پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دادگای عێراق لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە روداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی حسێن لە پارێزگای زیقار فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگاکە و 11 کەسی دیکە دەرکرد.
بەگوێرەی بڕیارێكی بەشی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی عێراق، بەهۆی روداوی ئاگرکەوتنەوە لەنەخۆشخانەی حسێن لە پارێزگای زیقار فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەدام تەویل بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگاکە و 11 کەسی دیکە دەرکراوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، فەرمانی دەستگیرکردنەکە بەگوێرەی مادەی 340 لەیاسای سزادانی عێراقی دەرچووە بۆ ئەوانەی تۆمەتبارن بە کەمتەرخەمی کەبوەتەهۆی کەوتنەوەی روداوەکە و لەلایەن دادگاوە داواکراون.
پێشتریش مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، دوای روداوی ئاگرکەوتنەوەكەی پارێزگای زیقار کەبەهۆیەوە 64 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش برینداربون، حکومەت لیژنەیەکی باڵای پێکهێناوە و لەماوەی هەفتەیەکدا ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەهۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە رادەگەیەنن، ئەوانەی کەمتەخەمیش بون روبەڕوی رێکاری توند دەکرێنەوە.
بەپێی زانیاری هەواڵی میدیاكانی عێراق هۆکاری ئاگرکەوتنەوەكەی نەخۆشخانەی حسێن لەپارێزگای زیقار بەهۆی تەقینی بوتڵی ئۆکسجینەوە بووە.