خۆی بەست توانی سەركەوێت بە سەریاندا.

ئاماژەی بەوەشكرد، زۆر نزیكە هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراقیش دووبارە ببێتەوە، چونكە هەمان ئەو خاڵانەی لە ئەفغانستان هەبوون وەكو گەندەڵی و بوونی زوڵم و دروست بوونی بۆشایی لە نێوان دەسەڵاتداران و هاووڵاتیاندا، لە ئەفغنستان لە عێراقیش هەیە، بۆیە خەڵك زۆر لە دەسەڵاتداران لە بەغدا و كوردستانیش توڕەن و خوا خوایانە فریاد رەسێك بێت بە دەنگیانەوە.

ئەو سەركردەیەی بزوتنەوەی ئیسلامی باسی لەوەكرد، كاتێك هێزی ئیسلامی لە كوردستان یەك سەركردەی هەبوو موسڵمان خاوەنی عیزەت و رێزبوو، بەڵام دوایی كەهاتە سەر ئەوەی حزبی دیكەی ئیسلامی دروست بوو ، وە لێكترازان روویدا، ئەویش بە دەستی حزبی بەعس و هێزی بێگانە، وای لێهات موسڵمان هیچ عیزەتێكی نەما لە كوردستاندا، تەنها بە یەك شێواز موسڵمانان دەتوانن كاریگەریان هەبێت ئەویش ئەوەیە لە ژێر یەك بەیداخدا كۆببنەوە.

ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز هۆشداری دایە بەرپرسانی هەرێم و روونیكردەوە، پارتی بە شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ حزب و لایەنەكانی دیكە دەكات وەكو ئەو خاوەن ماڵ بێت و ئەوانی دیكە كرێچی، ئەبێت ئەم عەقڵیەتە نەمێنێت و هەمووی خۆی بە خاوەنی ئەزمونی هەرێمی كوردستان بزانێت، ئەبێت بەزوویی گۆڕانكاری لە حوكمڕانی هەرێمدا بكرێت، وە هەموو ئەو پارانەی براونەتە دەرەوە پێش ئەوەی بلۆك بكرێن و بارودۆخەكە بتەقێتەوە بیهێننەوە بیدەنەوە بە خەڵكی هەژاری هەرێمی كوردستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا