خەڵکی عێراق باوەڕ بە موقتەدا سەدر دەکەن؟

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەهەنگاوێکی لەناکاودا ئەمڕۆ پێنجشەممە موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر کشانەوەی خۆی لەحکومەتی ئێستا و داهاتووی عێراق راگەیاند و بایکۆی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیشی کرد کە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.

موقتەدا سەدر وتی: ئەوەی لەعێراق روودەدات، پیلانگێڕییەکە بۆ سوکایەتیکردن بە گەلی عێراق و دەکشێمەوە لەبەشداریکردن لەحکومەتی ئێستا و داهاتووی عێراق و پێویستە هەمووان لێپێچینەوەیان لێبکرێت.

بەبڕوای چاودێران، ئەم بڕیارە لەناکاوەی سەدر نمایشێکە بۆ هێورکردنەوەی توڕەیی گەلی عێراق دژی هێز و حزبە سیاسیە ئاینییە باڵادەستەکانی عێراق و لەنێویشیاندا رەوتی سەدر، بەتایبەتی لەدوای رووداوی سوتانی نەخۆشخانەی ئیمام و حسێن لەشاری ناسڕیەی سەربە پارێزگای زیقار، کە بەهۆیەوە دەیان هاوڵاتی بێتاوان بوونە قوربانی و گیانیان لەدەستدا.

جارێ زووە بۆ ئەوەی قسە لەسەر راستی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن موقتەدا سەدرەوە بکەین

بەپێی سەرچاوەیەکی رۆژنامەوانی نزیک لەڕەوتی سەدر، “جارێ زووە بۆ ئەوەی قسە لەسەر راستی کشانەوەی رەوتی سەدر لەهەڵبژاردنەکان و بایکۆتکردنی لەلایەن موقتەدا سەدرەوە بکەین”.

لەوبارەیەوە عەلی بەیدەر، نوسەر و شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت: “ئەمە یەکەمجار نییە کە تیایدا سەدر رایدەگەیەنێت کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکات، ساڵی 2013 بەهەمان شێوە ئەم بابەتی بایکۆتکردنەی راگەیاند، کەچی دواتر لەبڕیارەکەی پاشگەزبووەوە، بۆیە بەبڕوای من ئەمجارەش هاوشێوەیە و ئەم راگەیەندراوە لەتاقیکردنەوەیەکی سیاسی و تاکتیکێک زیاتر هیچیتر نییە”.

وتیشی: چەند هۆکارێک لەپشت ئەم راگەیەندراوەی سەدرەوە هەیە، لەنێویاندا هەوڵی کۆکردنەوەی جەماوەری ناوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتی، بەومەبەستەی سەرنجی زیاتر بخرێتەسەر دۆسیەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەمساڵ و دابینکردنی ژینگەی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی، بەتایبەتی کە مەترسی هەیە چەکی نایاسایی ببێتەهۆی لەناوبردنی پاکێتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە.

هەفتەی رابردووش موقتەدا سەدر پەیامێکی بڵاوکردەوە تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، بەمزووانە یان “شەهید” دەکرێت یان دەکوژرێت، ئەمەش ژمارەیەکی بەرچاو لەشوێنکەوتووانی هاندا بچنە بەردەم بارەگای نیشتەجێبوونی لەنەجەف بەمەبەستی بەرگریکردن لێی و پاراستنی.

ئەم مامەڵانەی سەدر کاردانەوەی چاودێرانی سیاسی ناوچەکەی بەدوای خۆیدا هێناوە و بەبڕوای بەشێکیان جۆرێکە لەنواندن و ئامادەکاری پێشوەختەی هەڵبژاردنەکان.

هەر ئەمڕۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، داواکارییەکەی موقتەدا سەدر وەرناگیرێت و لەئێستادا هیچ داواکارییەک بۆ کشانەوە لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق پەسەندناکرێت، مەگەر ئەنجومەنی کۆمسیاران بڕیاری لەسەر بدات.

دوابەدوای راگەیەندراوەکەی موقتەدا سەدر، حەسەن کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە کاندیدی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقیش بوو، کشانەوەی خۆی لەپێشبڕکێی هەڵبژاردنەکان راگەیاند.

بەشێک لەچاودێران پێیانوایە، ئەم هەنگاوەی موقتەدا سەدر، سیناریۆیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دوابخرێت

ئەوەش لەکاتێکدایە سەرەتای ئەمساڵ موقتەدا سەدر لەبارەی دواخستنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ وتی: رێگە نادەم بەوەی جارێکی دیکە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دوابخرێت و پێویستە هەمووان بەگیانێکی نیشتیمانییەوە کار بۆ بەدیهاتنی ئەم هەڵبژاردنە بکەن.

وتیشی: دەبێت زۆر ئاگاداری ئەوەبین گەندەڵکاران یاری بە ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنەوە نەکەن و دەستوەرنەدەنە کاروباری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان.

بەشێک لەچاودێران پێیانوایە، ئەم هەنگاوەی موقتەدا سەدر، سیناریۆیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دوابخرێت، بەڵام لایخۆیەوە حسێن هنداوی، راوێژکاری مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، بایکۆتکردنی هەڵبژاردن و کشانەوەی کاندیدەکان، نابێتەهۆی گۆڕینی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق

وتیشی: کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان جەختی لەوەکردووەتەوە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەکاتی خۆیدا و لەمانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیاربوو مانگی حوزەیرانی رابردوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام دواتر ئەم بڕیارە گۆڕانکاری بەسەرداهات و بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دواخرا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا