پۆڵەتیك پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت، بۆیەكلایی كردنەوەی پۆستی سەرۆككۆمار بۆ یەكێتی، پێمان باشە بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی بێت و نامانەوێت ئەزمونی 2018 دووبارە ببێتەوە، كاندیدمان بۆ ئەو پۆستە ئامادەیە و زۆر كەسایەتیشمان هەن شایستەن ئەو پۆستە وەربگرن.
ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئێمە داوامانكردووە پۆستی سەرۆككۆمار ئەم خولەش هەر بۆ یەكێتی بێت، لە هەرێمی كوردستان سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت لە دەستی پارتییە، بۆ عێراق پێمان باشە پۆستی سەرۆككۆمار لە دەستی یەكێتی بێت بۆئەوەی هەردوو هێزە سەرەكییەكە بتوانین لە بەغدا كاربكەین.
ئارێز عەبدوڵا وتی: ئەو بابەتە نەبڕاوەتەوە ئێمە پێمان باشە یەكەمجار بیبڕێنینەوە، ئێمە دەمانەوێت لایەنە كوردستانییەكان بە یەك تیم بچینە بەغدا، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق بكەین، چونكە بەو جۆرە پێگەی هەرێم خەڵكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكانیش لە گفتوگۆكان بەهێزتردەبێت، ئەگەر توانیمان ئەوەبكەین دواتر بەرنامەیەكی هاوبەشمان دەبێت، ئەو بەرنامەیەش بەرنامەیەكی دەستووری رەوا دەبێت، دواتر دەتوانین بێینە سەر پۆستەكان.
وتیشی: ئێمە داوامانكردووە و پێداگریشین لەسەرئەوەی پۆستی سەرۆككۆمار لەدەستی یەكێتی بمێنێتەوە، راستە ژمارەی كورسییەكانی پارتی لە هی یەكێتی زۆرترە بەڵام نابێت بیرمان بچێت هەژموونی یەكێتی لەسەر نیوەی كوردستان وەكو پارتییە، لایەنە سیاسییەكانی عێراقیش هەژموونی یەكێتی دەبینن، وە لەپەیوەندییەكانمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و لەپەیەوەندییەكان لەسەر ئاستی دەرەوە دەبینرێت یەكێتی چەند كاریگەرە.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بێ ئەوەی ناوی كەسێك ئاشكرابكات وتی: كاندیدمان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار ئامادەیە و زۆر كەسایەتیشمان هەن شایستەی ئەوەن ئەو پۆستە وەربگرن، بەڵام ئەگەر رێكبكەوین لەگەڵ پارتی ئەو كاتە كاندیدەكەی خۆمان رادەگەیەنین.