فەرەنسا لە هەولێرەوە دەگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
گرنگیدانی فەڕەنسا بە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت هەولێر، لەماوەی ئەم چەند مانگەی رابردوودا پرسیاری لەبارەی ئامانج‌و بەرژەوەندییەكانی پاریسەوە دروست كردووە.

پەیوەندییەكانی نێوان فەڕەنساو هەرێمی كوردستان، لەكۆتایی ماوەی سەرۆكایەتی فرانسوا میتران سەرۆكی پیشووتری فەڕەنساوە تا كاتی هاتنی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئێستای فەڕەنسا بۆ عێراق، ئەم ئاستەی لەگرنگیپێدان بەخۆیەوە نەبینوە، كە پێشتریش پاریس رۆڵێكی گرنگی هەبوو لەپاڵپشتیكردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تا رێگری بكات لەفڕینی فڕۆكەو جەنگ لەئاسمانی شارەكانی هەولێرو سلێمانی‌و دهۆك لەساڵی ١٩٩١و دروستكردنی ناوچەی دژەفڕین.

لەدوای ئەوەشەوە، فرانسوا میتران هاندەری پرۆژەی ئاشتبوونەوەی نێوان حیزبە كوردییەكان لە هەولێر و سلێمانی بوو بەمەبەستی كۆتایی هێنان بەو كوشتارەی ساڵانێك لەنێوانیان بەهۆی شەڕی ناوخۆوە بەردەوامبوو.

فرانسوا میتران هاندەری پرۆژەی ئاشتبوونەوەی نێوان حیزبە كوردییەكان لە هەولێر و سلێمانی بوو

هاوكات بڕیاری لەسەر بەرنامەی بەرفراوانی یارمەتییە دارایی و خۆراكی و تەندروستییەكاندا، سەرباری ئەوانەش، رێگای ئەوروپای بۆ سیاسەتمەدارە كوردەكان كردەوەو ئەو كارانەی هەتا كۆتایی سەرۆكایەتییەكەی بەردەوام بوو.

ئەم بایەخدانەی ئێستای ئیدارەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنساش بەهەرێمی كوردستان، ترسی لەلای لایەنە سیاسییەكانی بەغدا دروستكردووە، بەتایبەت كاتێك لەدەرگاكانی كوردستانەوە ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئەنقەرە هێناوەتە بەغدا.

لەماوەی رابردوو سەرباری بەشداربوونی پاریس لەناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی واشنتۆن بۆ شەڕی داعش، هاوكات فەرەنسا چەندین سەربازو راوێژكاری بۆ راهێنانكردن بە هێزەكانی پێشمەرگە ناردووەتە هەرێم‌و لەڕێی فڕۆكەی رافال لەكۆتایی ساڵی ٢٠١٤ و سەرەتای ساڵی ٢٠١٥، پاڵپشتی ئەمنی ناوچەكەی كردووە، لەگەڵ ئەوانەشدا چەكی مامناوەند و سوكی بۆ هەولێر ناردووە.

لە مانگی تەمموزی رابردووەشەوە، چەند بەرپرسێكی باڵای فەڕەنسا سەردانی هەولێریان كرد لەنێویشیاندا جان ئێڤ لیدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنساو دواتریش فلۆرانس بارلی وەزیری سوپای فەرەنسا، كە لە كۆتایی ئابی رابردوو سەردانی هەرێمی كرد.

چەند بەرپرسێكی باڵای فەڕەنسا سەردانی هەولێریان كرد

دوابەدوای ئەوانیش، لەسەردانەكەی مانگی رابردوویدا بۆ بەغدا، ئیمانوێل ماكرۆن، بەگرنگییەوە چاوی بەسەركردایەتی كورد كەوت بەجۆرێك لەیەك كاتدا لەگەڵ سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقدا كۆبووەوە، بەڵام ماوەی ٤٠ خولەكی بۆ كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تەرخانكرد، كە لەهەرێمەوە بەتایبەت بۆ ئەو چاوپێكەوتنە چووبووە بەغدا، ئەوەش تاكە كۆبوونەوە بوو لەسەردانەدا، كە بەجیا ئەنجامیدا.

لەدوای ئەو چاوپێكەوتنەش ماكرۆن رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان پاڵپشتی سەروەری خاكی عێراق دەكەین، ئەوەش لەدوای هێرشەكانی توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دەسپێشخەرییەی ماكرۆن لەكۆشكی سەلام لەبەغدا رایگەیاند، وەك راگەیاندنە هاوشێوەكانی سیاسەتمەدارانی عێراق هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ئەرزی واقع نەبوو.

ماكرۆن زیاتر لە بەغدا بایەخی بەپاڵپشتی هەرێمی كوردستان دا، چونكە پاریس رووبەری سیاسی خۆی لە هەولێر زیاتر لەعێراق دەبینێتەوە و ئەو هاوبەشی و پەیوەندییە مێژووییەی لەنێوان سەركردایەتی كوردو بازنە كاریگەرەكانی پاریسدا هەبووە ئەو هەماهەنگییە پشتڕاست دەكەنەوە.

ماكرۆن زیاتر لە بەغدا بایەخی بەپاڵپشتی هەرێمی كوردستان دا

بۆیە فەرنسا بۆ گەڕانەوەی ئەم دواییەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرێمی كوردستانی كردووە ناوەندی جموجوڵەكانی، كە لایەنێكی گەورەی چالاكییەكانی فەڕەنسا لەهەولێر بەئامانجی بێزاركردنی توركیایە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەش سەركردایەتی كورد نایانەوێت توركیا توڕەبكەن، بۆیە هەوڵەكانی فەرەنسا بە سنورداری دەمێننەوەو دەبێت پاریسیش پابەندی ویستی هەولێر بێت‌و بەپێی ویستی ئەو مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسییەدا بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا