لەپشت پەردەوە مالكی كار بۆ لابردنی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق دەكات

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
تۆمارە دەنگییەكانی گفتوگۆی پەرلەمانتارێكی سوننی قەبارەی ئەو كاریگەرییە دەردەخات، كە نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەسەر دیمەنی سیاسی عێراق هەیەتی سەرباری دووركەوتنەوەشی لەرووبەڕووبوونەوەكان و لەدەستدانی سەرجەم پۆستە جێبەجێكارییەكانی.

لەو تۆمارە دەنگییانەدا هاتووە، عەلی سەجەری پەرلەمانتاری عێراق گفتوگۆ لەگەڵ كەسێك دەكات لەبارەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ مالیكی بۆ دیاریكردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان لەحاڵەتی دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئێستای پەرلەمان.

بەپێی رێككەوتنی سیاسی عێراق كە نوێنەرانی پێكهاتە جیاجیاكان لەدابەشكردنی دەسەڵاتدا پشتی پێدەبەستن، پۆستی سەرۆك وەزیران دەدرێتە شیعەكان، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەدرێتە سوننەكان و پۆستی سەرۆك كۆماریش دەدرێتە كوردەكان.

بەڵام گفتوگۆكەی سەجەری دەریدەخات كەسایەتییەكی دیاری شیعە دەست بەسەر بڕیاری دیاریكردنی سەرۆكی پەرلەماندا دەگرێت، ئەمەش بەجۆرێك لە پێشێلكاری هەژمار دەكرێت، كە رەنگە رووبەڕووبوونەوەی خێڵەكی و نەتەوەیی عێراقییەكانی لێبكەوێتەوە.

گفتوگۆكەی سەجەری دەریدەخات كەسایەتییەكی دیاری شیعە دەست بەسەر بڕیاری دیاریكردنی سەرۆكی پەرلەماندا دەگرێت

لەتۆمارەكاندا سەجەری باس لەوەش دەكات، لەگەڵ مالیكی رێككەوتووەو مافی ئەوەی پێداوە لەدوای دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان دیاریبكات، دواتریش ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەی بۆ بەرەی عێراقی گواستووەتەوە، كە لە ماوەی رابردوودا لەپێناو دوورخستنەوەی سەرۆكی ئێستای پەرلەمان پێكهێنرا، كە ئوسامە نوجێفی سەرۆكی بەرەی رزگاری و خەمیس خەنجەر سەرۆكی پڕۆژەی عەرەبی و حیزبی ئیسلامی‌و باڵەكانی ئیخوان موسلیمین لە عێراق بە سەركردایەتی رەشید عەزاوی‌و حیزبی جەماوەر بە سەركردایەتی ئەحمەد ئەبومازن جەبوری لەخۆدەگرێت.

سەجەری لە تۆمارەكاندا دەشڵێت: بە روونی بە مالیكیم وت، سەرۆكی نوێی پەرلەمان بەبێ پرس و رای تۆ دانانرێت دواتریش ئێمە رێكدەكەوین لەسەر ئەو كەسەی هەڵیدەبژێریت، جەختی لەوەش كردەوە، بێ رەزامەندی مالیكی پێشنیاری هیچ كاندیدێك ناكەین بۆ پەرلەمانی عێراق و ناوی كاندیدەكان لەلای خۆیەتی هەتا یەكێكیان لێهەڵبژێرێت و ئێمەش بە بێ مەرج لەسەری رێكدەكەوین.

بە روونی بە مالیكیم وت، سەرۆكی نوێی پەرلەمان بەبێ پرس و رای تۆ دانانرێت

سەجەری هەروەها دەڵێت: لابردنی حەلبوسی و دوورخستنەوەی لەپۆستەكەی پێشەكییە بۆ دوورخستنەوەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، باس لەوەش كراوە، بەرەی دوورخستنەوەی حەلبوسی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان تاوتوێی دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵحیان كردووە.

لە درێژەدا سەجەری جەخت لەوە دەكاتەوە، لێكتێگەیشتنی نێوان بەرەی عێراقی و دەوڵەتی یاسا بەردەوامە لەپێناو دوورخستنەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە بە ئامانجی رزگاركردنی عێراق.

چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژە بەوە دەكەن، بزووتنەوەی لەكارلابردنی حەلبوسی و كازمی و بەرهەم ساڵح وەڵامە بۆ پلانەكەی ئێران، كە بە رەزامەندی توركیا و قەتەر دانراوە و ئامانجی گۆڕانكاری قووڵە لەسیاسەتی عێراق دژی نفوزی ئەمریكا و سعودییە لە وڵاتەكە.

بەپێی رۆژنامەی ئەلعەرەب، نوجێفی و خەنجەر، كە دوانن لە سەركردەكانی ناو بەرەی عێراقی، پەیوەندی متمانەپێكراو و بەهێزیان لەگەڵ توركیا و قەتەر هەیە، بەڵام حیزبی ئیسلامی و حیزبەكەی ئەبومازن لەچوارچێوەی رووبەری نفوزی ئێراندان، كە مالیكی سەرپەرشتی دەكات.

رەتكردنەوەی سەرجەم داواكارییەكانی دەوڵەتی یاسا لەمیانی دانوستانی پێكهێنانی حكومەت لەلایەن مستەفا كازمی بووە هۆی توڕەكردنی مالیكی‌و بەم دواییانەش كاتێك حەلبوسی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرت و بڕیاریدا لەسەر سیستمی فرەبازنەیی ناو یەك پارێزگا لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمان پەیوەندی نێوان مالیكی و حەلبوسی بەتەواوەتی تێكچوو.

رەتكردنەوەی سەرجەم داواكارییەكانی دەوڵەتی یاسا لەمیانی دانوستانی پێكهێنانی حكومەت لەلایەن مستەفا كازمی بووە هۆی توڕەكردنی مالیكی

لە راپۆرتەكەی ئەلعەرەبدا هاتووە، سیستمی فرەبازنەیی لەناو پارێزگاكاندا بووەتە خەوێكی ناخۆش و بكوژ بۆ مالیكی، لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی دابەشكردنی دەنگی لایەنگرانی، كە بە نەرێنی بەسەریدا دەشكێتەوە و كاریگەری نەرێنی لەسەر قەبارەی سیاسی دادەنێت.

سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، جوڵەی ئەم دواییەی سعودییە بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەی وەبەرهێنانی كشتوكاڵی لەعێراق نیگەرانی ئێران و توركیا و قەتەڕی لێكەوتووەتەوەو پێشبینی دەكرێت ئەم نیگەرانییە فشاری سیاسی بخاتەسەر حەلبوسی‌و كازمی و ساڵح، كە بەپەرۆشەوە وەڵامیان بۆ پلانەكەی ریاز هەبووە.

لەلایەكی دیكەوە، چاودێران پێشبینی ئەوە دەكەن، مشتومڕی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا و حاڵەتی متمانە نەبوون بە سیاسەتی دەرەوەی جۆ بایدنی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، عێراق لەگۆڕەپانی ناكۆكی هەرێمیدا بەجێبهێڵن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا