پۆلەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
حاكم قاسم عوسمان، دادوەر و كەسایەتی ئێزدی لەم چاوپێكەوتنەی پۆڵەتیك پرێس تیشكدەخاتە سەر هۆكارەكانی رێگریكردن لە هەوڵی بە جینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان و پێی وایە توركیا و قەتەر و هێزێكی ناوخۆیی لە هەرێم رێگرن لەو هەوڵانە، پرسی بە جینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان لەلایەن هەردوو پەرلەمانی هۆڵەندا و بەلجیكاوە بە گرنگ وەسف دەكات.
_ پۆڵەتیك پرێس: لە چەند رۆژی رابردوو هەریەكە لە پەرلەمانی هۆڵەندا و پەرلەمانی بەلجیكا دۆسیەی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكانیان بەجینۆساید ناساند، ئەمە تا چەندە گرنگە دوو وڵاتی ئەوروپی ئەنجامیانداوە؟
+ حاكم قاسم عوسمان: ئەو دۆسییەیانەی تایبەتن بە جینۆسایدی گەلی كورد، وەكو كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال ئەگەر بە زیندوویی بهێڵدرێنەوە و لەسەر ئاستی جیهان بە جینۆساید بناسێنرێن زۆر گرنگە، دیارە كۆمەڵێك لایەن هەن كە زیانمەنددەبن لە بە جینۆسایدناساندنی دۆسیەی شەنگال بۆیە هەوڵدەدەن پەردەپۆشی بكەن و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش بەجینۆساید نەناسێنرێت، ئەم دانپێدانانەی ئەم دوو وڵاتە زۆرگرنگە، بەڵام پێویستە ئێمە وەكو كورد و هەروەها وەكو ئێزدی هەوڵبدەین ئەم تاوانە بە زیندوویی بمێنێتەوە، دەبێت هەوڵبدەین وڵاتانی دیكەی جیهانیش دان بە جینۆسایدناساندنی دۆسیەی شەنگالدا بنێن.
_ پۆڵەتیك پرێس: زۆرجار داوادەكرێت فشار بخرێتە سەر حكومەتی عێراق بۆئەوەی پەیماننامەی رۆما واژوو بكات، تا چەندە گرنگە عێراق بەشداری لەو پەیماننامەیەدابكات و واژووی بكات؟
+ حاكم قاسم عوسمان: ئەگەر عێراق پەیماننامەی رۆما واژووبكات، ئەو كاتە هەر تاوانێك ئیتر ئایا كۆمەڵكوژی بێت یان تاوانی جەنگ بێت یان تاوانی دژی مرۆڤایەتی بێت، دادگا راستەوخۆ دەتوانێت لێكۆڵینەوەی لەسەربكات، كۆمەڵێك دەوڵەت هەن خۆیان بە خاوەنی دیموكراسی و مافی مرۆڤ دەزانن، كەچی ئەندام نین لە پەیماننامەی رۆما، بۆ نمونە ئەمریكا ئەندام نییە، لە كاتێكدا یەكێكە لە وڵاتە باڵادەستەكانی ئەنجومەنی ئاسایش، لەبەرئەوەی ئەو وڵاتانە خاوەنی كاری تاوانكاریین، بۆ عێراقیش لەوبڕوایەدانیم واژووی پەیماننامەی رۆما بكات.
_ پۆڵەتیك پرێس: دەوترێت واژووكردنی پەیماننامەی رۆما لەلایەن عێراقەوە گرەنتی ئەوەدەدات كە جارێكی دیكە تاوانی وەكو كیمیابارانی هەڵەبجە یان ئەنفال یان شەنگال دووبارە نەبێتەوە رای ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟
+ حاكم قاسم عوسمان: ئەگەر عێراق پەیماننامەی رۆما واژووبكات، لە كاتی ئەندامدانی هەر تاوانێكدا، ئەو كاتە دادگای دادی نێودەوڵەتی بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆی هەیە لێكۆڵینەوە لەو دۆسییەدابكات، بۆ نمونە ئێستا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تیمێكی لێكۆڵینەوەی بۆ كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان بە سەرۆكایەتی كەریم خان پێكهێناوە، هەر بۆ زانیاری كەریم خان كەسێكی پاكستانی سەر بە مەزهەبی ئەحمەدییە كە هێندە توندڕەوە تەنانەت موسڵمانیشی پێقبوڵ نیە، بۆیە ئەگەر سەرۆكی لیژنەكە كەسێكی دیكەبووایەت پێدەچێت دووساڵ بەرلە ئێستا تیمەكە لێكۆڵینەوەكانی خۆی تەواوبكردایەت و ئەنجومەنی ئاسایش دەستی بە لێكۆڵینەوە بكردایەت، ئەگەر عێراق پەیماننامەی رۆما واژووبكات پرسی كۆمەڵكوژی و ئەو تاوانانەی دیكە بە ئاسانی دەچنە پێشەوە، بۆیە زۆر قورسە ئەندام نەبێت لە دادگای دادی نێودەوڵەتی، مەگەر خۆی داوا بكات لە دەوڵەتێكی ئەندام بۆئەوەی لێكۆڵینەوە ئەنجام بدرێت، یان ئەوەتا بڕیارێك لە ئەنجومەنی ئاسایش دەربچێت، بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشیش زۆر قورسە.
_ پۆڵەتیك پرێس: لە ماوەی رابردوو پەرلەمانی كوردستان كاریكرد بۆ ئامادەكردنی رەشنووسی پرۆژە یاسایەك بۆ پێكهێنانی دادگایەكی تایبەتمەند بە تاوانەكانی داعش بەڵام دەسەڵاتی دادوەری عێراق رەتیكردەوە هەرێم بتوانێت دادگاكە پێكبهێنت رای تۆ لەمبارەیەوە چییە؟
+ حاكم قاسم عوسمان: بەدوومانگ پێش ئەو هەوڵەی پەرلەمانی كوردستان لە عێراق هەوڵێكدرا بۆ پێكهێنانی دادگایەكی تایبەت هاوشێوەی دادگای باڵای تاوانەكان لە دوای رووخانی رژێمی سەددام حسێن، بەڵام دەستێك لەپشت ئەو كارەوەیە و رێگری لە دروستكردنی ئەو دادگایە دەكات، باشترین كار ئەوە لە ناوخۆی عێراق دادگایەك بە ستانداردی نێودەوڵەتی پێكبهێنرێت هاوشێوەی دادگای باڵای تاوانەكان، بەڵام تا ئێستا پەرلەمانی عێراق كاری بۆ نەكردووە، ئەوەی هەرێمی كوردستان سەرەتا دەبێت بزانین ئێمە هەرێمێكین لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدراڵ، ئەو پرسانەی نێودەوڵەتین وەكو دامەزراندنی دادوەرانی نێودەوڵەتی، لەسەر ئاستی دەرەوە لە دەسەڵاتی دەوڵەتی فیدراڵە نەك هەرێم، كاتی خۆشی ئەو تێبیینەم خستەڕوو كە پێم وابوو عێراق رازی نابێت بەم كارە و لە هەمان كاتیشدا بە هەرێم ناكرێت ئەم كارە، لە كاتێكدا پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیاسایەكی پەڕوت و بێسەرو بەرەیان هێناوە و لە سیستمی رۆما گواستوویانەتەوە بە دیاری كراوی ماددەكانی شەش و حەوت و هەشت، من ئەوەم دەزانی عێراق بەم بابەتە رازی نابێت تەنانەت خۆشیان دەزانن بەڵام رەنگە وروژاندنی ئەم بابەتە زیاتر بۆ موزایەدەبێت.
_ پۆڵەتیك پرێس: بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژی شەنگال بە رای ئێوە هەریەك لە حكومەتی هەرێم و عێراق هیچ هەوڵێكیانداوە؟
+ حاكم قاسم عوسمان: پێم وایە نابێت لەم بابەتەدا زۆر رەشبین بین، بەڵام ئەوەی كراوە لە ئاستی پێویست نییە.
_ پۆڵەتیك پرێس: بە بڕوای ئێوە هۆكار چییە تا ئێستا وەكو پێویست كار بۆ ئەم پرسە نەكراوە.
+ حاكم قاسم عوسمان: جگە لە بارودۆخی ناوخۆیی عێراق و هەرێم، كۆمەڵێك كەس و لایەنیش هەن لە پشتی پەردەوە هەوڵدەدەن ئەم بابەتە پێش نەكەوێت، یان ون ببێت و ئاراستەكەی بگۆڕدرێت، ئەگەر دۆسیەی شەنگال بە جینۆساید بناسێنرێت، لەوانەیە كۆمەڵێك خەڵك زیانی لێبكەن و تۆمەتباربن لەو دۆسیەیە، چ پارەی قەتەربێت یان هاوكاری توركیا بێت، چ دەستی ناوخۆیی لەگەڵ ئەوان بێت، ئەمانە دەتوانن رێڕەوی هەوڵەكان بگۆڕن، كەمتەرخەمی زۆر لەم بارەیەوە لە ناوخۆ هەیە، كاتێكیش پرسیار لە لایەنی بەرپرس دەكرێت دەڵێن ئێزدییەكان كوردی رەسەنن باشە رەسەنی چی لێبكەین نان و پیازی پێوە بخۆین، بڕیار بدەن، مووچە بۆ زیانلێكەوتووان دابین بكەن، ئاوارەكان بگەڕێننەوە شوێنی خۆیان، شەنگال ئاوەدان بكەنەوە، تایبەت بە عێراقیش بە ویژدانەوە قسەبكەین یەكەم كەس عەلی سستانی وتی زەوی شەنگال زەوی خۆمانە و شەرەفی شەنگال شەرەفی عێراقییەكانە، دەبوو ئەوانەی خۆمان زیاتریان بكردایەت، تا ئێستاش ناوێرن وشەی شەهید بەكاربهێنن.
_ پۆڵەتیك پرێس: باسی ئاوەدانكردنەوەی شەنگالت كرد، كێ بەرپرسە لەوەی تا ئێستا شەنگال ئاوەدان نەبووەتەوە؟
+ حاكم قاسم عوسمان: شەنگال ئێستا بووە بە چوار شەنگال، دیوێكی لەلایەن یەپەگەوە بەڕێوەدەبرێت، بەشێكی دیكەی لە دەستی قاسم شەشۆ و حەیدەر شەشۆیە، بەشێكی لە دەستی حەشدی شەعبییەو بەشێكیشی لە دەستی سوپای عێراقییە، ئیرادەیەكی جدی نیە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شەنگال، كوردستان خۆی كردووە بە خاوەنی شەنگال بەبێ ئەوەی لە رووی یاساییەوە دەسەڵاتی بەسەر شەنگالدا هەبێت چونكە شەنگال قەزایەكی سەر بە پارێزگای موسڵە، دەوڵەتی عێراقیش خۆی وێرانەیە، هاتوون رێككەوتننامەی شەنگالیان واژووكردووە لە كاتێكدا رێككەوتننامە لە نێوان دوو دەوڵەت دەكرێت نەك لەسەر قەزایەك لە یەك وڵات و هەرێمێكی سەر بەو وڵاتە، فەرمانگەكانی شەنگال لە دەوروبەری موسڵ و دهۆكن، بۆنمونە خوێندكارانی پۆلی 12 لە دهۆك تاقیكردنەوە دەكەن، بانك لە بەعشیقایە، لیژنەی قەرەبووكردنەوە لە دەوروبەری موسڵە، ئەو بارودۆخەی لە شەنگال هەیە لە هیچ كوێیەكی دنیا نەبووە.